قه‌وڵ وایه سه‌رۆكێكی نوێ بۆ تیمی ئێمه دامه‌زرێنن, منیشیان هه‌ڵبژارد كه له‌گه‌ڵیان بریار بده‌م كام داخواز به ڕای من باشتره! كورتی كه‌مه‌وه كه ئه‌وه‌ی به دڵی من بوو به ڕای سه‌رۆكه گه‌وره‌كان نه‌بوو و ئاخری دوویان هه‌ڵبژاردران بۆچاوپێكه‌وتن( دیاره له ئه‌وانی كه من به دڵم نه‌بوون!). ریزێك پرسیار ئاماده كرابوو بۆ پرسین و له په‌نا هه‌ر پرسیاره‌ی ناوی یه‌كمان نووسرابوو... ئه‌وه‌ێ پرسیاری تێكنیكی بوو داندرابوو كه من بیپرسم و ئه‌وانیتریش بۆ خانم و خاتوونه‌كانی سه‌رۆك. هه‌رتكیان له باری تێكنیكییه‌وه ناشاره‌زا بوون و له باری زمانبازییه‌وه زۆر شاره‌زا. هه‌موو كێس سێناریویه‌كیان (پرسیار وه‌كو ئه‌گه‌ر فڵانه شت بقه‌ومێ, سه‌رۆك ده‌بێ چ بكات!) به باشی ده‌ور لێده‌داوه و بزه‌یان ده‌خسته سه‌ر لێوی خاتوونه‌كان تا كاتی ئه‌و پرسیاره هات كه " شوێنی كاری ئێمه زۆر تێكه‌ڵاوه و به بریاری ئێوه شوێنی كاری ئاوا چ باشه یان خراپه‌یه‌كی هه‌یه؟" ئه‌وه من نووسیومه تێكه‌ڵاو به‌ڵام ئه‌وان وشه‌ێ "دایوێرس" كه به مانای" تێكه‌ڵاوی فه‌رهه‌نگیه"یان به كار هێنا. مه‌به‌ست له شوێنێكه كه هه‌موو كه‌س له هه‌موو سووچی دونیایه‌ی تێدایه. یه‌كیان كه خۆی كۆچه‌ر بوو به ڕای وابوو تاقه گڕفتی شوێنی ئاوا گرفتی زمانه و ڵه یه‌ك حاڵی بوون, باقی گرفتێك نییه! ئه‌ویتر لام وا بێ گێره‌ی له هه‌وڵێر ده‌گه‌ڕا و ئاگای له مه‌حموودی بێ زه‌واد نه‌بوو و وڵامی داوه كه من بۆم گرفت نییه له‌گه‌ڵ فه‌قیر و ده‌وڵه‌مه‌ند وه‌كوو یه‌ك كار ده‌كه‌م. چاوی من كه‌مێك بز بوو به وڵامی ئه‌و ده‌تگووت ئه‌و كابرایه قه‌ت له كانادا نه‌ژیاوه و وشه‌ی دایوێرسیتی نه‌بیستووه! ئاخر بڵێ ماڵ خراپ هیج نه‌بێ ڕۆژ تا ئێواره زۆرتر له ده‌نگی ئه‌و بانگانه‌ی له مزگه‌وته‌كانی لای خۆمان ده‌ێبیستین مێدیای ئێره تڕ و پۆزی مۆڵتی‌كاڵچرالیسم و داێوێرسیتی له سه‌ر و سه‌كتی كۆچه‌ران ده‌كوتێ, یانی تۆ قه‌تت نه‌بیستووه! وه‌ڵا سه‌ێره!
::link::
How could the world go back to the way it was when so much bad had happened? But in the end, it's only a passing thing, this shadow. Even darkness must pass. A new day will come. And when the sun shines it will shine out the clearer. Those were the stories that stayed with you. That meant something, even if you were too small to understand why.
from "Lords of the rings"
::link::
Once upon a time...
::link::
ماوه‌یه‌ک پێش فیلمی "لێواری به‌هه‌شت" یان The Edge of Heaven (Auf der anderen Seite), فیلمی نوێ "فاتیح ئاکین"م له سینمایه بینی. کاتێک ده‌گه‌ڵ هاورێیه‌که‌م گه‌ێشتینه ژوری نه‌مایش، خه‌ریک بوو بگه‌رێنه‌وه و بلیته‌کانمان بگۆڕینه‌وه به فیلمێکیتر! له ژورێکی بچووک که به زه‌حمه‌ت جێێ 30 که‌س ده‌بوو 5-6 پیرێژن و پیره پیاو دانیشتبوون و سێنی نه‌مایش خه‌ریک بوو بێته ناو چاوی بینه‌ره‌کان. به‌ڵام له به‌ر ئه‌وه‌ی زۆربه‌ی فیلمه به نه‌رخه‌کانی له ده‌ره‌وه‌ی هالیوود ساز ده‌کرێ له‌م وڵاته هه‌ر بینه‌ریان پیرێژن و پیره‌پیاوانه‌یه که ئێستا له‌م ته‌مه‌نه چی‌تریان پێ ناکرێ، تاقه دڵخۆشییان شه‌ممانه سینه‌ما چوونه، له بلیت گۆرینه‌وه په‌شیمان بوێنه‌وه و دانیشتین به ئیعتباری سینه‌ماکه!
فیلمه‌که باسی 6 که‌سه که به‌سه‌رهاتی ژیانیان له کاتێکدا لێک گرێده‌درێ. باب و کورێکی نیشته جێی ئالمان(عه‌ڵی و نه‌جات) و داییک و کچێکی ئاڵمانی(سوزان ولۆتۆ) و داییک و کچێکی لێک هه‌ڵبراوی نیشته جێێ ئاڵمان و تورکیا(یه‌ته‌ر و ئاێتن). یه‌ته‌ر پێی وایه کچه‌که‌ی به خوێندن له زانکۆ ژیانێکی باشتر له داییکی ده‌بێ و بۆ به‌خته‌وه‌ر بوونی کچه‌که‌ی و ژیانێکی ئاسایی ئه‌و، له‌شفرۆشێ ده‌کات. له‌م ناوه‌دا تووشی عه‌ڵی ده‌بێ که پێشنیاری پێده‌دا که له‌گه‌ڵ ئه‌و بژی. مردنی یه‌ته‌ر نێوان باب و کوڕ تێکده‌دا و نه‌جات ده‌گه‌رێته‌وه وڵاتێک که قه‌ت لێی نه‌ژیاوه. له‌م لاوه ئاێتن که شۆرشگه‌رێکه که له چه‌نگ پۆلیس و میت هه‌ڵاتۆته ئاڵمان به دوای داییکیدا ده‌گه‌رێ تووشی "لۆتۆ"ده‌بێ...
ژیانه‌کان و ئاواته‌کانی ئه‌م شه‌ش که‌سه جیاوازن، ئه‌وه‌ی داییکه‌کان و باوکه‌که پێیان ئه‌و په‌ری به‌خته‌وه‌ریه مناڵه‌کان به چرکه‌یه‌ک وه‌ڵای ده‌نێن و رێگه‌یه‌کیتر بۆ مانادان به ژیانیان هه‌ڵده‌بژێرن. سنوور چ له نێوان مرۆڤه‌کان چ له نێوان وڵاته‌کان ده‌بێته هۆی لێک هه‌ڵبران، مه‌گه‌ر خۆشه‌ویستی سنوور ببرێ، ده‌نا سنوور هه‌ر ده‌مێنێ.
ئه‌م شتانه‌ی له‌م فیلمه به دڵم بوو: چیرۆکێکی پاراو بێ هێچ شتێکی زیاده، هه‌موو شتێک له سه‌ر جێی خۆی ده‌قه‌ومێ بێ ئه‌وه‌ی قه‌ستی دیار بێ. کارێکتێره‌کانی نه‌جات و عه‌لی و یه‌ته‌ر. به‌شی تۆبه کردنی به زۆری یه‌ته‌ر به زۆری براده‌رانی دینی تورکی نیشته‌جیی ئاڵمان، دوای ئه‌وه‌ی ده‌ڵێن ئه‌گه‌ر به‌رده‌وام بی له ئیشه‌که‌ت زیندوو نامێنی به یه‌ته‌ر ده‌ڵێن تۆبه‌ی بکه، ئه‌ویش ده‌ڵێ تۆبه، ئه‌وانیش تازه ده‌ڵێن "سلام ون عه‌له‌یکم" .
ئه‌م شتانه‌ی به دڵم نه‌بوو: کارێکتێره‌کانی ئاێتن و لۆتۆ، که‌مێک دوور له ڕاستی بوون، نه‌ک ئه‌وه‌ی هه‌ر ڕاست نه‌بن به‌س ئه‌وه‌نده که‌من که هاتو هه‌بن ، کوا تووشی یه‌ک ده‌بن؟ گه‌نجێکی ئاڵمانی که بۆی گرینگ بێ گه‌نجێکی تورک بۆ ئاواره‌یه و له‌م په‌ڕی بوێریدا رێی بداته ماڵی خۆی و گیانی خۆشی بۆی بخاته مه‌ترسی؟ گه‌نجێیکی تورک یا کورد(له فیلمه‌که‌دا باسی ئه‌وه ناکا ئه‌م کچه که ئه‌زقه‌زا له تورکیه شۆرشگێره کورده یا تورک؟) که ئه‌گه‌رچی به شێوه‌یه‌کی سیستێماتیکی کوێر شوڕشگێره بۆ وه‌ک شۆرشگێره‌کانیتر په‌سیڤ نییه و سه‌رداناخا بۆ ئه‌مره‌کانی هه‌واڵه شۆرشگێره‌کانیتر؟
من قه‌ت له تورکیا نه‌بووم و نه‌ژیاوم به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ی باسی ئه‌وێم بیستووه یان خوێندوومه‌ته‌وه( بۆ وێنه کتێبی "به‌فر" نووسینی ئورهان پامووک) ده‌زانم که ئه‌م وڵاته سیستێمێکی میلیتاری و پولیسی هه‌یه که "میت" تێیدا هه‌مه‌کاره‌یه، کاتێک نه‌جات له ئاێتن ده‌گه‌رێ بۆ پرسیار سه‌ری براده‌رانی "میت"یش ده‌دا که زۆر به دلۆڤانی نه‌جات نه‌سیحه‌ت ده‌که‌ن واز له گه‌ڕان به دوای ئاێتن بێنێ! ئه‌م هه‌ڵس و که‌وته که‌مێک به‌لامه‌وه سه‌ێر بوو، به‌ڵام له ئاخری فیلمه‌که له سپاسی زۆر که‌سان کرا بوو یه‌کیان "میت" بوو بۆیه ئیدی زۆر سه‌یر به‌رچاوم نه‌هات!
نازانم ئه‌م پیرێژن و پیره‌پیاوانه‌ی ده‌گه‌ڵ ئێمه ئه‌م فیلمه‌یان دیت ، هیچ ئه‌م فیلمه‌یان به دڵ بوو یا نا... ئێمه که به ناقایلی دانیشتین بۆ دیتنی، رازی هاتینه ده‌رێ.
::link::
نازانم بۆ ئیشتیای وێبڵاگ نووسینم کردوه، هه‌ر به‌م جۆره‌ی نازانم بۆ ماوه‌یه‌کی زۆر نه‌منووسیوه.
نووسین یا نه‌نووسین؟ نا... هیچیش پرسیار نییه! له سه‌ر چی نووسین؟ بۆچی ده‌توانێ پرسیار بێ. هه‌ڵبه‌ت بۆ من نه‌ک که‌سیتر... وه‌ک خاڵۆ جارێک نووسیبووی من ده‌بێ یا بچم فیلم ببینم یا کتێب بخوێنمه‌وه تا خوای نه‌خواسته لێره شتێک بنووسم. بلێم چی ئه‌گه‌ر ئه‌م دوو فیلم و کتێبه نه‌بی ژیان چی هه‌یه بۆ باس بێت؟ هه‌واڵ و خه‌به‌ری دونیا ئه‌وه‌نده ڕه‌ش و تاڵ و داهێزێنه‌ره(ئه‌وه ده‌بێ وه‌ک وشه؟) که هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی له سه‌ر کارێ ده‌گه‌ڵ هاوکاره‌کان باسی ده‌کرێ و پشوومان لێده‌برێ به‌سه!
به‌ڵام غه‌ره‌ز ئه‌مه‌یه باسی ئه‌و فیلمانه بکه‌م ئه‌م ماوه‌یه دیتوومه، هه‌تا بڵێی فیلمی جۆراوجۆرم دیتوه، به‌شێکیم هه‌ر له بیر نه‌ماوه ، یا ئه‌وه‌نده بێتام بوون بۆ له بیر مانه‌وه نه‌ده‌بوون، یان خه‌تا له بیر و هۆشی منه!
یه‌کێک له‌م فیلمانه که ئێستاش له بیرم ماوه، فیلمی نۆی" وۆدی ئاڵێن" بوو به ناوی " ڤیکی، کریستینا، بارسێلۆنا". له‌م فیلمانه‌یه که هه‌رچی زۆرتر بیری لێده‌که‌مه‌وه زۆرترم به دڵه. ئه‌م فیلمه بوو به هۆی ئه‌وه‌ی بچم زۆربه‌ی فیلمه‌کانی "وۆدی ئاڵێن" ببینم. ئه‌گه‌ر وه‌کوو من دانیشی له2 هه‌فتان دا هه‌موو فیلمه‌کانی ببینی تازه بۆت ده‌رده‌که‌وێ ئه‌م کابرایه چه‌نده حه‌وڵی له‌گه‌ڵ لێکدانه‌وه‌ی ئه‌خڵاق و مه‌زهه‌ب و سێکس و پێوه‌ندی نێوان مروڤان داوه و ئاخرێکه‌شی هیج وڵامی بۆ هیچیان نییه، زۆرتر وه‌ک زۆره‌بانییه‌ک که داوه‌ت ده‌کرێی ببینی و قه‌ت نازانی ئاخری کێ دۆراوه کێ سه‌رکه‌وتووه.
مرۆڤ له سه‌فه‌ر زۆر شت تاقیده‌کاته‌وه که له شوێنی خۆی به بیریشیدا نایه تاقیکاری ئاوا بکات، ره‌نگه سه‌فه‌ر ئه‌م ده‌رفه‌ته‌ت ده‌داتێ خۆت بناسی، چه‌نده برواکانت ڕاسته‌قینه‌ن؟ چه‌نده بوێری خۆت تاقی که‌یه‌وه؟ یان چه‌نده ده‌توانی له چوارچێوه‌کان هه‌ڵێی؟ بارسێلۆنا و خه‌ڵکه‌که‌ی ده‌بنه هۆێه‌ک ویکی و کریستینا هاوینێکی جیاوازیان هه‌بێ. وه‌فا، به‌ڵێنی، ئه‌خڵاق، بایسێکشوال، و ... وشه‌کانن که دانه دانه ده‌چنه ژێر پرسیار یان بڵێین باشتره ناو لێنان له سه‌ر هه‌ر شێوه ئاکارێک خۆی ده‌بێته هۆی چارچێوه‌یه‌کی نوێ و زیندانێکی ئه‌خڵاقی نوێ. چار چییه؟ ڕه‌نگه به‌س ئه‌وه‌بێ واز بێنین له ناو له سه‌ر نان. ئاوا مرۆڤ ده‌توانێ هه‌ڵبژێرێ چۆن به دڵی خۆی بژی بێ ترسان له هه‌ڵسه‌نگاندنی که‌س. خۆتی و پێوانه‌کانی خۆت، وه‌ک ئه‌وده‌مه‌ی له سه‌فه‌ردای!
-------------------------------------------------------
باسی کتێبه‌کانی خوێندومه‌ته‌وه ناکه‌م، به ته‌مام هه‌ر کتێبێکی نوێ بخوێنمه‌وه له "shelfari " کورته‌یه‌کی له سه‌ر بنووسم( به کوردی) بۆ تاقیکردنه‌وه یه‌کدانه‌م نووسیوه، لێره چاوی لێبکه‌ن.
::link::
له ده‌رێ بارانێکی هار و هاج ده‌بارێ، منیش له جێی کردنی کاره ناته‌واوه‌کان دانیشتوومه به‌رانبه‌ر "شاقوڵی" و ماڵپه‌ر به ماڵپه‌ر و وێبڵاگ به وێبڵاگ ده‌خولێمه‌وه... زۆر له مێژ بوو ئاوا نه‌خولابوومه‌وه... له‌م گه‌ڕانانه‌دا سه‌ردانێکی ئێره‌شم کرد، بۆن و به‌رامی کۆنه‌یی و ترشاوی هه‌موو وڵاتی هه‌ڵگرتبوو... چاکه که‌س سه‌ردانی ئێره ناکا ده‌نا شووره‌یی بوو!
ویستم بابه‌تێکی سی مانگ پێش نیوه نووسیبووم ته‌واوی که‌م ، به‌ڵام هه‌رچی کردم بۆم ته‌واو نه‌کرا، لێی گه‌رام تا ماوه‌یه‌کیتر...
بۆ چرکه‌یه‌ک دڵته‌نگی نووسین لێره بووم ، هه‌ر وه‌ک ئه‌وه‌ی بیری "ماڵێ" ده‌که‌ی. ئه‌وه‌نده "ماڵێ" نه‌ماوه، ماڵی "ماڵێم" گوازتۆته‌وه ئێره... جار جار بێ ئه‌وه‌ی ده‌رگا و په‌نجه‌ره‌کان داخه‌م جێی دێڵم، جار جاره‌ش بیری ده‌که‌م و ده‌گه‌رێمه‌وه ...
تا گه‌ڕانه‌وه‌یه‌کی‌تر !
::link::
هه‌رجاره‌ی به کوچه‌ی پشته‌وه‌دا ده‌ڕۆێشتم و ئه‌م خانوو سه‌یر و سه‌مه‌ره و کۆنه‌م ده‌دیت، ئاواتم ده‌خواست کامێراکه‌م پێبا و وێنه‌یه‌کم لێ هه‌ڵگرتبا. تا دوێنێ هات و عومری ئه‌م خانوویه به سه‌ر هات. له ماوه‌یه‌کی کورت‌دا ئه‌م بینایه و ئه‌وانی په‌نای بوون به خه‌لووس، هه‌ڵبه‌ت به یارمه‌تی ئاو و دا‌و ده‌رمانی فێنک که‌ره‌وه و سه‌هۆڵبه‌ندانی -11 ده‌ره‌جه بوون به ئالاسکای خه‌لووس!
تێنینی: شوێنی کاری من راست له پشت ئه‌م بنایه‌یه!
::link::
::link::
"دیا" زۆر زمانه‌وانه، هیچ وه‌کوو پووری، که منم، ناچێ. دوێنێ شه‌وێ پێم ده‌لێ: #$@& م بۆ بکره.( ئه‌و ناوی ئینگلیسییه‌که‌ی گووت که من له بیرم نه‌ماوه!)
ده‌ڵێم: ئه‌وه چییه؟ ده‌ڵێ: هه‌ر ئه‌وه‌ی ئێستا تی‌وی باسی کرد! ده‌ڵێم: نه‌مدیت، چ بوو؟ ده‌ڵێ: ئه‌وه شتێکی "خوارده‌منییه"، بۆ منداڵ باشه بیخوا!
بیر ده‌که‌مه‌وه شه‌رت بێ زۆربه‌ی خه‌ڵکی سابلاخێ وشه‌ی "خوارده‌مه‌نی" به کار ناهێنن و هه‌ر نه‌شیان بیستووه، ئه‌م جوجه‌ڵه‌یه که هێشتا نه‌بۆته 4 ساڵانه چۆنی ده‌زانێ؟ دیاره بیستویه‌تی، به‌ڵام ئه‌وه‌نده دروست وشه کوردیه‌کان به کار دێنێ هه‌ر ده‌ڵێی هێله‌گێکی له ناو مێشکی دایه بۆ هه‌ڵێنجاندنی ئه‌وه‌ی ده‌بێ بگوترێ.
که‌مێک دواتر کتێبێکی بۆ هێنام گووتی ئه‌وه‌م بۆ بخوێنه‌وه، کتێبی "دایه مه‌مده به گورگی!" ... دوو سێ به‌یتم بۆ خوێنده‌وه خۆم ترسام له وشه‌کانی له‌م کتێبه به‌کاریان هێنابوو و وازم هێنا، "دیا" ش که هیچ هیوای به خوێندنه‌وه‌ی من نه‌ما خۆی ده‌ستی کرد به گووتنه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی تا ئێستا له منی بیستبوو و هه‌روا له زه‌ێنی خۆیه‌وه و له رووی وێنه‌کان چیرۆکه‌که‌ی ئیدامه‌دا، بروا بکه‌ن ئه‌وه‌ی دیا سازی کردبوو زۆر له هی نووسه‌ری کتێبه‌که‌ی خۆشتر بوو. لانی که‌م زۆر ناسک‌تر و شیرین‌تر!
لێره تا بڵێی کتێب و چیرۆکی تاێبه‌ت بۆ مناڵان هه‌یه، به ئه‌رخه‌یانی بچی ناو هه‌ر کتێبخانه‌یه‌ک له به‌شی مناڵان به ده‌ستی پڕ دێیه‌وه ده‌رێ بێ ئه‌وه‌ی بترسێی که ئه‌م کتێبه‌ی بۆ مناڵه‌که‌ت وه‌ریده‌گری بابه‌تی خوێندنه‌وه بۆی نه‌بێ. به‌ڵام دیا زۆرتر حه‌زی له بیستنی کوردیه( ڕه‌نگه بچێته مه‌دره‌سه‌ی وا نه‌مێنێت، به‌ڵام ئێستا زۆرتر حه‌زی له کوردییه.) کتێب و چیرۆکی تاێبه‌ت به مناڵان که به کوردیش هه‌یه زۆر جێی متمانه نین ئه‌وه نمونه‌که‌ی: دایه مه‌مده به گورگی! به‌خوا ئه‌وه‌ی من له بیرمه ئه‌وه‌نده ترسناک نه‌بوو! له خۆرا نییه ئه‌و براده‌ره ئاوا داخ به دڵه!
::link::
9 ساڵ زۆرتره من له کانادا ده‌ژیم و له‌م ماوه‌یه‌دا وه‌ک زۆربه‌ی ئه‌م که‌سانه‌ی ئه‌م وڵاته‌یان وه‌ک وڵاتی دووهه‌میان بۆ ژیان هه‌لبژاردووه، جا یان له به‌ر ناچاری یان له به‌ر هه‌ڵبژارده‌ی خۆیان، نه‌م توانیوه ئۆگری فه‌رهه‌نگ و شێوه‌ی ژیانی ئێره بم. وه‌ک هه‌موو ئه‌وانی ده‌گه‌نه کانادایه زۆرتر حه‌وڵم داوه له کۆمه‌لی هاوڵاتانی پێشوو که پێشتر له من هاتوونه ئێره نزیک بمه‌وه و هه‌ڵس و که‌وت و کۆبوونه‌وه‌م له‌گه‌ڵ هاوزمانان زۆرتر بێ تا خه‌ڵکی ئێره. وه‌ک لێره ده‌ڵێن، هاتوومه ناو گێتۆی هاوڵاتیان!
یه‌کێک له‌م کۆبوونه‌وانه ئاهه‌نگی هه‌ڵپه‌رکیی کوردیه، حیزب و پارتێکانی 3 پارچه‌ی کوردستان (ئاگام له پارتی پارچه‌ی چوارمی کوردستان نییه!) بۆ کۆبوونه‌وه‌کانی خۆیان ئه‌م به‌زمانه دروست ده‌که‌ن و له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سه‌رنجی هه‌موو گێتۆی کوردی ڕاکێشن گۆرانیبێژ و ده‌سته‌ی مۆسیقا بانگ هێشتن ده‌که‌ن و "بلیت" ده‌فرۆشن و هه‌لپه‌ڕکێ داده‌مزرێنن. خۆتان ده‌زانن کانادا له‌م سه‌ری دونیایه و نرخی داوه‌ت کردنی گۆڕانیبێژ له سه‌ر برایانی حیزبی گران ده‌که‌وێ و به پێی مه‌قبووڵ بوونی گۆڕانیبێژ ئه‌م نرخه‌ش سه‌ر و خوار ده‌کا! یه‌کی وه‌کوو منی موسیقا نه‌بیستووش دڵی به‌مه خۆشه پاره‌ی تیکێتی ده‌دا و "گۆڕانی زیندو"ی گوێ لێده‌بێ و تاقه‌تی هه‌ڵپه‌رکێشی بوو ئه‌وه دوو سێ خولان ده‌ستی گه‌ڕی هه‌ڵپه‌رکێ ده‌گرێ و چش با دوو سێ سوخه‌نرانی و به‌یانییه و به‌ڵێننامه‌ی حیزبیشی گوێ لێبێ، یان بڵێین ئه‌گه‌ر گوتییان به‌رنامه کاتژمێری 7 ئێواره ده‌ست پێده‌کا حه‌وڵ ده‌دات بۆ 9 له ئه‌وێ بێت، چوون ئه‌م دوو کاتژمێره ده‌روا بۆ قسه هه‌زار جار دووپات کراوه‌کان!
ئه‌م 9 ساڵه پڕ بۆ له کۆبوونه‌وه‌ی ئاوا و ئاخر به‌رنامه‌ی که لێی بووم ده‌توانم بڵێم هیچ جیاوازییه‌کی ده‌گه‌ڵ هه‌وه‌ڵ به‌رنامه نه‌بووه و پێم وا نییه 9 ساڵیتریش جیاوازی هه‌بێ. به‌س فه‌رقی هیوایه‌که که من 9 ساڵ پێش هه‌مبوو و ئێستا نه‌مماوه! هیوای ئه‌وه‌ی "گێتۆ"ی ئێمه به پێی کات شت فێر بێ و که‌م و کوڕیه‌کانی ببێته په‌ند بۆ داهاتووی، ئه‌م هیوایه مرد و نامه ناو گۆڕ! ئێستا ئه‌گه‌ر بچم بۆ هه‌ڵپه‌رکیی کوردی به‌س ده‌چم بۆ دیتنی دۆست و ئاشنایان که کاتیتر کاتم نییه بیانبینم! بۆ ئه‌وه‌ی زۆر به ڕه‌شبینم نه‌زانن باسی هه‌ڵپه‌رکیی دووی ڕێبه‌ندانتان بۆ ده‌که‌م که ئه‌م شه‌ممه‌ی ڕابردوو بوو. قه‌وڵ وا بوو "شوان په‌روه‌ر" گۆڕانیبێژی ئه‌م جاره بێت و ئه‌مه بوو به هۆی ئه‌وه‌ی بچم بۆ ئه‌م هه‌ڵپه‌رکییه، پێم وابوو ئه‌م جاره جیاواز ده‌بێ، که بوو!
که گه‌ێشتمه به‌ر ده‌رگای ساڵۆنه‌که و داوای بلیتم کرد(هه‌ڵبه‌ت ساعه‌ت 9!) گوتییان چون جێگه‌ی دانیشتن نه‌ماوه بلیته‌که هه‌رزانتر ده‌فرۆشن(نه‌ک ئه‌وه‌ی جێگا نه‌ماوه ناێفرۆشین!)
ده‌ی بلیتم وه‌رگرت و ئاشنایه‌ک هات و له جێی سڵاو و چاک و خۆشی گووتی: ئه‌وه ئه‌تۆش لێره‌ی؟ له که‌یه‌وه بووی به کورد؟!!! گوتم ببوره ئه‌م جاره له پیتم ده‌رچوو!
چوومه ژور و له سه‌ده‌قه‌ی سه‌ری برایانی کورد که هه‌موو له ده‌ره‌وه خه‌ریکی خواردنه‌وه بوون جێگای دانیشتنمان وه‌گیر که‌وت!
کابرایه‌ک خه‌ریکی گۆڕانی به‌زم بوو و ئاره‌زو و ده‌رزی و ده‌زوو و زوبه‌زووی تێک ده‌کرده‌وه و خه‌ڵک خۆیان له ئه‌رز ده‌کوتا، شه‌رت بێ ئه‌وه‌ی ده‌ێگووت خۆشی نه‌یده‌توانی بیڵێته‌وه!
نزیک کاتژمێر 10 گوتییان ئه‌وه شوان هات، خه‌ڵک هرۆژمییان برد بۆ لای سێنی موسیقاژه‌نه‌کان هه‌ر وه‌ک ئه‌وه‌ی به‌ره‌و پێشوازی بووک و زاوا ده‌چن. دوای چه‌ند خولێک هه‌را و چه‌پڵه‌لێدان و فڵاشی کامێرا ، شوان داوای لێکردن که له سه‌ر جێی خۆیان دانیشن! خه‌ڵکیش کامێرا به ده‌ست له سه‌ر جێی خۆیان دانیشتن، هه‌ر وه‌ک ئه‌و ده‌می له مزگه‌وت بۆ وه‌عزی شیخ عیزه‌دین داده‌نیشتن! گووتم وه‌ڵا عاقل بوون! دوای کورته‌یه‌ک سپاس شوان تێیهه‌ڵکرد و یه‌کێک له گۆرانی- سرووده‌کانی خه‌مباری خوێند و میله‌تیش خه‌نی خه‌ریکی فڵاش لێدان و هه‌ڵگرتنه‌وه‌ی چرکه به چرکه‌ی ئه‌م ده‌مه بوون( خوا خه‌زه‌ب له دیجیتاڵ گرێ که هه‌تا منیشی کردۆته فۆتۆگرافێری پرۆفێشناڵ!!) سه‌رتان نه‌هێشێنم که دوای ئه‌م گۆرانییه هه‌ستی هێند که‌سێک بزووت و ده‌ستیان کرد به گوتنی "بژی ئاپۆ"! جا قه‌دیمی گووته‌نی: تڕ به ته‌وه‌رداسی چی؟ نازانم! ئه‌وه بوو به هۆی ئه‌وه‌ی شوان وه‌بیری ئه‌رکی روناکبیری هونه‌رمه‌ند بکه‌وێت و له جیی به‌رده‌وام بوون به خوێندن ده‌ست بکا به سوخه‌نرانی باسی کورد و کوردستان، به‌ڵام له به‌ر ئه‌وه‌ی ئێکۆی میکرۆفۆن نه‌کوژابۆوه من ته‌نانه‌ت له وشه‌یه‌کیشی نه‌گه‌یشتم که باسی چ ده‌کات، هه‌ر پێم وا بوو ئه‌وه یه‌کێک له سروده بێ موسیقاکانێتی!
ماوه‌ی نیو ساعه‌تێک ئاوا گوزه‌را و شوان تێیهه‌ڵکرد له گۆڕانیه‌کیتر، خه‌ڵکیش "له‌منایه"* نییه ده‌مێکه فیری سه‌ر کورسی بوون، قونیان ته‌زیبوو یه‌ک یه‌ک هه‌ستان و بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ست به‌تاڵ نه‌رۆن وێنه‌یه‌کی یادگاریان ده‌گه‌ڵ شوان هه‌لده‌گرت! شوانیش هه‌رکه‌س ده‌چوو وێنه‌ی ده‌گه‌ڵ هه‌ڵگرێ بۆ ئه‌وه‌ی وێنه‌که‌ی خوار و خێچ ده‌رنه‌چێ ده‌ستی له گۆرانی گووتن هه‌ڵده‌گرت تا وێنه ته‌واو ده‌بوو و یه‌کیتر ده‌هات!
سه‌رتان نه‌هێشێنم کاری میله‌ت ئه‌وه بوو سه‌ره‌یان به‌ستبوو بۆ وێنه هه‌ڵگرتن له‌گه‌ڵ شوان و کاری شوانیش ئه‌وه بوو زوو زوو گۆرانییه‌که‌ی هه‌ڵپچرێ و ئه‌وه‌ی بیره‌وه‌ری خۆشی له گۆڕانییه‌کانیم هه‌بوو خه‌وش کاته‌وه! له کاتی گۆرانی "جانێ جانێ جانێ وه‌ره مه‌ێدانێ"(نازانم دروسته یا نا) دوو سێ وێنه‌ی ڕێبه‌رانی شه‌هیدی حیزبی دێموکرات به ده‌ست سێ که‌سه‌وه بوو که به ریتمی ئه‌م ئاهه‌نگه وه سه‌ما که‌وتن، یه‌کێک له‌م لاوه گووتی: وه‌ڵا قازی فه‌قیریشیان وه سه‌ما خست!
نزیک کاتژمێر 12، شوان ئێستا 4 گۆڕانی نه‌گووتبوو یه‌کجێ بێسه‌ر و شوێن چوو و هه‌ڵپه‌رکێ کۆتایی هات! هاتمه‌وه ماڵی و بریارم دا ئیتر که‌متر ئاوا کوردایه‌تی بکه‌م، لێم نایه با خۆ خوێنتاڵ نه‌که‌م!
بژی موسیقای مردوو، خێرمان له هی زیندوو نه‌دی!
-----------------------------------------------------------------------------------
* له‌منایه= له من وایه( ئه‌وه به یادی پوورم ئاوام نووسی)
::link::
دوو هه‌فته پێش فیلمی " ئه‌وینی ساڵه‌کانی وه‌با"م دیت. ده‌مزانی ساڵانی پێشوو ئه‌م کتێبه‌م خوێندۆته‌وه، به‌ڵام هیچم له کتێبه‌که له بیر نه‌مابوو. به هیوا بووم که ده‌چم بۆ دیتنی فیلمه‌که، کتێبه‌که‌ش وه‌بیرم بێته‌وه. نیوه‌ی فیلمه‌که تێپه‌ر بوو و من هیچ شتێکی ئاشنام وه‌بیر نه‌هاته‌وه و ئیدی ئه‌رخه‌یان بووم که ئه‌وه یه‌کێک له‌م کتێبانه بووه که به‌سه‌ریدا بازم داوه و نه‌مخوێندۆته‌وه. به‌ڵام کاتێک گه‌ێشته به‌شی سه‌رلێشێواوی داێکه‌که که به کۆڵمه و لێوی سوور کراو له کۆڵانه‌کان ده‌گه‌ڕا، هه‌موو چیرۆکه‌که‌م وه‌بیر هاته‌وه. کاراکتێری ئه‌م داێکه له‌م چیرۆکه‌دا ئه‌وه‌نده به‌قه‌وه‌ت بوو که دوای ساڵیانی ساڵ هیچم له‌و کتێبه له‌بیر نه‌مابوو ئیڵا ئه‌م سه‌رلێشێواو بوونه.
هه‌فته‌ی پێش ئاخر کتێبی مارکێزم خوێنده‌وه، "بیره‌وه‌ریی سۆزانییه خه‌مباره‌کانم". هه‌وه‌ڵ شت به بیرم دا هات ئه‌وه بوو که مارکێزیش وه‌کوو من پیر بۆ، به‌س به دوو شێوه‌ی جیاواز. من ئه‌و چیرۆکانه‌ی خوێندومه‌ته‌وه له بیرم نه‌ماوه و ئه‌و به چیرۆکێکی نوێ ده‌تباته دونیای پیره‌مێردێکی 90 ساڵانه، دونیایه‌ک دوور له چوارچێوه ناسراوه‌کان بۆ پیره‌مێردێک. ئاخر نییه خۆێشی پیر بۆ و وه‌کوو پیره‌مێرده‌که‌ی ناو چیرۆک خۆ لاده‌دا له به پیردانانی خۆی. پیره‌مێرد بۆ ئه‌وه‌ی به خۆی بسه‌ڵمێنی هێشتا پیر نه‌بۆ کچۆله‌یه‌کی 14 ساڵانه بۆ ساڵرۆژی له داییک بوونی به خۆی هه‌دیه ده‌دات و مارکێز بۆ سه‌ڵماندنی ئه‌وه‌ی هێشتا پیر نه‌بۆ بناخه‌ی چیرۆکێکی نوێ داده‌مه‌زرێنێ... چیرۆکی ئه‌وین و ناسینی ئه‌وین بێ ته‌مه‌نای سێکس! هه‌موو په‌له‌قاژه‌ی پیره‌مێردی ناو چیرۆک ئه‌وه‌یه بوونی خۆی به‌م شێوه‌یه‌ی ساڵییانه هه‌یه به سه‌ر ئه‌وانیتر داسه‌پێنێ و "مانی" هه‌ست پێ‌بکرێ، هه‌ر بۆیه به پێشنیاری دوکتوره‌که بۆ راحه‌تکردنی پشیله پیره‌که‌ی تێک ده‌چێ، پشیله‌یه‌کی که زۆر ئۆگری نییه به‌ڵام وه‌ک خۆی ده‌ێبینێ.
له به‌ر نزیکی دیتنی ئه‌م فیڵمه و خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م کتێبه، سه‌رنجم بۆ نزیکی کارێکتێره‌کان و دووپات بوونه‌وه‌ی وه‌سفه‌کانی ئه‌م دوو چیرۆکه چوو. ئه‌م نزیکییه له ناو شتی زۆر بچووک و ناسکدا بوو، وه‌کوو شێوه‌ی به ڕێگا ڕۆێشتن و وه‌سفی ژووره‌کان و کارێکتێره‌کان و جل و به‌رگه‌کان... وته‌نانه‌ت ژماره‌ی ژنانێک که پیاوگه‌ڵی قاره‌مانی چیرۆک ده‌گه‌ڵیان خه‌وتوه! ده‌تگووت که ئه‌م چیرۆکه هه‌ر ئیدامه‌ی چیرۆکی پێشوویه، ناتوانم بڵێم له شوێن و کاتێکتردا چون شوێن هه‌مانه و کات دیار نییه!
بزانم دوای ده- پانزه ساڵی‌تر چیم له‌م چیرۆکه له بیر ده‌مێنێ!
::link::
به دیاری بووکێکم بۆ مناڵێک برد، بیستم ئه‌وه‌نده‌ی خۆش ویستوم که ناوی بووکه‌که‌ی ناوه گوڵێ!
::link::
ئه‌م ڕۆژانه حوکمی زیندانی بۆ پێغه‌مبه‌رێک برایه‌وه! ئه‌م پێغه‌مبه‌ره ناوی "وارن جێفز"ه و ماوه‌یه‌ک بوو ئێف بی ئای کون به کون لێی ده‌گه‌را تا که‌وته به‌ر چرکه‌ی کامێرای لاس وێگاس! ئه‌م گوناحه‌ی جه‌نابی پێغه‌مبه‌ری خسته ناو زیندانی ده ساڵه ئه‌وه بوو که کچێکی چارده ساڵه‌ی به زۆره‌ملی دابوو به شوو به کورێکی 19 ساڵه‌ی تایفه‌ی! هه‌ڵبه‌ت ئه‌گه‌ر کچه رازی بایه یا شکایه‌تی نه‌کردبایه کابرا ئێستاش خه‌ریکی پێغه‌مبه‌رایه‌تی بوو!
له ئامریکا هه‌زاران فیرقه و مه‌زهه‌بی جۆراوجۆر هه‌یه که تا کاتێک یاسای فێدێراڵ تێک نه‌ده‌ن که‌س کاری به کاریان نییه، ڕه‌نگه خودا خودایان بێ که خه‌ڵک خه‌ریکی ئه‌م کاڵت و فیرقانه بن و کاریان به سیاسه‌ت و ده‌وڵه‌ت نه‌بێ! به‌ڵام دینی ئه‌م پێغه‌مبه‌ره که‌مێک ناکۆکه ده‌گه‌ڵ یاساکانی فێدێراڵی ئامریکا، چون پیاو کاتێک له‌م دینه دا له خوا نزیک ده‌بێته‌وه که لانی که‌م 3 ژنی هه‌بێ! جه‌نابی پێغه‌مبه‌ر که دیاره له خوا نزیکه هه‌ر خوێ ته‌نیا 70 ژنی هه‌یه! جه‌نابی پێغه‌مبه‌ریش که نزیکه‌ی شه‌ش تا ده هه‌زار که‌س مریدی هه‌یه، زوو زوو ده‌بێ ژماره‌ی نێرینه‌کانی تایفه‌که‌ی که‌م کاته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ست زۆر نه‌بێ له رێی گه‌ێشتن به خوا! بۆ وێنه چه‌ند ساڵ له‌وه‌پێش 400 کوڕی له تایفه‌که‌ی وه‌ده‌رنا به هۆی گوێدان به موسیقای ڕاک!! له ئه‌سڵدا ڕه‌قیبی که‌م کرده‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ژن بۆ ئه‌وان که‌م نه‌یه و دینه‌که‌یان هه‌ر وا قاییم بمێنێ!
ده‌ی ئه‌م 10 هه‌زار که‌سه بۆ وا ده‌سته‌و وه‌ستانن و دێڵن پێغه‌مبه‌ر هه‌رچی پێی خۆشه ده‌گه‌ڵییان بکات؟ هۆیه‌که‌ی هاسانه، ئه‌م مریدانه هه‌موو له دوو شار کۆ بوونه‌وه و یه‌کێک له ئه‌ساسی دینه‌که‌یان ئه‌وه‌یه که ئه‌وان ناتوانن خاوه‌ن هیچ بن و هه‌ر چی هه‌یانه هی کلیساکه‌یانه! بڕیارده‌ری کلیساش که‌س نییه جه‌نابی پێغه‌مبه‌ر نه‌بێ. هه‌ر وه‌ها ئه‌م بونه‌وه‌رانه وه‌کوو هه‌موو ئیمانداران وا ده‌زانن هه‌رچی پێغه‌مبه‌ره‌که‌یان بڵێ ڕاسته و ده‌بێ ملی بۆ که‌چ که‌ن! پێغه‌مبه‌ر له هه‌ر که‌س تووڕه بێ ده‌توانێ له ماڵی خۆی ده‌ری کات و ژن و منا‌ڵیشی لێ بستێنێته‌وه و بیدا به برای دینییه‌کیتر!
ئه‌وه‌ش به‌رهه‌می رۆژێک بی‌کاری و خوڵانه‌وه به ئینتێرنێت و هه‌واڵان!
::link::
ئه‌وه لێره‌ش پاییز هات... که ده‌چی ده‌رێ فێنکایی وات لێده‌کات زوو ئیشتیای چایه‌کی دا‌غ بکه‌ی. جا ئه‌وه ئێواره‌ی پاییز بێ و ئاخر رۆژی کارێ بێ و هیچ کارێکیش نه‌بێ پێێ بخافڵێی! هۆێ چاکه بۆ وێبڵاگ نووسین!
له بێکاریان دانیشتبووم ئیمه‌ێله کۆنه‌کانی ساڵانی دوور و پڕ له چه‌نه‌بازیم ده‌خوێنده‌وه، هه‌ڵبه‌ت ئه‌وانی مابوون و پاکنه‌کرابوونه‌وه، خوا ده‌زانێ له‌م 9 ساڵه دا که بێ ئینتێرنێت نه‌بووم چه‌نده‌م ئیمه‌ێڵ بۆ هاتووه و چه‌نده‌ی نه‌ماون! شتێکی گۆڕدراوه ئه‌وه‌یه غه‌یری شڕه ئیمه‌ێڵ( junk ) هه‌ر دوو که‌س ئێستا ئیمه‌ێلم بۆ ده‌نێرێن و زۆربه‌ی ئه‌وانیتر وازیان هێناوه. هه‌ر بینا ئه‌م دوو که‌سه‌ش وازیان هێنا و نیشانێکانم قوم بوون له ناو شڕه ئیمه‌ێلاندا! ڕه‌نگه ئه‌وکات کاتی چاک بێ بۆ واز هێنان له نیشانێکانم...
::link::
شه‌وێ له ناو هه‌واڵه‌کانی تی‌وی دا بیستم ژنێکی دوو گیان به ده‌ست مێرده‌که‌ی کوژرا و خۆی و مناڵی ناو زگی که 7 مانگانه بوو تێدا چوون. که زۆرتر باسی کرا ده‌رکه‌وت مێرده‌که ژنه‌که‌ی له ئاستی زگی وه‌به‌ر چه‌قۆیان داوه و هه‌روه‌ها داێکی خۆشی بێ نه‌سیبی وه‌شاندنی چه‌قۆ نه‌کردووه. ناوه‌کانیان که گووت خاریجی بوون وه‌ک زۆربه‌ی کاتان که باس له سه‌ر "توندوتیژی ناو بنه‌ماڵه‌یه". وه‌کو ناوی تورکان ده‌چوون. هه‌واڵێکی ناخۆش بوو. ئازاری ژنی دووگیان خۆی دووره له مرۆڤایه‌تی نه‌خوازا کوشتنی! تا ماوه‌یه‌ک هه‌ر بیرم له‌وه ده‌کرده‌وه چۆن که‌سێک ده‌توانێ ئه‌م کاره بکات؟
ئه‌مرۆ به‌یانی هه‌واڵه‌کانی ناو رۆژنامه باسییان کرد که "کۆمه‌لی کوردانی تورێنتۆ" سه‌رسوورماوه له‌م کاره‌ساته! وادیاره بنه‌ماڵه‌که کورد بوون! وه‌بیر نه‌قڵی کابرای کۆمێدیه‌نی ڕه‌ش که‌وتم که ده‌ێگووت هه‌رجاره‌ی هه‌واڵی دزی و کوشتن و توند و تێژییه‌ک له تی وی بڵاو ده‌بێته‌وه هه‌موو ڕه‌شه‌کان ده‌ست به دۆعا و پاڕانه‌وه له به‌ر عیسا و مو‌سا و محه‌مه‌د ده‌بن نه‌کا کابرا ڕه‌ش بێ! ده‌نا به‌یانی خه‌ڵک به توڕه‌یی و بێزاری چاوله هه‌ر چی ڕه‌شه ده‌که‌ن... ئاخر وه‌نێ هه‌موو ڕه‌شه‌کان خزمی یه‌کن و "بران" تاوانی یه‌کییان ده‌بێته تاوانی هه‌موویان!
منیش له دوێنێشه‌و که هه‌واڵی ژن کوژیم بیست ده‌بوو ده‌ستم کردبا به پارانه‌وه و دۆعا... وه‌نێ ژن‌کوژی به باڵامان بڕاوه!
::link::
به‌یانی: کچه‌که ڕێیدامێ بچم له ته‌نیشتی له سه‌ر سه‌ندەلی په‌نای دانیشم. بلوزێکی له‌به‌ردابوو له‌وانی 20 ساڵ له‌وه پێش منیش حه‌زم ده‌کرد هه‌مبێ... بلوزێک به نه‌خش و نیگاری په‌پووله‌ی ڕه‌نگاوڕه‌نگ، جووتێک گواره‌ی په‌پووله‌ی له گوێیدابوو... وه‌کوو که‌سی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی نه‌ده‌چوو. کتێبێکی پێ‌بوو که خه‌ریکی خوێندنه‌وه‌ی بوو، سه‌رنجم بۆ لای کتێبه‌که‌ی ڕاکێشرا، کتێبێک که پیته‌کانی زۆر ورد بوون و لاپه‌ره‌کانی زۆر ناسک، به قه‌ڵافه‌ت زۆر ئه‌ستوور بوو و هه‌وه‌ڵ پێم وابوو نه‌کا یه‌کێکه له ناو مێترۆدا تاقه‌تی خوێندنه‌وه‌ی کاپیتالی مارکسی هه‌یه! هه‌ر وا له قه‌راخه‌وه به خێسه خێس هه‌وڵم ده‌دا بزانم چ ده‌خوێنێته‌وه که چاوی لێکردم و بزه‌یه‌کی هاتێ(ڕه‌نگه له شێوه‌ی فزولی کردنی من!) و کتێبه‌که‌ی داخست. تاوێک دوایه هه‌ستا سه‌رپێ که له ویستگه‌ی دابه‌زێ. پێش ڕۆێشتنی ده‌ستی له سه‌ر ده‌ستم دانا و به ده‌نگێکی نزم گووتی : "Jesus loves you "
ئێواره: له ده‌رگای سه‌ر کاره‌که‌م به په‌له هاتمه ده‌رێ زوو بگه‌مه باس، له تاقه پلیکانی به‌رده‌رگا به بێ هیچ هۆیه‌ک لاقم بادرا و که‌وتم. بۆ تاوێک هه‌ناسه‌م نه‌هاته ده‌ر له به‌ر ژانی زۆری گوێزینگم، که‌مێک به ده‌ست تاقیم کرده‌وه بزانم ئێسکه‌کانی شکاون یا نا. دیتم ده‌توانم به شه‌له شه‌ل برۆم و به‌رده‌وام ڕۆێشتم بۆ لای باس. تا گه‌ێشتمه‌وه ماڵێ له به‌ر ژانی لاقم تاقه‌تم نه‌مابوو. بۆ به‌یانی زانیم یه‌کێک( یا چه‌ند دانه؟؟؟) له‌م روباتانه‌ی(به کوردی نازانم چییه) لای گوێزنگم پساوه. ئه‌وه له‌وه‌تی جیزز یا هه‌مان عیسای خۆمان خۆشی ده‌وێم ئه‌وه هه‌ر به‌ڵام به سه‌ر دێ....چاوه‌رێم بۆ دووشه‌مه که ده‌چمه‌وه چاو بگێرم له خاتوو په‌پووله، به‌ڵکوو ئه‌و بتوانێ به جیزز ڕابگه‌ێه‌نێ واز له خۆشه‌ویستی من بێنێ ، من به‌رگه‌ی ناگرم!
--------------------------------------------------------------------------------------
به‌ڵام هه‌ڵپه‌رکێی میراتی کورد له تورێنتۆ.. چۆۆم و هه‌ڵپه‌ریشم به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ی کات به سه‌ردا چوو له بیرم چۆته‌وه چۆناوچۆن غه‌ێبه‌تی بکه‌م.... بۆیه ڕاوه‌ستن تا ساڵی داهاتوو...
::link::
بچم؟ نه‌چم؟
ئه‌گه‌ر چووم بۆم هه‌یه هه‌ڵپه‌ڕم یا بۆم نییه؟
چاو لێره که و پێم بڵێ که کاتێک هه‌موو گۆڕانی بێژه‌کان کاکی سمێڵ فشن و هه‌موو ئه‌وانی خه‌ریکی هه‌ڵپه‌رکێن هه‌روه‌تر، به‌زم و بیساتی نیشانه شناسی ده‌ڵێ منی زه‌عیفه هه‌رده‌بێ دانیشم و بینه‌ر بم... ئه‌وه‌ش نه‌قلی "هه‌ریتێج"ه‌که‌مان... ده‌بێ مرۆڤی عاقڵ ئیشاره‌یه‌کی به‌س بێ!
به‌ڵام خۆ من عاقڵ نیم بۆیه هه‌ر ده‌چم... باقی باس و خواس و غه‌ێبه‌ته‌کان بۆ دوای هاتنه‌وه!
::link::
ده‌مێکه له بیرم چۆته‌وه کاتێک قسەم له‌گه‌ڵ دەکەن سەر ڕاتلەکێنم بۆ قسەکانیان، هه‌ر بۆیه خەڵک پێیان وایه لێیان تێنەگەێشتووم و قسەکان بە ئاسپایی دووپات و سێپات دەکەنەوه منیش نه دەڵێم ئوکێی نه سه‌ر راده‌تڵه‌کێنم، ئاخری ڵێم دەگەڕێن له نه‌زانیدا بۆخۆم بمرم....
::link::
چه‌ند ڕۆژ له‌وه‌پێش، به‌ری به‌یانی زوو، وه‌بیر نامه‌یه‌کی هاورێیه‌کی ساڵانی دوور بۆی ناردم که‌وتم. پێنج ساڵه، له‌وه‌تی ئه‌م نامه‌یه به ده‌ستم گه‌ێشتووه، به ته‌مام وه‌ڵامی ئه‌م نامه‌یه بنێرمه‌وه.
ئه‌م پێنج ساڵه لایه‌ک و ئه‌م چه‌ند ڕۆژه لایه‌ک!
::link::
ده‌مێکه چاو له هه‌واڵان ناگێرم، نه له تی‌وی نه له ئینتێرنێتدا... ئاوا ژیان گه‌لێک هاسانتره!
دوێنێشه‌و که کۆنترۆڵی تی‌وی سه‌رگه‌ردان ده‌سووڕاوه له سه‌ر CNN گیرساوه. ئه‌م کابرایه که زۆرم ڕق لێیه (لاری کینگ) خه‌ریکی وت‌و وێژ له‌گه‌ڵ کابرای به ناوبانگی پڵێی بۆی و سێ دۆسته کچه‌که‌ی که به یه‌که‌وه له ماڵێکدا ده‌ژین، بوو. گۆیا یه‌کێک له‌م ناسکه کچانه به ته‌مایه شوو بکاته کابرای 80 ساڵه‌ی به ناوبانگ و خاوه‌ن پاره، ئه‌مه‌ش بۆته هۆی ئه‌وه بێنه سه‌ر تی‌وی و بیکه‌ن به رێیالیتی تی‌وی و کابرا که‌مێکیتریش ده‌وڵه‌مه‌ند بێ پێی و ئه‌م کچانه‌ش به ناوبانگ.... به خۆم ده‌ڵێم به من چی ژیانی خۆیانه! با بیفرۆشن به پاره و ناو... که‌مێک دواتر به‌رنامه ده‌گۆڕدرێ و پێشه‌کی کورته‌یه‌ک له باسه‌کان نیشانده‌دا که به‌شێکی له سه‌ر کوشتنی نامووسییه و بۆ چرکه‌یه‌ک وێنه‌ی دۆعا دێته سه‌ر تی‌وی... داده‌نیشم به دیاری.... پێکه‌نینم دێتێ به ئه‌م فشه‌یه و دوا به دوای یه‌ک هاتنی ئه‌م دوو پرۆگرامه! کابرای ڕاوێژه‌ر باسه‌که هه‌ر به‌م شێوه‌ی بیستومانه باس ده‌کات و دوو سێ که‌سی شاره‌زا که ئه‌ز قه‌زا دوویان کوردن دێن و قسه‌ی هه‌زار پات کراوه ده‌ڵێن. ئه‌نجامی قسه‌کان ئه‌وه‌یه که له‌م وڵاته وێران بووه هه‌ر که‌س ده‌توانێ و به خۆێ ئیزن ده‌دا خاوه‌ن گیان و که‌سایه‌تی ئه‌ویتر بێت، چ ئه‌وانی دۆعا به‌رده‌باران ده‌که‌ن، چ ئه‌وانی به تاوانی ئه‌و یه‌زیدێکانیتر گوله‌باران ده‌که‌ن، چ من و تۆ که پاڵ ده‌ده‌ێنه‌وه و قسه‌ی حه‌له‌ق مه‌له‌ق ده‌که‌ێن. هه‌موو خۆیان به‌رپرس ده‌زانن به هۆی خواکانیانه‌وه! به‌س نازانن " ده‌مێکه خواش ئه‌م وڵاته‌ی به جێ هێشتووه"*
بیر ده‌که‌مه‌وه، بریا خوا مه‌عنه‌ویه‌کانمان گۆڕیباوه به پاره، ئاوا بوونیت هه‌ست پێده‌کرد و په‌له‌قاژه‌ت بۆ وه‌ده‌ست هێنانی به پێی دیار بوونی ده‌بوو (وه‌کوو ئه‌م کچانه‌ی پڵێی بۆی) ! ئه‌وه‌نده‌ش به قه‌در نه‌ده‌بوو که گیانی خۆتی بۆ فیدا که‌ی، که نه‌تتوانی وه‌ده‌ستی بێنی لێی خۆش ده‌بووی..
---------------------------------------------------------------------
زۆرم پێ خۆشه بابه‌تێکی ڕێک و پێک له لایه‌ن شاره‌زایه‌کی مێدیاوه بخوێنمه‌وه که ئاڵ و گۆڕی هه‌واڵ و بڵاو بوونه‌وه‌ی ڕاستییه‌کان به‌م شێوه‌ی ئێستا هه‌یه باس بکات. چه‌نده مێدیایه‌کی ئازاد وه‌کوو ئینتێرنێت ده‌توانێ شوێن دا بنێ له سه‌ر بیر کردنه‌وه‌ی مرۆڤه‌کان؟ بۆ وێنه ماوه‌یه‌ک له‌مه پێش له وێبڵاگی "هه‌رێمی هیچ " دا ئه‌م بابه‌ته‌م خوێنده‌وه:
ئیزه‌دی و موسڵمان له شێخان کردیان به شه‌ڕ. کچێکی کورد له‌گه‌ڵ کوڕێکی ئیزه‌دی دڵداریان کردووه و غیره‌تی موسڵمانه‌کان قه‌بوڵی نه‌کردووه و چوون کچه‌یان کوشتووه و وابزانم کوڕه‌شیان کوشتوه و دوایی هێرشیان بردۆته سه‌ر په‌ره‌ستگاکانی ئیزه‌دییه‌کان و ئاگریان تێبه‌رداوه و بۆته شه‌ڕ له نێوان کورده موسڵمان و کورده ئیزه‌دییه‌کان.
وه‌ک بزانم ئه‌م بابه‌ته وه‌کوو هه‌واڵ بڵاو بۆته‌وه ، نه فیلمێکی بڵاو بۆته‌وه نه ده‌نگی له مێدیای گشتی بڵاو بووه. پێم وا نییه ئه‌م هه‌واڵه که‌متر له هه‌واڵی دۆعا دڵته‌زێن بووبێت به‌ڵام فیلمێک که بڵاو بووه ئه‌م هه‌سته‌ی زۆر دڵته‌زێنتر گه‌یانده مرۆڤه‌کانیتر! هه‌وه‌ڵ گۆپاڵیشمان له فیڵمهه‌ڵگر هه‌ڵێناوه که بۆ له جێی حه‌وڵدان بۆ نه‌جاتی کچه خه‌ریکی وێنه و فیڵمهه‌ڵگرتنه. به‌ڵام هه‌ر ئه‌وه بوو به هۆی ئه‌وه‌ی گشت مێدیاکانی دونیا ئه‌م هه‌واڵه ببیستن و باسی که‌نه‌وه( باسی شێوه‌ی باسه‌که‌یان و به‌رهه‌می ئه‌م باسانه ناکه‌م!) به‌س مه‌به‌ستم وه‌به‌ر چاو هاتنێتی!
-----------------------------------------------------------------------------------------------------------------------
* ئه‌م قسه‌یه هی کابرای ناو فیلمی Blood Diamond ه!
- ئه‌م بابه‌ته به ئیزنی "من و خوا" زۆر "من و خوایی" ده‌رهات!
په‌ریله‌ی سه‌رئاڵۆز به جێی هێشتم و سه‌فه‌رنامه‌که‌شی ته‌واو نه‌کرد... دوو هێند تاوانباره!
::link::
ئه‌گه‌ر گوڵەگه‌نم بڵێ وڵاته‌که‌ی من خوراوییه، ئه‌وه نییه که به‌ڕاستی خۆراوی بێت! هی ئه‌وه‌یه که من لێره‌م:)).
خۆشی سه‌فه‌ر و سیاحه‌ت ئه‌وه‌یه که لێده‌خوڕی لێده‌خوڕی و پاش 3-4 کاتژمێر ئاژوشتن بۆت دەردەکه‌وێ به‌ڵێ ئه‌وه ڕێگه‌مان بزرکردووه. به‌ڵام باوه‌ڕ که‌ن له ئێمه خۆش ئیقباڵ تر نییه. هه‌ر جاره‌ی بزربووین سه‌رمان له شوێنێکی خۆشتر له‌وه‌ی به‌ته‌ما بووین بچین، دەرهێناوه.
شوێنه‌کان ئه‌وه‌نده خۆش بوون ئه‌وه‌نده خۆش بوون، خه‌ریک بوو له تاو جوانی و بێهاوتایی دیمه‌نه‌کاندا خۆمان له که‌نده‌ڵانێکدا بخه‌ینه خواره‌وه و یان له‌وه‌یش خراپتر بشعرێنین. جێتان خاڵی که له خۆشی خۆرئاوابوون و ئاوی شین و دارودەوەندا چۆن که‌وتبووینه هۆره گوتن.
ڕۆژی شه‌شه‌م: به‌ڕێکه‌وتن و لێخۆڕین له‌گه‌ڵ شۆفێری کارامه و گه‌یشتن به‌و شوێنانه‌ی لێی بزربووین و بووین به شاعیر و هتد. ده‌ڵێم ده‌وڵه‌مه‌ند چه‌نده خوا پێداون و چه‌نده شوێنی خۆش خۆش دەدۆزنه‌وه لێیبژین. هه‌رچه‌ند سه‌ره‌تاتکێمان کرد به‌ڵکو پیره‌پیاوێک، پیره‌ژنێک، کوره کچێکی نازدار بۆ کوڕه‌که‌م له‌و شوێنه خوا پێداوانه‌دا بدۆزمه‌وه که ژن و ژنخوازی بکه‌ین، که‌سمان نه‌دی به‌تاڵ بێت!
ڕۆژی حه‌وته‌م: دووکه‌ڵ و بۆن و پارلمانێکی های بوو...
هه‌ر هه‌مان ڕۆژی حه‌وته‌م... ناخۆشترین تام: بابڵ تی... ئاوی شووتی به تامی لاستیكی لینج له بنی دداندا!
به‌ڵام شۆفیری گوڵه‌گه‌نم خان گیان،
ڕه‌وان، ساف، به برێکی له‌ناکاو و ستۆپی چاوه‌ڕواننه‌کراو. ئه‌گه‌ر ده‌ته‌وێ فێری شوفێری به خێراترین کات ببیت، وه‌رن بۆۆۆۆۆۆۆۆ ئێره بۆ لای گوڵه‌گه‌نم خان گیان... به تایبه‌ت پسپۆڕ له پارککردندا به شێوه‌یه‌کی جوان و دروست!
ئاگاداری: ئه‌گه‌ر ژێر 18 ساڵیت، ئه‌گه‌ر نه‌خۆشی دڵ و گوشاری خوێنت هه‌یه، وا بزانه ئه‌و ڕیکلامه‌ی سه‌ره‌وه‌ت هه‌ر نه‌بینیوه.
مه‌چکۆ گیان، من له دوورم تۆ له دووری به‌مجۆره هیچ خۆش نییه دڵداری. چاوه‌ڕوانی یاپراخی له‌یلوووش وه‌کو چاوه‌ڕوانی گۆدۆ وایه... دۆڵمه لێنان فێر به تا دێمه‌وه!
::link::
له به‌رخاتری گوڵه‌گه‌نم ئه‌وا نووسیم، که‌واته هه‌م و لێره‌م.
هه‌رکات گوڵه‌گه‌نم ده‌هاته لای ئێمه ده‌که‌وته پرته‌وبۆڵه: هه‌وای ئه‌وێ ناخۆشه، ئای سارده، ئای دڵم ته‌نگ بوو بۆ کانادا و ماڵه‌که‌ی خۆم و هه‌زار نازونووزی تر. ده‌ی ناهه‌قیشی نییه خانم خۆشه‌ویسته و به‌هه‌موومان هه‌وڵمان ده‌دا نازی بکێشین. به‌ڵام تو سه‌ری خۆتان، ئاخر که‌س هه‌یه مانگی دوو بێت بۆ ستۆکهۆڵم و داوای هه‌وای گه‌رمی مه‌یامی ئاسا بکات؟! ئێ له کورتیدا بیبڕمه‌وه که منیش به خۆم و ته‌شریفه‌کانمه‌وه هاتم بۆ ئه‌م وڵاتی ئه‌وبه‌ر ئاوه... چ بیبینم، خوایه چاوی دوژمنتانیش شتی ئاوهای به‌رچاو نه‌که‌وێت. گه‌واڵه هه‌وری بۆری چڵکن به ئاسمانی ناوچاو تووڕه‌ی ساردوسڕه‌وه نووساو، شار خۆڵه‌مێشیی ده‌کرده‌وه منیش که به ته‌مای خۆرێکی خۆشی وەکو لای که‌می وڵاته‌که‌ی خۆمه‌وه هاتبووم و به‌رگی نیوهاوینەم له‌بەر کردبوو چۆقه‌ی ددانم ده‌هات. ئه‌مه یه‌که‌م ڕۆژ...
دووه‌م ڕۆژ: کابرا دڵی خۆشه له ماوه‌ی 80 ڕۆژدا به‌دەوری زه‌ویدا خوولیداوه. ئینجا چییه منیش له‌ماوه‌ی 3-4 کاتژمێردا شه‌رق و غه‌ربی دنیام کرد و گه‌ڕامه‌وه بنکه‌که‌ی خۆم و ده‌ستکه‌وته‌کانیشم خواردنی خۆش و "دۆنات" بوو.
سێیه‌م ڕۆژ: ئایی ئه‌و هه‌موو ئاوه چۆن به ته‌وژم دێنه خواره‌وه! سوبحانه‌ڵا له گه‌ورەیی و عه‌زه‌مه‌تت! به‌ڕاستی جوان بوو. نازانم ئه‌و هه‌موو ژاپۆنییه له کوێوه په‌یدا بوون. ئه‌و هه‌موو ئاو و ژاپۆنییه!!! فێری قومارکردنیش بووم و عانه‌یه‌کم نه‌دۆڕاند بگره بردمه‌وه به‌ڵام چونکه گوڵه‌گه‌نم حه‌سوود بوو ئه‌و چه‌ند عانه‌یه‌ی بردبوومه‌وه پێی دۆڕاندم... خوایه گیان، من لێی خۆشده‌بم تۆ که‌یفی خۆته!
چواره‌م ڕۆژ: جارێکی دی بێیت و بڵێی هه‌واکه‌تان ناخۆشه، وێنه‌ی ئه‌م ڕۆژه‌ت پیشان ده‌ده‌م!
پێنجەم ڕۆژ: له‌م ڕۆژه‌دا به خۆمم گوت، مه‌رگ حه‌قه... غه‌ریب و ته‌نیا وه‌یلانی شاران بووم. ئه‌ی هاوار هه‌ی... کچه گوڵ له کوێییییییییی!!!
ئامۆژگاری؛ ئه‌گه‌ر هاتی بۆ لای گوڵ ده‌ستم دامێنت ئه‌گه‌ر پێیگوتی من کارێکم هه‌یه و ها ئه‌وه کامێرا بخه ملت و خۆت بگه‌یه‌نه ئه‌و گوزه‌ره و له‌وێوه ده‌چییه ئاسمان و شتی سه‌یر سه‌یر ده‌بینی، ده‌ستم دامێنت، دووبارەی ده‌که‌مه‌وه نه‌که‌ی وا بکه‌ی. ئه‌وه سه‌فه‌ری هات و نه‌هاته... ده‌چییه حه‌لحه‌له‌ی ئاسمان و ئه‌گه‌ر شانست هێنای دێته‌وه خوار ئه‌گه‌ر نا ئه‌وه انا لله وانا الیه را‌جعون! جا ئیدی ئه‌وه پێمگوتی نه‌ڵێی هیچت نه‌گوتووه!
ڕۆژی شه‌شه‌م: که‌شفم کرد فه‌تح و فتوحی ناپلیۆن ئه‌وه‌نده‌یش ئازایه‌تی ناوێت، به‌سه گۆره‌وییه‌کانت پیس و بۆگه‌ن بن بۆ ئه‌وه‌ی له‌شکری دوژمن به ڕاکردن گیانی خۆیان ڕزگار بکه‌ن. که‌وشه‌کانی ئاندێرا گاندیش له‌وه‌ی من ده‌چێت، ده‌ڵیی نا، له‌و کچه هندییه‌ی وێنه‌ی که‌وشه‌كانی ئه‌وی ده‌گرت بپرسه!
سه‌رئاڵۆز: ئه‌م ناونیشانه له پێشدا سه‌فه‌رنامه‌یه‌ک بوو، دوایی گۆڕا به سه‌فه‌رنامه‌ی ڕۆحێکی په‌رێشان، پاشتر به باشمان زانی بگۆڕدرێت به سه‌فه‌رنامه‌ی قژلوولێک. ئینجا گوڵه‌گه‌نم پێیوابوو قژلوول شیکه!!!!! کرا به سه‌رئاڵۆز! منیش ئاڵۆزم بۆ بیر بیستووه به‌ڵام چیبکه‌م خۆتان ده‌زانن میوان چی ساحیب ماڵه. هه‌ڵبه‌ته ده‌واری ساحێب ماڵه
::link::
What I Will
I will not
dance to your war
drum. I will
not lend my soul nor
my bones to your war
drum. I will
not dance to your
beating. I know that beat
it is lifeless. I know
intimately that skin
you are hitting. It
was alive once
and hunted stolen
stretched. I will
not dance to your drummed
up war. I will not pop
spin break for you. I
will not hate for you or
even hate you. I will
not kill for you. Especially
I will not die
for you. I will not mourn
the dead with murder nor
suicide. I will not side
with you nor dance to bombs
because everyone else is
dancing. Everyone can be
wrong. Life is a right not
collateral or casual. I
will not forget where
I come from. I
will craft my own
drum. Gather my beloved
near and our chanting
will be dancing. Our
humming will be drumming. I
will not be played. I
will not lend my name
nor my rhythm to your
beat. I will dance
and resist and dance and
persist and dance. This
heartbeat is louder than
death. Your war drum ain't
louder than this breath.
(dedicated humbly to June Jordan)
Suheir Hammad
::link::
هه‌موو رۆژێ کۆمه‌ڵێک ئیمه‌ێل ئاڵێرتی کارێم بۆ دێ. له‌م ئیمه‌ێلانه‌ی خۆت ناونووس ده‌که‌ی بۆ ئه‌وه‌ی ئاگادارت بکه‌نه‌وه سه‌باره‌ت به‌م کارانه‌ی هه‌یه و له دوییان ده‌گه‌ڕێی. که‌مێک وه‌کوو کوبڕا خاتوونی جیرانمان ده‌چن که کاتێک سه‌وزی فرۆش و نه‌وت فرۆش ده‌هاتن بۆ کوچه‌که‌مان ئاگاداری ده‌کردینه‌وه، نه‌کا پێوستمان پێی بێ و له کیسمان بچێ! به‌س ئاگادارکردنه‌وه‌کانی کوبرا خاتوون هه‌موو به جێ بوون و له خۆڕایی هاواری نه‌ده‌کرد، به‌ڵام ئه‌م ئیمه‌ێل ئاڵێرتانه زۆربه‌ی کات له خۆڕایی هات و هاوارێ ده‌که‌ن بۆ هیچ!
به‌ڵێ دیسان بێکارم و له کارێ ده‌گه‌رێم، ورده ورده بڕوا به‌مه دێنم که من کار و کارفه‌رما فڕێندڵی نیم! نه من خۆشم له کار دێ نه کار خۆشی له من دێت بۆیه وه‌ک ته‌نبێ هه‌ر ده‌بێ له کار بگه‌رێم! ڕوی بابی پاره ڕه‌ش بێ که ده‌بێ کاری بۆ بکه‌ی، ده‌نا وازم لێ دێنا!
به‌شێک له رۆژ که خه‌ریکی بیر کردنه‌وه له کارم به خه‌یاڵ پڵاو ده‌گووزه‌رێ، 1000 بیری ئاڵۆز دێن و ده‌رۆن، 1000 کار و پیشه‌ی ده‌گۆڕم و ئاخری رۆژێ هه‌ر منم که له سه‌ر جێی خۆم دانیشتووم و سه‌رم ده‌خورێنم بزانم به‌یانی چ بکه‌م؟
یه‌کێک له‌م خه‌یاڵ پڵاوانه کردنه‌وه‌ی کتێب فرۆشییه، ده‌ڵێم ئه‌وه کارێکه به دڵمه! دوایی بیر له ئیندیگۆ و چه‌پتر ده‌که‌مه‌وه که تا ئه‌وان هه‌بن ، کوا ده‌توانم کتێب بفرۆشم، ئێره وڵاتی کاپیتالیسمه! ده‌ڵێم خۆ ئه‌وان کتێبی کوردی نافرۆشن، با بیکه‌مه کتێب‌فرۆشی کوردی، که‌مێک بیر کردنه‌وه به‌سه که بزانم به‌م کاره له برسان ده‌مرم، کورد که‌ی کتێب ده‌خوێنێته‌وه؟ دوایه کام کتێبی کوردی؟ به‌خۆم ده‌ڵێم دیسان له هیچ باشتره، بۆ ئه‌وه‌ی بازاره‌که خۆش بێ، قاوه‌خانه‌یه‌کی بچووکیش بکه‌وه له ناو کتێب فرۆشییه‌که بزانه خه‌رجی دووکانه‌که‌ت دێته ده‌رێ یا نا؟ ده‌ی قاوه‌خانه بیرێکی باشه به‌ڵام ده‌بێ یه‌کی سه‌ر و ڕو خۆش چای و قاوه بدات به موشته‌ری... ئه‌م چڕ و نێوچاوانه‌ی من بۆ قاوه‌چی نابێ، به‌سه جارێک چای له پێش یه‌کێک دانێم ئیدی ته‌رکی چای خواردنه‌وه‌ش ده‌کات! ده‌ێ ئه‌گه‌ر یه‌کێکیش دامه‌زرێنم ئه‌وه هه‌رچی به‌رهه‌می دووکانیش ده‌بێ ده‌بێته حه‌قده‌ستی کاری ئه‌و! ئێستا که وایه با هه‌ربیر له کار و کاسبی نه‌که‌مه‌وه و دیسان بگه‌رێم له کاری ماجبخۆری! که‌س هه‌یه کاری داتابێسی پێ شک بێ؟
::link::
ئه‌مرۆ یا دوێنی بووم به 37 ساڵ! جاران لێم روون بوو که رۆژی 17 ڕێبه‌ندان له داییک بووم، به‌ڵام جاران 17 ڕێبه‌ندان و 6 ی مانگی دووی زایینی یه‌ک ڕۆژ بوون! ئه‌وه چه‌ند ساڵه ئه‌م دوو ڕۆژه ده‌گه‌ڵ یه‌ک نین و من نازانم کام ڕۆژ ڕۆژی منه! گرینگ ئه‌وه‌یه چ دوێنی با چ ئه‌مرۆ ئه‌وه بووم به 37 ساڵ !
ئه‌و کات که گه‌نجتر بووم پێم وا بوو 35 ساڵ ته‌مه‌ن به‌سه بۆ ژیان، ئێستا که 35 م تێپه‌راندۆ ده‌زانم خۆ هێشتا نه‌ژیاوم و دووهێندیترم ژیان ده‌وێ! هه‌روه‌ها جاران پێم وا بوو که‌سێکی 37 ساڵه زۆر ده‌بێ گه‌وره و ماقوڵ بێ، به‌داخه‌وه ئه‌وانه‌ش هه‌ست پێ ناکه‌م، 20 ساڵ پێش خۆم چه‌ند پێ گه‌وره بوو ئێستاش هه‌ر ئه‌وه‌نده گه‌وره‌م، ماقوڵ بوونیش که هه‌ر هیچ باسی نه‌که‌ێن باشتره!
دیسان بگه‌رێمه‌وه جاران، جاران هه‌رکاتێک ته‌مه‌نم ده‌گووت زوو ده‌یانگووت ، نا لێت نایه ئه‌وه‌نده بی، گه‌نجتر دیاری! چه‌ند ساڵه که ته‌مه‌نم ده‌ڵێم که‌س هیچ ناڵێت! یانی گه‌وره بووم ئاخری ....
::link::
