۱۳۸۳/۱۱/۱۰

سه‌هۆڵ


شه‌خته
ئاوی لوتم ڕاناوه‌ستێ، سه‌رم دێشێ، گه‌ڕووم ده‌برژێته‌وه! كورت و كرمانجی سه‌رمام بۆ!
له سه‌هۆڵبه‌ندانی هه‌فته‌ی پێشووی ئێره‌دا كه پله‌ی سه‌رما گه‌ێشتبوو -40 و ئێره وه‌ك جه‌ههنه‌م سارد ببوو( جه‌هه‌نه‌م لای من زستانان سارده و هاوینان گه‌رم!)، من له ژێر ئه‌م په‌نجه‌ره پڕ نه‌قش و نیگاره ده‌خه‌وتم! سه‌یر ئه‌وه‌یه ژووره‌وه‌ی په‌نجه‌ره سه‌هۆڵ بوو و ده‌ره‌وه‌ی هه‌ر وه‌ك خۆی بوو!

له مێترۆ که دێمه ده‌رێ زۆر جاران ژن و پیاوێکی به ته‌مه‌ن ده‌بینم که دوو به دوو داڵانه‌کانی ویستگه‌ی مێترۆ پڕ ده‌که‌ن له ده‌نگی موسیقایه‌کی خۆش... ژنه به کیبۆرد و پیاوه به ویۆڵۆن، دوو به دوو وه‌ک ده‌سته‌ی موسیقایه‌کی ته‌واو دیارن. زۆر جار که ئه‌وان ده‌بینم هه‌نگاوه‌کانم شل ده‌که‌مه‌وه تا زۆرتریان ببیستم و هه‌موو جار سه‌رم سووڕ ده‌مێنێ که چۆن ئه‌م جووته وا له سه‌ره‌خۆ ئه‌م هه‌موو ده‌نگه ڕێکه ده‌ردێنن... ده‌ستی ژنه به ئارامی له سه‌ر کلیده‌کان دێت و ده‌چێ و پیاوه ئاڕشه‌ی ویۆلۆنه‌که‌ی به ئارامی دێنێت و ده‌با، به‌ڵام ده‌نگی مۆسیقایه‌کی به هێز و به‌رز هه‌موو ئه‌م داڵانه پڕ ده‌که‌نه‌وه... تاوێک له بیرم ده‌چێته‌وه له کوێم و پێم وایه له ساڵۆنێکی گه‌وڕه‌ دانیشتووم و خه‌ریکی گوێ گرتن له سه‌مفۆنی ده‌سته‌یه‌کی ته‌واوم تا ده‌ستێک شۆڕ ده‌بێته‌وه و جرینگه‌ی قه‌ڕه‌پوڵێک که ده‌که‌وێته ناو کیفی ویۆلۆنه‌که وه‌بیرم دێنێته‌وه ئێره ویستگه‌ی یانگ و فینچه و ئه‌م جووته‌ش دوو قه‌ره‌جی ئاوا‌ره وه‌ک خۆمن! له‌م وڵاته بۆ هه‌موو که‌س شوێنێک هه‌یه و که‌س جێ له که‌س ته‌نگ ناکا، به‌ڵام دیسان که‌س له سه‌ر شوێنی خۆی نییه...




۱۳۸۳/۱۰/۲۶

هه‌فته‌یه‌که ئاگام له دونیای ئینتێرنێت نییه و لێێ هه‌ڵبراوم، ئێستا که هاتوومه‌ته‌‌وه ده‌بینم چه‌ند ڕۆژه ئه‌م شوێنه‌ی ساێتی ژنی له سه‌ر بوو سۆنامی لێیداوه و قه‌پات کراوه ، ئه‌م ماڵه‌ی بۆ وێبڵاگئاواشم دروست کردبوو هه‌ر له سه‌ر ئه‌م شوێنه بوو... وا دیاره ماڵی نوێ بۆ وێبڵاگ ئاوا پێوه‌مان نه‌هات... ئێستا ده‌بێ بگه‌ڕێم شوێنێکی باش (یانی هه‌رزان) بدۆزمه‌وه ، تا ئه‌و کاتی چاوه‌ڕێی ئاڵ و گۆڕ ناتوانین ببین...



۱۳۸۳/۱۰/۱۵

هیچ ده‌زانن بۆ هه‌ر بابۆڵه‌یه که ساز ده‌بێ چه‌ند قاب و قاچاخ پیس بۆ و شۆراوه؟ نا ده‌زانم نازانن... پێتان وایه بابۆڵه بابۆڵه‌یه و هیچ پێیه‌وه تێوه‌رنادرێ، ده‌ی بۆ ئه‌وه‌ی بزانی وا نییه بیر له‌و ته‌شته‌ی بکه‌وه‌ هه‌ویری تێیدا شێڵدراوه هه‌تا ئه‌م سوزمه‌یه‌ی سه‌وزی تێیدا شوشتراوه‌ته‌وه!... پیشتی سه‌حنه‌ی بابۆڵه پێچان زۆر شپرزه‌تره له‌وه‌ی وه‌به‌ر چاو دێ!