۱۳۹۲/۰۱/۰۹

بوێری

له‌وه‌تی لێره ده‌نووسم قه‌ت نه‌مشاردۆته‌وه کێم، له‌وه‌ی نووسین به ئاشکرایی بوێری ده‌وێ  زۆر ئه‌رخه‌یان نیم، به‌ڵام بێ یه‌ک و دوو، نووسینی ئه‌وه‌ی به مێشکت دادێ بوێری ده‌وێ.... ترس  زۆرن، له وه‌ی ڕا بکه‌وی به‌ر ئاماژه‌ی ئه‌وه‌ی بیر و ڕای له‌گه‌ڵت یه‌ک نییه  بگره تا ئه‌وه‌ی خڕاپ لێت تێبگه‌ن .   پێوانه‌ی بوێری من ڕێک هاوسه‌نگه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی من ده‌وێرم بینووسم و نه‌ترسم که‌سێک بیخاته به‌ر قه‌زاوه‌تی خۆی، جا ئێستا ئه‌وه‌ش ده‌بێته پرسیار ئه‌و که‌سانه کێن... ئه‌گه‌ر که‌سێک نه‌بێ بیخوێنێته‌وه، نووسین لێره وەکوو نووسین له ده‌فته‌رێکی بێ سه‌ر و شوێن وایه. بوێری مانای نامێنێ، هه‌ر وەها خۆ سانسۆر کردن!
 ژماره‌ پێوی ئێره ده‌ڵێ، که‌س ئێره ناخوێنێته‌وه ئیلا که‌سێک له روسیا وه! جا ئه‌و که‌سه کوردی دەزانێ یا کورده یا ڕێگای لێ ون بۆت هاتۆته ئێره، ئه‌وه‌ی نازانم.... ئه‌و خوێنه‌ره‌ش وەکوو من خۆی سانسۆر دەکات چون بێجگه له شوێنی پێێ هیچی دی دیار نێ... ئه‌گه‌ر کوردی دەزانی: سڵاو خوێنه‌ری نیشته جێی روسیا!
.....

ڕۆژی هه‌وه‌ڵی ساڵی ٢٠١٣ رۆژمێرکم کڕی ئه‌وشتانه‌ی له بیرم دەچێ تێیدا بنووسم... هه‌ر هه‌فته‌یه‌ک له سه‌رم نووسی و دوایه چۆ به دۆڵێدا... دیتم دەستم ڕەقه بۆ نووسین و خەتم گه‌ڵێک ناخۆشتر بۆت... له‌گه‌ڵ پێنووسی خۆم بێگانه‌ بووم، یه‌کێک له‌و شتانه‌یه وەکوو ئه‌جیندا دامنابوو، نووسینی ئه‌و شتانه‌ی پێم خۆشه لێره بوو. وابزانم ئه‌وه‌ش ده‌گه‌ڵ ڕۆژمێڕه‌که په‌ڕ په‌ڕ بوو.

ئه‌و مانگه‌ی فیلمم زۆر دیوه، نێتفلیکس سڵامه‌ت بێ! ئێستا وۆۆدی ئاڵێنم خۆشتر دەوێ، و دەزانم جیم جارمووش ده‌رهێنه‌ری ژماره یه‌که بۆ من.... نووسیم له بیرم نه‌چێ!
باسی بوێری بوو... ده‌ڵێم که‌سێک که له ژیانیدا سه‌رکه‌وتوو بوو بوێری زۆرترە له‌وه‌ی له هه‌موو حاله‌تێکدا خۆێ بێت.... ئه‌وانیتریش زۆڕتر مه‌ێدان دەدەن به که‌سێکی سه‌رکه‌وتوو خۆێ دەڕ ببڕێ تا ئه‌وه‌ی هه‌میشه له هه‌ر هه‌نگاوێک دا دۆڕاوە... باسی سه‌رکه‌وتوویی تاێبه‌ت نییه، ده‌توانێ زۆر شت سه‌رکه‌وتن بێ،  به‌ڵام ئه‌نجامی له سه‌ر بوێری که‌سێک هه‌ر شتێکه.


وۆۆدی ئالێن بوێره، ماوەیه‌کی زۆر به خۆی و که‌م و کورتێکانی پێکه‌نی و خستییه به‌ر قه‌زاوه‌تی خه‌ڵک تا به‌م جۆره‌ی که هه‌یه سه‌رکه‌وتنێکی ده‌ست که‌وێ  که هاسان به ده‌ست نایه... ئه‌وانیتر که‌سایه‌تی ئه‌ویان هه‌ر ئه‌و جوورەی که هه‌یه قه‌بووڵ کردوه...  گه‌رچی ده‌گه‌لیشی هاودەنگ نه‌بن. به‌خیلیم پێ دێ!

 

۱۳۹۱/۱۱/۲۰

پیری

چه‌ند ساڵێکه له رۆژی له داییک بوونم دا به پوتێک شه‌کریش ناخوردرێم، ئه‌وه‌نده خوێنتاڵ و ڕه‌زا گران ده‌بم.  به ده‌ست خۆم نییه، پیری هه‌ست پێده‌که‌م و هه‌رچه‌ند پێم وابوو هیچ فه‌رقی پێناکه‌م به‌ڵام پێی قه‌ڵسم و توڕه‌یی خۆم به سه‌ر هه‌وڵ که‌سی تووشم بێت به‌تاڵ ده‌که‌م ئه‌ویش دیاره کێیه. له‌وه‌ی رۆژه‌کان تێده‌په‌ڕن و هیچ شتێک ئه‌وه نییه به دڵم بێت هه‌ست ده‌که‌م ده‌ی ئه‌و گه‌ڕه‌ی هه‌ڵپه‌ڕکێش ته‌واو بوو منی خوێریش به دڵی خۆم هه‌ڵنه‌په‌ریم.  تێناگه‌م تا ئێستا چۆناوچۆن بام جا که‌ێفم ساز ده‌بوو و ده‌مکووت ئۆخه‌ی تا ئێره هاتووم به‌ڵام به دڵی خۆم بۆت! هه‌ر ئه‌و دڵه خوێریه له مێژه هیچی ناوێ!
جاران بۆ ڕابردووم ئامانجێکی خه‌یاڵیم هه‌بوو، بۆ وێنه ده‌مکووت بریا ده ساڵ له‌وه‌ پێش فڵان کارم کردبا به‌ڵکوو ئێستا فڵان شت قه‌ومابا! به‌ڵێ ڕاسته خه‌ڵکی ماقووڵ و تەواو ئامانجیان بۆ داهاتوو هه‌یه هی من هه‌میشه بۆ ڕابردوو بۆت! به‌ڵام ئێستا ده‌ڵێم فڵان کاره‌که‌شم کردبا ئێستا هیچ نه‌ده‌قه‌وما!
ئه‌وه نه‌قڵی دوو ڕۆژ پێشه و ئێستا ئه‌وه‌نده تووڕه نیم گه‌رچی بێئومێد هه‌ر هه‌م....ئێستا کاتی ڕاست دوای شان هه‌ڵته‌کاندنه و چش کووتنه و تێپه‌رکردنی باقی ڕۆژه‌کان هه‌ر وه‌ک پێشوو!
به هۆی فه‌رامۆشییه‌وه
(تۆ ناوی بنێ که‌مته‌رخه‌می) نه ڕۆژی له داییک بوونی که‌سم له بیره نه دڵی که‌س خۆش ده‌که‌م له ڕۆژه‌کانیاندا . به‌ڵام به عاده‌تی " جاست ئه‌ز ئیز" که ده‌بینم له سه‌ر فێسبووک یه‌کێک رۆژی له داییک بوونێتی پیرۆزبایی لێده‌که‌م، جا چ بۆم گرینگ بێت یا نا.  تووڕه‌یی ته‌مه‌ن وای لێکردم رۆژه‌که‌م له سه‌ر ئه‌وێ پاک که‌مەوە بۆ ئه‌وه‌ی که‌س پیرۆزبایی نه‌کا و وەبیرم نه‌هێنێته‌وه... حه‌وسه‌ڵه‌ی لایک دانانیشم نه‌بوو! به‌ڵام خوشکه‌که‌م و کیسه بۆکسه‌که‌م نه‌یانهێشت تووڕه بمێنم ،بێ فێسبووک له بیریان نه‌چووبۆوە و حه‌ولییان دا شه‌وێکی خۆشم بۆ ساز که‌ن... هه‌رچه‌ند ئه‌و شه‌وه وه‌ک ماری سڕ وابووم به‌ڵام به‌یانی که بۆ په‌ریم باس ده‌کرد له دڵی خۆمدا گووتم ده‌ی چیدیت ده‌وێ؟ خوشکێک که به هه‌ر شێوه‌یه‌ک له ده‌ستی بێت یارمه‌تیته به‌رانبه‌ر به تۆ خۆی به‌رپرس ده‌زانێ، هاوژیانێک که بۆتە کێسه بۆکسی تۆ و هه‌ڵبه‌ت گه‌نمیله‌یه‌ک که تاو نا تاوێک دێت و له باوەشت ده‌کا و ماچت ده‌کا و ده‌ڵێ"دایه خۆشم ده‌وێی"
له گه‌نمیله فێر به، زۆری نه‌ماوە ئه‌م گه‌ڕه هه‌ڵپه‌رکێ.
گوڵاله، یار، دیلان،به‌یان، با زیبا، له‌ێلا، روونی،فه‌رناز، په‌ری خۆشم ده‌وێن.

۱۳۹۱/۱۱/۱۲

Should I?

پرسیارێکە وەڵامی دروست و هه‌ڵه‌ی نییه! که‌سێک واگۆنێک لێ ده‌خوڕێ، ده‌بینێ ٥ کەس لە سه‌ر ڕێگاکه‌ی خەریکی کارێن و تورمووزی واگۆنه‌که‌ش کارێ ناکا به‌ڵام ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌ی هه‌یه باداته‌وه سه‌ر رێگه‌یه‌کیتر کە هه‌ر کەسێک کاری له‌ سه‌ر ده‌کا و دوایه ده‌گه‌رێته‌وه بۆ سه‌ر رێی پێشوو... ئه‌گه‌ر باداته‌وه ئه‌و که‌سه بێگۆمان ده‌کوژرێ به‌ڵام ٥ که‌سه‌که‌ی دی ره‌نگه بتوانن هه‌ڵێن. بادانه‌وه له بار ئه‌خلاقییه‌وه درووسته یا نا؟
سێناریوی دووهه‌م: دوکتوورێکه که زۆر شاره‌زایه له په‌ێوه‌ندی ئازای له‌شه‌وه و ٥ نەخۆشی هه‌یه هه‌موو چاوه‌رێی مردن به‌ڵام په‌ێوه‌ندی ئازای پێویستییان، دڵ و گورچیله و سیپه‌ڵاک و ... له مردن نه‌جاتیان ده‌دات... هه‌مان رۆژ کابرایه‌کی ساخ دێته لای ئه‌م دوکتۆره که ئازای گیانی بابه‌ته بۆ ئه‌م ٥ نه‌خۆشه، دوکتور ده‌توانی کابرا له‌ت و په‌ت کات و ٥ نه‌خۆشه‌که‌ی خۆی نه‌جات دا... ئه‌گه‌ر وا بکات کاره‌که‌ی له بار ئه‌خلاقییه‌وه دروسته یا نا؟


ده‌ی پێتان وایه کوشتنی که‌سێک له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی که‌سێک به حاڵی خۆی دانێی بمرێ (کاتێک له ده‌ستت دێ کارێک بکه‌ی نه‌جاتی  بێ) جیاوازی هه‌یه؟

له تێسته‌که‌ی دا وه‌ڵامم داوه نا به هه‌رتکیان.... مه‌به‌ستم زۆرتر ئه‌وه بوو، من بۆم نییه به کابرای شۆفیر یا دوکتور بڵێم چ بکه‌ن یا نه‌که‌ن! له روانگه‌ی منیشه‌وه کوشتن ده‌گه‌ڵ وێڵ کردن جیاوازی هه‌یه! ده‌ی تا ئێره هه‌موو  وەڵامەکانم ده‌گه‌ڵ یه‌ک ده‌هاتنه‌وه.
پرسیاری دوایه ئه‌وه‌یه: شوفیری سناریوی هه‌وه‌ڵ پێش ئه‌وه‌ی بتوانێ هیچ بکات بێهۆش ده‌بێ، به‌ڵام من ده‌توانم به پاڵ پێوه‌نانی سویچێک رێگای بگۆڕم بۆ لای تاقه کارگه‌ری قوڕ به‌سه‌ر! ئایا ده‌ێگۆڕم؟؟؟ ده‌ی منیس کووتم ئا!!!! وه‌ڵام هاته‌وه لێره‌دا ده‌گه‌ڵ برواکانی پێشووت نایه‌ته‌وه!!!! به‌ڵام ئێستاش حازر نیم له جێی دوکتورەکە بام یه‌کی ساخ بکه‌م به قوربانی ٥ی دی! نا له ده‌ستم نایه.... زۆر تێکه‌ڵم نا؟

Should You Kill The Backpacker?

۱۳۹۱/۱۱/۱۱

بێقه‌رار

بۆ ئەوه‌ی بزانی چه‌نده بێ قه‌راری، به‌سه که‌ترییه‌ک ئاو وه‌سه‌ر نێی و ڕاوه‌ستی سه‌ری تا ده‌کوڵێ! ئه‌گه‌ر چه‌ند جار ده‌ستت بۆ برد و ئاوه‌که‌ت که‌م کرد یان جێگاکه‌ت جێبه‌جێ کرد  یان تینی گەرمات زۆرتر کرد،  دیاره وه‌ک خۆم بێقه‌راری.

ڕۆژێک که خه‌ریک بووم وەزگ بده‌م له فسه فسی هاورێیه‌کم کاتی چێشت لێنان، تاریفی کار جوانی خۆم ده‌کرد که له‌و ماوه‌یه‌ی دا ئه‌و سالادێکی ساز ده‌کا من ٣ چێشتم لێناوه! له سەرەخۆ کووتی ده‌زانم زۆر ئازای و به نیو ساعه‌تان ماڵێک چێشت ده‌ده‌ی، به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ی ده‌ڕێژی و ده‌پڕژێنی رۆژێک ده‌گرێ تا پاشه‌ڵت کۆ کرێته‌وه و پاک کرێته‌وه !
دیتم ڕاست ده‌کا! به په‌له کار کردنی من حوسنێکی هه‌یه و هه‌زار عه‌یب!
 تا ئێستا نەبۆت کارێکی ته‌واو که‌م و بێ عه‌یب بێت.... ڕاست ده‌فه‌رمووی هه‌ر خوڵایه بێ عه‌ێبه! به‌ڵام ئه‌ی ئه‌و هه‌موو به‌نده  خوڵایه‌ی هه‌موو ڕۆژی ده‌ستکردی بێ هه‌ڵه و ڕێکی خۆیان ساز ده‌که‌ن ، له کوێرا دێن؟

چه‌ند ساڵ پێش بوو لاقم وه‌رگه‌ڕا و دوو سێ ڕۆژان ده‌بوو قالبێکی زل لە پێم کەم و له به‌ر لاق هێشه و ئه‌و که‌وشه ناچار سه‌بر سه‌بر ده‌رویشتم و نازانن چم به سه‌ر ده‌هات که ده‌مدیت ئوتوبووس و مێترۆ له پێش چاوم ده‌هاتن و ده‌رویشتن و من ناتوانم بیانگه‌مێ... ئێستا که من توانای هه‌ڵاتنم نه‌بوو، هه‌ڵات هه‌ڵاتی خه‌ڵک بۆ گه‌ێشتن به ئوتوبووسی پێشه‌وه زۆر سووک  و چرووک بوو و منیش هه‌ستی شاعیرانه‌م هاتبوو و ده‌مکووت ئه‌رێ ئه‌و خه‌ڵکه بۆ کوێ هه‌ڵدێن، بۆ تاوێک ڕاناوستن چاوێک له ده‌ور و به‌ریان بگێڕن! دوو سێ رۆژ دوایه که لاقم چاک بۆوه، هه‌ست و مه‌ستی شاعیرانه‌ش نه‌ما و هه‌مان هه‌مان منیش  به هه‌ڵاتان خولۆر بوومه‌وه ناو ئاژه‌لی دوو پێیان!

 ئه‌و کاتی که دوو گیان بووم به تاێبه‌ت مانگه‌کانی ئاخرێ، له به‌ر قورسایی خۆم و له به‌ر خۆ پاراستن له که‌وتن و پاڵ پێوه‌نانی ئه‌وانیتر زۆر به سه‌برا و له سه‌ره‌خۆ ده‌رویشتم. ئه‌وکات تازه زانیم هه‌موو ئه‌و هه‌ڵات هه‌ڵات و بگره و بکووژه‌ی من ده‌مکرد به لانی زۆره‌وه هه‌ر ٥ ده‌قه زووتر ده‌مگه‌ینێته‌وه. 

هه‌موو ئه‌و ته‌جره‌بانه نه‌بوونه هۆی ئه‌وه‌ی دیسان به دوای مێترۆ دا هه‌ڵنه‌یه‌م و دوو پلیکانان نه‌که‌مه یه‌ک و چێشتی نه‌سووتێنم و نامه‌ی ئیداری بێ هه‌ڵه نه‌نێرم و .....هه‌زاران  په‌له وهه‌ڵه‌ی سوری تر.  هه‌ر به‌س ئه‌وه‌م له ده‌ست دێت به خۆمی بێخه‌و له‌و هه‌موو سترێس وبێقه‌راری رۆژه‌وه بڵێم، گوێی مه‌ده‌یه دانیشه وێبڵاگی بنووسه!

۱۳۹۱/۱۱/۰۴

The Dignity of the Nobodies

رێزی(گه‌وره‌یی) هێچ که‌سه‌کان، ناوی فیلمێکی به‌ڵگه‌یی(داکیومێنتری) ئاڕژانتینییه و ده‌رهێنه‌ره‌که‌ی "فێرناندۆ سۆڵانس"ه.
ئه‌وکاتی ئه‌و فیلمه‌م هه‌لبژارد که بیبینم تاقه شتێکی سه‌رنجی راکێشام ناوه‌که‌ی بوو، نه ده‌مزانی هی کێیه و نه ده‌مزانی باسی چییه یا چ جۆره فیلمێکه. بۆ من که هیچ سه‌باره‌ت به ئارژانتین نازانم و تاقه زانیاری من له باره‌ی ئه‌م وڵاته‌ هی ساڵیانی پێش بوو که "ماڕادۆنا" قاره‌مانی فوتباڵێ بوو و هه‌ر ده‌مزانی که یه‌کێک له‌م وڵاته هه‌ژارانه‌یه که تاقه دڵخۆشی و گه‌وره‌ییان له فوتباڵ دایه! له ڕاستیدا ئه‌و زانیاریه خۆی نه‌زانی من بوو.
فیلمه‌که باسی ئارژانتینی مابه‌ێنی ساڵه‌کانی 1997 تا 2005 ده‌کا، باسی ئاڵ و گۆڕه‌کانی ده‌وڵه‌ت و مافیاکانی پۆلیس و سیاسه‌تبازان و باسی خه‌ڵکێکی که به ده‌ست شه‌ریکه گه‌وره‌کان ڕوتاونه‌وه و "هیچیان" بۆ نه‌ماوه ، خه‌ڵکێک که هه‌تا خاوه‌ن ناویش نین ئه‌وه‌ی بۆیان ماوه گیانێکی بێقه‌ێمه‌ته که له رێپێوانه‌کان و خۆپێشاندانه‌کان دێن و ده‌رۆن و ده‌کوژرێن و ده‌گیرێن و ده‌وڵه‌ته‌کان ده‌گۆڕن و دیسان هه‌مان هه‌مان، فه‌قیرتر و هه‌ژارتر ده‌بن ئه‌گه‌ر گیانه‌که‌یان بۆ مابێ! فیلمه‌که نزیک ده‌بێته‌وه له‌م خه‌ڵکه‌ی به کۆ داوای ژیانی باشتر ده‌که‌ن، نزیک ده‌بێته‌وه له‌م" هیچ که‌سانه" و تازه ده‌زانی چه‌نده ئه‌م هیچ که‌سانه، گه‌وره و به‌رێزن. ده‌بێنی ئه‌وانه له‌م ئاستی ته‌نگانه و نه‌داری خۆیاندا چۆن هیوایان هه‌یه به داهاتووی باشتر و له جێی ئه‌وه‌ی چاوه‌رێ ده‌وڵه‌ت یان که‌سێک بن خۆیان قۆڵ هه‌ڵده‌ماڵن و حه‌وڵێ ده‌ده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی بمێنن. له تۆبای گه‌وره را بگره که دامه‌زرێنه‌ری مه‌تبه‌خی سوپ بۆ مناڵانی برسییه تا ئه‌و کرێکارانه‌ی ئه‌م کارخانه‌ی که خاوه‌نه‌کانیان جێیان هێشتوون به کار و سه‌رپه‌ره‌ستی خۆیان به‌رێوەه ده‌بن( نه بۆ ڕاگرتنی کارخانه، به‌س بۆ پاره‌ی مانگانه‌ی کاری خۆیان!)
----------------------
ئێستا دوای ماوەیەکی زۆر دیتم باسی ئەو فیلمەم نووسیوە و بە تەما بووم چەند کەسێک بە نووسینی ئەوە هان بدەم فیلمەکە ببینن بەڵام تەواوم نەکردوە و بە ناتەواوی هەڵمگرتوە... تەواوی ناکەم بۆخۆتان بیبینن!

The Dignity of the Nobodies

فەرامۆشی

نیوە شەوێ لە خەو ڕاست بوومەوە و بیر لە ئەوەی دەکەمەوە کە هیچ پێم خۆش نییە بمرم، باسی مردنێ لە کوێ را هات؟لەوەی را رۆژی هەێنی داوەت کراوم بۆ قسە و باس لە سەر کارێک لە شارێکی دراوسێ ... بیر لەوە دەکەمەوە کارەکەم بدەنێ دەبێ رۆژێ زۆرتر لە ١٠٠ کیلۆمیتر ماشێن لێخوڕم... بیرم هاتە سەر شارەزایەتی خۆم! دوابەدوای بیرم لێ کردەوە دەێ هەوەڵ شت، بیمەی ژیان وەردەگرم نەکا شتێکم بە سەر بێت و کورەکەم بێ داییک بمێنێتەوە! هیچ نەبێ پارەیەکی وەبەر کەوێ لە جێی داییکی... دوایە دیتم نا ناسەرفێ، جارێ داییکی زۆرتر پێویستە لە پارە... بۆیە هیچ پێم خۆش نییە بمرم!
خۆ خۆشەویستی بێ یا شتێکیتر ، منێکی ٣٠ ساڵان داییکم هەبوو بە مردنی دونیام لێ رووخا دەی ئەو بەستە زمانە خۆ ئێستا ٣ ساڵ نییە داییکی هەیە.  جارێ زوویە.... هەرچەند بیمەکەی هەر دەکڕم!
دەی بۆ هاتووم ئەوانە لێرە دەنووسم؟ دیسان بیرم دوای مردن لە فەرامۆشێ کردەوە کە ماوەیەکە زۆر پیس تووشی هاتووم... دیتم لە هەموو ئەو ١٠ ساڵەی پێشوو هەر ئەوەم لە بیر ماوە لێرە نووسیومە... هەوەڵێ کووتم دوایە دەێنووسم زوو وەبیرم هاتەوە کام دوایە؟ بەو بیر و هۆشەی ئێستام چاکە وەبیرم بێتەوە نووسینیش چییە! "زیبا خاتوون"ی دەروونم دەستەکانی ڕێک کووشی(وەک ئەوەی بە بێ ئاو دەستت بشۆی... دەبێتە چی؟) و  کووتی دەی هەستن کچینە با دەست پێ بکەێن و هانی دام بێمە زگ ئەو لاپەڕە مردوویە.

ئێستاش بیری کۆنم لە هی تازە تیژترە و بۆیە "زیبا خاتوون"م  چاک لە بیرە... سەردەمی زۆرکۆن کۆن کۆن هی زەمانی تەقە و ژێرزەمین(ئەو دەم وامان پێ دەکووت) هەموو دراوسێکان لە یەک کۆ دەبوونەوە و لە ماڵی ئەوانی ژێرزەمینیان هەبوو.... زیبا خاتوون هەموو بەیانان هەمووانی بەم شێوەی سەرەوه هان دەدا هەستن کارێک بکەن و هەرچەند خۆی دادەنیشتەوە سەر جێی خۆی بەڵام بێ هاندانی ئەو کەس هیچی نەدەکرد!
دەێ ئەوەش حەوڵی تازە بۆ شەڕ لەگەڵ فەرامۆشێ، با وەبیرم بێتەوە لە بێخەوی ئەمشەودا چیم بە سەر هات!