۱۳۸۲/۰۱/۰۹


ڕۆژ نییه كۆمه‌ڵێك نه‌مرن و نه‌كوژرێن و ئاواره نه‌بن .. ڕۆژ نییه له گۆشه‌یه‌كی ئه‌و دۆنیایه‌دا شه‌ڕ و گۆنگه‌ڵ و كێشه‌یه‌ك نه‌بی... ده‌توانی ساتێك بۆ ته‌واوی دۆنیا و ئێنسانه‌كانی ببی به هه‌ست... ده‌توانی ساتێكی‌تر دۆنیای تۆ وڵاتێك بگرێته باوه‌ش... ڕۆژێك دێ نه‌ته‌وه‌یه‌ك كه خۆتی لێ به ساحێب ده‌زانی مان و نه‌مان و كێشه‌كانی مێشكت داگیر ده‌كا... له‌و كاتانه‌دا زۆر ساتیش هه‌یه ئه‌وه‌ی ده‌یناسی مان و نه‌مانیان بۆت گرینگه... ساتێكیش هه‌یه وه‌ك بۆشایه‌كی سپی داتده‌گرێ و ئه‌وه‌ی گرینگه هه‌ر خۆتی و خۆت! پێت خۆش نییه هیچ له كێشه‌ی كه‌س ببیسی... پێت خۆش نییه ره‌شایی كه‌س بۆشایه‌كه‌ت داگیر كا...
هه‌مومان كه‌م و زۆر ئه‌و ساتانه‌مان هه‌یه، هاوبه‌ش بوون به ده‌ست خۆمان نییه...
ده‌مێكه سه‌رنجم داوه، ده‌بینم هه‌ر كاته‌ی دڵته‌نگی ئامانم لێ هه‌ڵده‌گرێ دێم و لێره شتێك ده‌نووسم... ده‌ڵێی ئێره بۆته لاپه‌ڕه‌ی ده‌رد و خه‌م و نه‌گبه‌ت هه‌ڵڕژتن! ده‌بینم ئه‌وانی تریش هه‌ر ئاوا، زۆرتر باس باسی دڵته‌نگییه... باسی ئه‌و ساتانه‌ی خۆڵه‌مێش له سه‌ری نیشتووه! كه‌س هه‌یه بێت خۆشێكانی دابه‌ش كا؟ سه‌یر نییه نه‌بێ!!... له كۆمه‌لگایه‌ك را هاتووین كه خه‌م و خه‌مخۆری رێزی تایبه‌تیان هه‌یه! بۆیه خۆشێكان ده‌بێ شاردراوه بێ...

"سرته" راست ده‌كا، سه‌رباقی هه‌موو ئه‌و ناخۆشییانه جوانێكانی دۆنیا زۆرن و ئێمه‌ین كوێرین بۆ دیتنیان! و دان پێداهێنان به درۆزنی كه‌مێك دژواره! سپاس بۆ وه‌بیرهێنانه‌وه‌ت!

۱۳۸۲/۰۱/۰۵

سه‌دام


نه‌قڵێكی خۆشه، وابزانم سه‌دام به خه‌ونیش پێی وا نه‌بوو ئاوا به نێو بانگ بێ كه رۆژێ 24 ساعه‌تان له سه‌ر هه‌رچی ڕۆژنامه و رادیۆ و تێلێڤیزیۆن و ...هتدیی دۆنیایه باس باسی ئه‌و بێ تا ئه‌و ئاسته‌ی ئامریكایه‌كانیش كه له گوێ گایدا نوستوون ، بیناسن! دیاره بۆ به نێو بانگ بوون پیوست به پیاو چاكی نییه... ده‌نا سه‌دام و بوش ئاوا به نێو بانگ نه‌ده‌بوون... له لایه‌كیش قسه‌كانی بوش زۆر خۆشه كه ده‌ڵێی: خه‌ڵكینه ئه‌وه بۆ پاراستنی ئاشتیه كه به‌سه‌رتان دا بۆمب ده‌بارێنین...
سێڵاوێك، لافاوێك هات و هه‌موو شتێكی برد... ئه‌وه‌ی ماوه، قورسایه‌كه له سه‌ر دڵم!

۱۳۸۱/۱۲/۲۹


شه‌ر


ده‌ڵێ مۆمێك داگیرسێنه، بۆ ئه‌و گیانانه‌ی له‌م شه‌و را ئازارێ ده‌بینن...
مۆمێك داگیرسا...

به‌یانی هه‌ڵده‌ستی، ده‌ڵێن، هه‌ر یه‌ک كه‌س له گولله‌بارانی شه‌وی پێش كوژراوه. بیره‌وه‌ری كاتی شه‌ر پێم ده‌ڵێ درۆیه! شه‌و نه‌بوو ته‌قه نه‌كرێ و به لانی كه‌م ده كه‌س نه‌كوژرێ... تازه، ئه‌و شه‌ڕی چه‌ك و خۆمپاره بوو... ئێستا شه‌ڕی بۆمب و مووشه‌كه...
ئه‌مشه‌و ساڵ تازه ده‌بێته‌وه... پیرۆزبایی نه‌ورۆز ده‌بیستی و بیر له‌م هه‌موو ئاواره‌ی ده‌كه‌یه‌وه كه نازانی ئێستا له كام شوێن ساڵیان لێ تازه ده‌بێته‌وه...

چ ناكرێ، داگیرسانی مۆمێكی‌تر نه‌بێ...

۱۳۸۱/۱۲/۲۶

شه‌ڕ... ناحه‌زترین وشه‌ی كه بیستوومه...
شه‌ڕ... وێرانی... مردن... له ده‌ست چوون... بێ ده‌ست‌هه‌ڵاتی...
پێم وانییه هیچ شه‌ڕێك بۆ به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌یه‌كی كه شه‌ڕ به سه‌ری دا زاڵ ده‌بێ، ببێ... به‌ تاێبه‌ت ئه‌و شه‌ڕه...
هه‌ستێكی ناخۆشم هه‌یه... ده‌ڵێی مێژویه دووپات ده‌بێته‌وه...
چ ده‌بێ به‌یانی له خه‌و هه‌ستی و هه‌مووی خه‌ون بێ؟

۱۳۸۱/۱۲/۲۱

هاتمه‌وه

هاتمه‌وه ماڵێ...
با سه‌فه‌ر و گه‌ڕانیش خۆش بێ... با له ئاخر چركه‌دا دوو دڵ بی بگه‌رێیه‌وه یا نا... با زۆریش گه‌ڕانه‌كه به دڵت بوو بێ... دیسانیش ماڵ، ماڵی خۆت شتێكی دیكه‌یه.. ئه‌گه‌ر چی بۆنی مانه‌وه‌ی لێ بێ... ته‌وار گوته‌نی "به‌خێر بێمه‌وه!"
له‌و سه‌فه‌ره‌دا بۆم ده‌ركه‌وت كه هه‌وای 2 پڵه‌ی ژێری سیفری سوێد ساردتره له هی كانادا... بڕوام پێ ناكه‌ن هه‌ر ئێستا به تاقی كه‌نه‌وه! هه‌روه‌ها بۆم ده‌ركه‌وت هه‌ر چی له لای ڕۆژئاوا ده‌چی بۆ ڕۆژهه‌ڵات، ده‌سره‌ی ئاوده‌ست ره‌قتتر ده‌بێ... له پراگ به یه‌كجار په‌ره كاغه‌زیان پێچاوه‌ته‌وه له جێی ده‌سره... ئه‌و ده‌سرانه بابه‌تی نووسینن له كاتی بیر كردنه‌وه‌ی ناو ئاوده‌ست... ره‌نگه بۆیه نووسه‌ر و فه‌یله‌سووف له ڕۆژهه‌ڵات زۆرتره له ڕۆژئاوا..
هه‌روه‌ها بۆم ده‌ركه‌وت دیتنه‌وه‌ی دووباره‌ی خۆشه‌ویستان تاسه‌ت زۆرتر ده‌كا... به‌سه‌ی نازانی و هه‌ر زۆرترت پێویسته...له ئێستاوه بیری هه‌موتان ده‌كه‌م!

۱۳۸۱/۱۲/۱۳

edit

بڵاگێر جار و بار تێك ده‌چێ ... بۆ چی ؟نازانم... به‌ڵام زۆر به‌ی تێك چوونه‌كه‌ی ده‌‌بێته هۆی نه‌دیتنی بڵاگێك یا ون بوونی ئارشیڤ.. رێگه‌یه‌ك بۆ دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و پۆستانه ئه‌وه‌یه كه دیسان پۆست و publish بكرێنه‌وه... دیاره ئه‌و رێگایه‌ش هه‌میشه كارێ ناكا... به‌ڵام ئه‌گه‌ر دیتتان گرفتێكی ئاوا دێته پێش به تاقی بكه‌نه‌وه... ئێستا په‌ریله و سرته له لای من ناكرێنه‌وه...نازانم له لای خۆشیان هه‌ر وایه یا نا..
تا كاتێكی سێرڤێریكی به‌قه‌وه‌تی ، به‌ڵاشی، له سه‌ر پێیمان ده‌ست ده‌كه‌وێ ده‌بێ له‌گه‌ڵ نازی بڵاگێر بسازێین..

۱۳۸۱/۱۲/۱۱

ئه‌و ماوه‌یه به هۆی سه‌فه‌ر و دووری له ئینتێرنێت زۆر به ریزی وێبڵاگه‌كان دا نه‌هاتوومه‌وه، به‌ڵام زۆربه‌یان نانووسن... ره‌نگه ئه‌گه‌ر به پێی یاسایه‌ك كه‌ داماناوه بچینه پێش زۆر كه‌س له سه‌ره‌وه نه‌مێنن... هیوادارم هه‌موو ده‌ست بكه‌نه‌وه به نووسین تا ده‌گه‌مه‌وه ماڵێ... هه‌ر لێره‌وه وێبڵاگه تازه‌كان به‌خێر هاتن ده‌كه‌م.. سرته و فرمێسك، هیوادارم به‌رده‌وام بن.