۱۳۸۷/۰۶/۲۷

لێواری به‌هه‌شت

ماوه‌یه‌ک پێش فیلمی "لێواری به‌هه‌شت" یان The Edge of Heaven (Auf der anderen Seite), فیلمی نوێ  "فاتیح ئاکین"م له سینمایه بینی. کاتێک ده‌گه‌ڵ هاورێیه‌که‌م گه‌ێشتینه ژوری نه‌مایش، خه‌ریک بوو بگه‌رێنه‌وه و بلیته‌کانمان بگۆڕینه‌وه به فیلمێکیتر! له ژورێکی بچووک که به زه‌حمه‌ت جێێ 30 که‌س ده‌بوو 5-6 پیرێژن و پیره‌ پیاو دانیشتبوون و سێنی نه‌مایش خه‌ریک بوو بێته ناو چاوی بینه‌ره‌کان. به‌ڵام له به‌ر ئه‌وه‌ی زۆربه‌ی فیلمه به نه‌رخه‌کانی له ده‌ره‌وه‌ی هالیوود ساز ده‌کرێ له‌م وڵاته هه‌ر بینه‌ریان پیرێژن و پیره‌پیاوانه‌یه که ئێستا له‌م ته‌مه‌نه چیتریان پێ ناکرێ، تاقه دڵخۆشییان شه‌ممانه سینه‌ما چوونه، له بلیت گۆرینه‌وه په‌شیمان بوێنه‌وه و دانیشتین به ئیعتباری سینه‌ماکه!

فیلمه‌که باسی 6 که‌سه که به‌سه‌رهاتی ژیانیان له کاتێکدا لێک گرێده‌درێ. باب و کورێکی نیشته جێی ئالمان(عه‌ڵی و نه‌جات) و داییک و کچێکی ئاڵمانی(سوزان ولۆتۆ) و داییک و کچێکی لێک هه‌ڵبراوی نیشته جێێ ئاڵمان و تورکیا(یه‌ته‌ر و ئاێتن). یه‌ته‌ر پێی وایه کچه‌که‌ی به خوێندن له زانکۆ ژیانێکی باشتر له داییکی ده‌بێ و بۆ به‌خته‌وه‌ر بوونی کچه‌که‌ی و ژیانێکی ئاسایی ئه‌و، له‌شفرۆشێ ده‌کات. له‌م ناوه‌دا تووشی عه‌ڵی ده‌بێ که پێشنیاری پێده‌دا که له‌گه‌ڵ ئه‌و بژی. مردنی یه‌ته‌ر نێوان باب و کوڕ تێکده‌دا و نه‌جات ده‌گه‌رێته‌وه وڵاتێک که قه‌ت لێی نه‌ژیاوه. له‌م لاوه ئاێتن که شۆرشگه‌رێکه که له چه‌نگ پۆلیس و میت هه‌ڵاتۆته ئاڵمان به دوای داییکیدا ده‌گه‌رێ تووشی "لۆتۆ"ده‌بێ...

ژیانه‌کان و ئاواته‌کانی ئه‌م شه‌ش که‌سه جیاوازن، ئه‌وه‌ی داییکه‌کان و باوکه‌که پێیان ئه‌و په‌ری به‌خته‌وه‌ریه مناڵه‌کان به چرکه‌یه‌ک  وه‌ڵای ده‌نێن و رێگه‌یه‌کیتر بۆ مانادان به ژیانیان هه‌ڵده‌بژێرن. سنوور چ له نێوان مرۆڤه‌کان چ له نێوان وڵاته‌کان ده‌بێته هۆی لێک هه‌ڵبران، مه‌گه‌ر خۆشه‌ویستی سنوور ببرێ، ده‌نا سنوور هه‌ر ده‌مێنێ.

ئه‌م شتانه‌ی له‌م فیلمه به دڵم بوو: چیرۆکێکی پاراو بێ هێچ شتێکی زیاده، هه‌موو شتێک له سه‌ر جێی خۆی ده‌قه‌ومێ بێ ئه‌وه‌ی قه‌ستی دیار بێ. کارێکتێره‌کانی نه‌جات و عه‌لی و یه‌ته‌ر. به‌شی تۆبه کردنی به زۆری یه‌ته‌ر به زۆری براده‌رانی دینی تورکی نیشته‌جیی ئاڵمان، دوای ئه‌وه‌ی ده‌ڵێن ئه‌گه‌ر به‌رده‌وام بی له ئیشه‌که‌ت زیندوو نامێنی به یه‌ته‌ر ده‌ڵێن تۆبه‌ی بکه، ئه‌ویش ده‌ڵێ تۆبه، ئه‌وانیش تازه ده‌ڵێن "سلام ون عه‌له‌یکم" .

ئه‌م شتانه‌ی به دڵم نه‌بوو: کارێکتێره‌کانی  ئاێتن و لۆتۆ، که‌مێک دوور له ڕاستی بوون، نه‌ک ئه‌وه‌ی هه‌ر ڕاست نه‌بن به‌س ئه‌وه‌نده که‌من که هاتو هه‌بن ، کوا تووشی یه‌ک ده‌بن؟ گه‌نجێکی ئاڵمانی که بۆی گرینگ بێ گه‌نجێکی تورک بۆ ئاواره‌یه و له‌م په‌ڕی بوێریدا رێی بداته ماڵی خۆی و گیانی خۆشی بۆی بخاته مه‌ترسی؟ گه‌نجێیکی تورک یا کورد(له فیلمه‌که‌دا باسی ئه‌وه ناکا ئه‌م کچه که ئه‌زقه‌زا له تورکیه شۆرشگێره کورده یا تورک؟) که ئه‌گه‌رچی به شێوه‌یه‌کی سیستێماتیکی کوێر شوڕشگێره بۆ وه‌ک شۆرشگێره‌کانیتر په‌سیڤ نییه و سه‌رداناخا بۆ ئه‌مره‌کانی هه‌واڵه شۆرشگێره‌کانیتر؟

من قه‌ت له تورکیا نه‌بووم و نه‌ژیاوم به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ی باسی ئه‌وێم بیستووه یان خوێندوومه‌ته‌وه( بۆ وێنه کتێبی "به‌فر" نووسینی ئورهان پامووک) ده‌زانم که ئه‌م وڵاته سیستێمێکی میلیتاری و پولیسی هه‌یه که "میت" تێیدا هه‌مه‌کاره‌یه، کاتێک نه‌جات له ئاێتن ده‌گه‌رێ بۆ پرسیار سه‌ری براده‌رانی "میت"یش ده‌دا که زۆر به دلۆڤانی نه‌جات نه‌سیحه‌ت ده‌که‌ن واز له گه‌ڕان به دوای ئاێتن بێنێ! ئه‌م هه‌ڵس و که‌وته که‌مێک به‌لامه‌وه سه‌ێر بوو، به‌ڵام له ئاخری فیلمه‌که له سپاسی زۆر که‌سان کرا بوو یه‌کیان "میت" بوو بۆیه ئیدی زۆر سه‌یر به‌رچاوم نه‌هات!

نازانم ئه‌م پیرێژن و پیره‌پیاوانه‌ی ده‌گه‌ڵ ئێمه ئه‌م فیلمه‌یان دیت ، هیچ ئه‌م فیلمه‌یان به دڵ بوو یا نا... ئێمه که به ناقایلی دانیشتین بۆ دیتنی، رازی هاتینه ده‌رێ.

ئه‌مه‌ش زانیاری فیلمه‌که.

۱۳۸۷/۰۶/۲۱

لێره و له‌وێ

نازانم بۆ ئیشتیای وێبڵاگ نووسینم کردوه، هه‌ر به‌م جۆره‌ی نازانم بۆ ماوه‌یه‌کی زۆر نه‌منووسیوه.

نووسین یا نه‌نووسین؟ نا... هیچیش پرسیار نییه! له سه‌ر چی نووسین؟ بۆچی ده‌توانێ پرسیار بێ. هه‌ڵبه‌ت بۆ من نه‌ک که‌سیتر... وه‌ک خاڵۆ جارێک نووسیبووی من ده‌بێ یا بچم فیلم ببینم یا کتێب بخوێنمه‌وه تا خوای نه‌خواسته لێره شتێک بنووسم. بلێم چی ئه‌گه‌ر ئه‌م دوو فیلم و کتێبه نه‌بی ژیان چی هه‌یه بۆ باس بێت؟ هه‌واڵ و خه‌به‌ری دونیا ئه‌وه‌نده ڕه‌ش و تاڵ و داهێزێنه‌ره(ئه‌وه ده‌بێ وه‌ک وشه؟) که هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی له سه‌ر کارێ ده‌گه‌ڵ هاوکاره‌کان باسی ده‌کرێ و پشوومان لێده‌برێ به‌سه!

به‌ڵام غه‌ره‌ز ئه‌مه‌یه باسی ئه‌و فیلمانه بکه‌م ئه‌م ماوه‌یه دیتوومه، هه‌تا بڵێی فیلمی جۆراوجۆرم دیتوه، به‌شێکیم هه‌ر له بیر نه‌ماوه ، یا ئه‌وه‌نده بێتام بوون بۆ له بیر مانه‌وه نه‌ده‌بوون، یان خه‌تا له بیر و هۆشی منه!

یه‌کێک له‌م ‌فیلمانه که ئێستاش له بیرم ماوه، فیلمی نۆی" وۆدی ئاڵێن" بوو به ناوی " ڤیکی، کریستینا، بارسێلۆنا". له‌م فیلمانه‌یه که هه‌رچی زۆرتر بیری لێده‌که‌مه‌وه زۆرترم به دڵه. ئه‌م فیلمه بوو به هۆی ئه‌وه‌ی بچم زۆربه‌ی فیلمه‌کانی "وۆدی ئاڵێن" ببینم. ئه‌گه‌ر وه‌کوو من دانیشی له2 هه‌فتان دا هه‌موو فیلمه‌کانی ببینی تازه بۆت ده‌رده‌که‌وێ ئه‌م کابرایه چه‌نده حه‌وڵی له‌گه‌ڵ لێکدانه‌وه‌ی ئه‌خڵاق و مه‌زهه‌ب و سێکس و پێوه‌ندی نێوان مروڤان داوه و ئاخرێکه‌شی هیج وڵامی بۆ هیچیان نییه، زۆرتر وه‌ک زۆره‌بانییه‌ک که داوه‌ت ده‌کرێی ببینی و قه‌ت نازانی ئاخری کێ دۆراوه کێ سه‌رکه‌وتووه.

مرۆڤ له سه‌فه‌ر زۆر شت تاقیده‌کاته‌وه که له شوێنی خۆی به بیریشیدا نایه تاقیکاری ئاوا بکات، ره‌نگه سه‌فه‌ر ئه‌م ده‌رفه‌ته‌ت ده‌داتێ خۆت بناسی، چه‌نده برواکانت ڕاسته‌قینه‌ن؟ چه‌نده بوێری خۆت تاقی که‌یه‌وه؟ یان چه‌نده ده‌توانی له چوارچێوه‌کان هه‌ڵێی؟ بارسێلۆنا و خه‌ڵکه‌که‌ی ده‌بنه هۆێه‌ک ویکی و کریستینا هاوینێکی جیاوازیان هه‌بێ. وه‌فا، به‌ڵێنی، ئه‌خڵاق، بایسێکشوال، و ... وشه‌کانن که دانه دانه ده‌چنه ژێر پرسیار یان بڵێین باشتره ناو لێنان له سه‌ر هه‌ر شێوه ئاکارێک خۆی ده‌بێته هۆی چارچێوه‌یه‌کی نوێ و زیندانێکی ئه‌خڵاقی نوێ. چار چییه؟ ڕه‌نگه به‌س ئه‌وه‌بێ واز بێنین له ناو له سه‌ر نان. ئاوا مرۆڤ ده‌توانێ هه‌ڵبژێرێ چۆن به دڵی خۆی بژی بێ ترسان له هه‌ڵسه‌نگاندنی که‌س. خۆتی و پێوانه‌کانی خۆت، وه‌ک ئه‌وده‌مه‌ی له سه‌فه‌ردای!

-------------------------------------------------------

باسی کتێبه‌کانی خوێندومه‌ته‌وه ناکه‌م، به ته‌مام هه‌ر کتێبێکی نوێ بخوێنمه‌وه له "shelfari " کورته‌یه‌کی له سه‌ر بنووسم( به کوردی) بۆ تاقیکردنه‌وه یه‌کدانه‌م نووسیوه، لێره چاوی لێبکه‌ن.