له به‌رخاتری گوڵه‌گه‌نم ئه‌وا نووسیم، که‌واته هه‌م و لێره‌م.
هه‌رکات گوڵه‌گه‌نم ده‌هاته لای ئێمه ده‌که‌وته پرته‌وبۆڵه: هه‌وای ئه‌وێ ناخۆشه، ئای سارده، ئای دڵم ته‌نگ بوو بۆ کانادا و ماڵه‌که‌ی خۆم و هه‌زار نازونووزی تر. ده‌ی ناهه‌قیشی نییه خانم خۆشه‌ویسته و به‌هه‌موومان هه‌وڵمان ده‌دا نازی بکێشین. به‌ڵام تو سه‌ری خۆتان، ئاخر که‌س هه‌یه مانگی دوو بێت بۆ ستۆکهۆڵم و داوای هه‌وای گه‌رمی مه‌یامی ئاسا بکات؟! ئێ له کورتیدا بیبڕمه‌وه که منیش به خۆم و ته‌شریفه‌کانمه‌وه هاتم بۆ ئه‌م وڵاتی ئه‌وبه‌ر ئاوه... چ بیبینم، خوایه چاوی دوژمنتانیش شتی ئاوهای به‌رچاو نه‌که‌وێت. گه‌واڵه هه‌وری بۆری چڵکن به ئاسمانی ناوچاو تووڕه‌ی ساردوسڕه‌وه نووساو، شار خۆڵه‌مێشیی ده‌کرده‌وه منیش که به ته‌مای خۆرێکی خۆشی وەکو لای که‌می وڵاته‌که‌ی خۆمه‌وه هاتبووم و به‌رگی نیوهاوینەم له‌بەر کردبوو چۆقه‌ی ددانم ده‌هات. ئه‌مه یه‌که‌م ڕۆژ...
دووه‌م ڕۆژ: کابرا دڵی خۆشه له ماوه‌ی 80 ڕۆژدا به‌دەوری زه‌ویدا خوولیداوه. ئینجا چییه منیش له‌ماوه‌ی 3-4 کاتژمێردا شه‌رق و غه‌ربی دنیام کرد و گه‌ڕامه‌وه بنکه‌که‌ی خۆم و ده‌ستکه‌وته‌کانیشم خواردنی خۆش و "دۆنات" بوو.
سێیه‌م ڕۆژ: ئایی ئه‌و هه‌موو ئاوه چۆن به ته‌وژم دێنه خواره‌وه! سوبحانه‌ڵا له گه‌ورەیی و عه‌زه‌مه‌تت! به‌ڕاستی جوان بوو. نازانم ئه‌و هه‌موو ژاپۆنییه له کوێوه په‌یدا بوون. ئه‌و هه‌موو ئاو و ژاپۆنییه!!! فێری قومارکردنیش بووم و عانه‌یه‌کم نه‌دۆڕاند بگره بردمه‌وه به‌ڵام چونکه گوڵه‌گه‌نم حه‌سوود بوو ئه‌و چه‌ند عانه‌یه‌ی بردبوومه‌وه پێی دۆڕاندم... خوایه گیان، من لێی خۆشده‌بم تۆ که‌یفی خۆته!
چواره‌م ڕۆژ: جارێکی دی بێیت و بڵێی هه‌واکه‌تان ناخۆشه، وێنه‌ی ئه‌م ڕۆژه‌ت پیشان ده‌ده‌م!
پێنجەم ڕۆژ: له‌م ڕۆژه‌دا به خۆمم گوت، مه‌رگ حه‌قه... غه‌ریب و ته‌نیا وه‌یلانی شاران بووم. ئه‌ی هاوار هه‌ی... کچه گوڵ له کوێییییییییی!!!
ئامۆژگاری؛ ئه‌گه‌ر هاتی بۆ لای گوڵ ده‌ستم دامێنت ئه‌گه‌ر پێیگوتی من کارێکم هه‌یه و ها ئه‌وه کامێرا بخه ملت و خۆت بگه‌یه‌نه ئه‌و گوزه‌ره و له‌وێوه ده‌چییه ئاسمان و شتی سه‌یر سه‌یر ده‌بینی، ده‌ستم دامێنت، دووبارەی ده‌که‌مه‌وه نه‌که‌ی وا بکه‌ی. ئه‌وه سه‌فه‌ری هات و نه‌هاته... ده‌چییه حه‌لحه‌له‌ی ئاسمان و ئه‌گه‌ر شانست هێنای دێته‌وه خوار ئه‌گه‌ر نا ئه‌وه انا لله وانا الیه را‌جعون! جا ئیدی ئه‌وه پێمگوتی نه‌ڵێی هیچت نه‌گوتووه!
ڕۆژی شه‌شه‌م: که‌شفم کرد فه‌تح و فتوحی ناپلیۆن ئه‌وه‌نده‌یش ئازایه‌تی ناوێت، به‌سه گۆره‌وییه‌کانت پیس و بۆگه‌ن بن بۆ ئه‌وه‌ی له‌شکری دوژمن به ڕاکردن گیانی خۆیان ڕزگار بکه‌ن. که‌وشه‌کانی ئاندێرا گاندیش له‌وه‌ی من ده‌چێت، ده‌ڵیی نا، له‌و کچه هندییه‌ی وێنه‌ی که‌وشه‌كانی ئه‌وی ده‌گرت بپرسه!
سه‌رئاڵۆز: ئه‌م ناونیشانه له پێشدا سه‌فه‌رنامه‌یه‌ک بوو، دوایی گۆڕا به سه‌فه‌رنامه‌ی ڕۆحێکی په‌رێشان، پاشتر به باشمان زانی بگۆڕدرێت به سه‌فه‌رنامه‌ی قژلوولێک. ئینجا گوڵه‌گه‌نم پێیوابوو قژلوول شیکه!!!!! کرا به سه‌رئاڵۆز! منیش ئاڵۆزم بۆ بیر بیستووه به‌ڵام چیبکه‌م خۆتان ده‌زانن میوان چی ساحیب ماڵه. هه‌ڵبه‌ته ده‌واری ساحێب ماڵه
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر