ده‌مێکه چاو له هه‌واڵان ناگێرم، نه له تی‌وی نه له ئینتێرنێتدا... ئاوا ژیان گه‌لێک هاسانتره!
دوێنێشه‌و که کۆنترۆڵی تی‌وی سه‌رگه‌ردان ده‌سووڕاوه له سه‌ر CNN گیرساوه. ئه‌م کابرایه که زۆرم ڕق لێیه (لاری کینگ) خه‌ریکی وت‌و وێژ له‌گه‌ڵ کابرای به ناوبانگی پڵێی بۆی و سێ دۆسته کچه‌که‌ی که به یه‌که‌وه له ماڵێکدا ده‌ژین، بوو. گۆیا یه‌کێک له‌م ناسکه کچانه به ته‌مایه شوو بکاته کابرای 80 ساڵه‌ی به ناوبانگ و خاوه‌ن پاره، ئه‌مه‌ش بۆته هۆی ئه‌وه بێنه سه‌ر تی‌وی و بیکه‌ن به رێیالیتی تی‌وی و کابرا که‌مێکیتریش ده‌وڵه‌مه‌ند بێ پێی و ئه‌م کچانه‌ش به ناوبانگ.... به خۆم ده‌ڵێم به من چی ژیانی خۆیانه! با بیفرۆشن به پاره و ناو... که‌مێک دواتر به‌رنامه ده‌گۆڕدرێ و پێشه‌کی کورته‌یه‌ک له باسه‌کان نیشانده‌دا که به‌شێکی له سه‌ر کوشتنی نامووسییه و بۆ چرکه‌یه‌ک وێنه‌ی دۆعا دێته سه‌ر تی‌وی... داده‌نیشم به دیاری.... پێکه‌نینم دێتێ به ئه‌م فشه‌یه و دوا به دوای یه‌ک هاتنی ئه‌م دوو پرۆگرامه! کابرای ڕاوێژه‌ر باسه‌که هه‌ر به‌م شێوه‌ی بیستومانه باس ده‌کات و دوو سێ که‌سی شاره‌زا که ئه‌ز قه‌زا دوویان کوردن دێن و قسه‌ی هه‌زار پات کراوه ده‌ڵێن. ئه‌نجامی قسه‌کان ئه‌وه‌یه که له‌م وڵاته وێران بووه هه‌ر که‌س ده‌توانێ و به خۆێ ئیزن ده‌دا خاوه‌ن گیان و که‌سایه‌تی ئه‌ویتر بێت، چ ئه‌وانی دۆعا به‌رده‌باران ده‌که‌ن، چ ئه‌وانی به تاوانی ئه‌و یه‌زیدێکانیتر گوله‌باران ده‌که‌ن، چ من و تۆ که پاڵ ده‌ده‌ێنه‌وه و قسه‌ی حه‌له‌ق مه‌له‌ق ده‌که‌ێن. هه‌موو خۆیان به‌رپرس ده‌زانن به هۆی خواکانیانه‌وه! به‌س نازانن " ده‌مێکه خواش ئه‌م وڵاته‌ی به جێ هێشتووه"*
بیر ده‌که‌مه‌وه، بریا خوا مه‌عنه‌ویه‌کانمان گۆڕیباوه به پاره، ئاوا بوونیت هه‌ست پێده‌کرد و په‌له‌قاژه‌ت بۆ وه‌ده‌ست هێنانی به پێی دیار بوونی ده‌بوو (وه‌کوو ئه‌م کچانه‌ی پڵێی بۆی) ! ئه‌وه‌نده‌ش به قه‌در نه‌ده‌بوو که گیانی خۆتی بۆ فیدا که‌ی، که نه‌تتوانی وه‌ده‌ستی بێنی لێی خۆش ده‌بووی..
---------------------------------------------------------------------
زۆرم پێ خۆشه بابه‌تێکی ڕێک و پێک له لایه‌ن شاره‌زایه‌کی مێدیاوه بخوێنمه‌وه که ئاڵ و گۆڕی هه‌واڵ و بڵاو بوونه‌وه‌ی ڕاستییه‌کان به‌م شێوه‌ی ئێستا هه‌یه باس بکات. چه‌نده مێدیایه‌کی ئازاد وه‌کوو ئینتێرنێت ده‌توانێ شوێن دا بنێ له سه‌ر بیر کردنه‌وه‌ی مرۆڤه‌کان؟ بۆ وێنه ماوه‌یه‌ک له‌مه پێش له وێبڵاگی "هه‌رێمی هیچ " دا ئه‌م بابه‌ته‌م خوێنده‌وه:
ئیزه‌دی و موسڵمان له شێخان کردیان به شه‌ڕ. کچێکی کورد له‌گه‌ڵ کوڕێکی ئیزه‌دی دڵداریان کردووه و غیره‌تی موسڵمانه‌کان قه‌بوڵی نه‌کردووه و چوون کچه‌یان کوشتووه و وابزانم کوڕه‌شیان کوشتوه و دوایی هێرشیان بردۆته سه‌ر په‌ره‌ستگاکانی ئیزه‌دییه‌کان و ئاگریان تێبه‌رداوه و بۆته شه‌ڕ له نێوان کورده موسڵمان و کورده ئیزه‌دییه‌کان.
وه‌ک بزانم ئه‌م بابه‌ته وه‌کوو هه‌واڵ بڵاو بۆته‌وه ، نه فیلمێکی بڵاو بۆته‌وه نه ده‌نگی له مێدیای گشتی بڵاو بووه. پێم وا نییه ئه‌م هه‌واڵه که‌متر له هه‌واڵی دۆعا دڵته‌زێن بووبێت به‌ڵام فیلمێک که بڵاو بووه ئه‌م هه‌سته‌ی زۆر دڵته‌زێنتر گه‌یانده مرۆڤه‌کانیتر! هه‌وه‌ڵ گۆپاڵیشمان له فیڵمهه‌ڵگر هه‌ڵێناوه که بۆ له جێی حه‌وڵدان بۆ نه‌جاتی کچه خه‌ریکی وێنه و فیڵمهه‌ڵگرتنه. به‌ڵام هه‌ر ئه‌وه بوو به هۆی ئه‌وه‌ی گشت مێدیاکانی دونیا ئه‌م هه‌واڵه ببیستن و باسی که‌نه‌وه( باسی شێوه‌ی باسه‌که‌یان و به‌رهه‌می ئه‌م باسانه ناکه‌م!) به‌س مه‌به‌ستم وه‌به‌ر چاو هاتنێتی!
-----------------------------------------------------------------------------------------------------------------------
* ئه‌م قسه‌یه هی کابرای ناو فیلمی Blood Diamond ه!
- ئه‌م بابه‌ته به ئیزنی "من و خوا" زۆر "من و خوایی" ده‌رهات!
په‌ریله‌ی سه‌رئاڵۆز به جێی هێشتم و سه‌فه‌رنامه‌که‌شی ته‌واو نه‌کرد... دوو هێند تاوانباره!
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر