دوو هه‌فته پێش فیلمی " ئه‌وینی ساڵه‌کانی وه‌با"م دیت. ده‌مزانی ساڵانی پێشوو ئه‌م کتێبه‌م خوێندۆته‌وه، به‌ڵام هیچم له کتێبه‌که له بیر نه‌مابوو. به هیوا بووم که ده‌چم بۆ دیتنی فیلمه‌که، کتێبه‌که‌ش وه‌بیرم بێته‌وه. نیوه‌ی فیلمه‌که تێپه‌ر بوو و من هیچ شتێکی ئاشنام وه‌بیر نه‌هاته‌وه و ئیدی ئه‌رخه‌یان بووم که ئه‌وه یه‌کێک له‌م کتێبانه بووه که به‌سه‌ریدا بازم داوه و نه‌مخوێندۆته‌وه. به‌ڵام کاتێک گه‌ێشته به‌شی سه‌رلێشێواوی داێکه‌که که به کۆڵمه و لێوی سوور کراو له کۆڵانه‌کان ده‌گه‌ڕا، هه‌موو چیرۆکه‌که‌م وه‌بیر هاته‌وه. کاراکتێری ئه‌م داێکه له‌م چیرۆکه‌دا ئه‌وه‌نده به‌قه‌وه‌ت بوو که دوای ساڵیانی ساڵ هیچم له‌و کتێبه له‌بیر نه‌مابوو ئیڵا ئه‌م سه‌رلێشێواو بوونه.
هه‌فته‌ی پێش ئاخر کتێبی مارکێزم خوێنده‌وه، "بیره‌وه‌ریی سۆزانییه خه‌مباره‌کانم". هه‌وه‌ڵ شت به بیرم دا هات ئه‌وه بوو که مارکێزیش وه‌کوو من پیر بۆ، به‌س به دوو شێوه‌ی جیاواز. من ئه‌و چیرۆکانه‌ی خوێندومه‌ته‌وه له بیرم نه‌ماوه و ئه‌و به چیرۆکێکی نوێ ده‌تباته دونیای پیره‌مێردێکی 90 ساڵانه، دونیایه‌ک دوور له چوارچێوه ناسراوه‌کان بۆ پیره‌مێردێک. ئاخر نییه خۆێشی پیر بۆ و وه‌کوو پیره‌مێرده‌که‌ی ناو چیرۆک خۆ لاده‌دا له به پیردانانی خۆی. پیره‌مێرد بۆ ئه‌وه‌ی به خۆی بسه‌ڵمێنی هێشتا پیر نه‌بۆ کچۆله‌یه‌کی 14 ساڵانه بۆ ساڵرۆژی له داییک بوونی به خۆی هه‌دیه ده‌دات و مارکێز بۆ سه‌ڵماندنی ئه‌وه‌ی هێشتا پیر نه‌بۆ بناخه‌ی چیرۆکێکی نوێ داده‌مه‌زرێنێ... چیرۆکی ئه‌وین و ناسینی ئه‌وین بێ ته‌مه‌نای سێکس! هه‌موو په‌له‌قاژه‌ی پیره‌مێردی ناو چیرۆک ئه‌وه‌یه بوونی خۆی به‌م شێوه‌یه‌ی ساڵییانه هه‌یه به سه‌ر ئه‌وانیتر داسه‌پێنێ و "مانی" هه‌ست پێ‌بکرێ، هه‌ر بۆیه به پێشنیاری دوکتوره‌که بۆ راحه‌تکردنی پشیله پیره‌که‌ی تێک ده‌چێ، پشیله‌یه‌کی که زۆر ئۆگری نییه به‌ڵام وه‌ک خۆی ده‌ێبینێ.
له به‌ر نزیکی دیتنی ئه‌م فیڵمه و خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م کتێبه، سه‌رنجم بۆ نزیکی کارێکتێره‌کان و دووپات بوونه‌وه‌ی وه‌سفه‌کانی ئه‌م دوو چیرۆکه چوو. ئه‌م نزیکییه له ناو شتی زۆر بچووک و ناسکدا بوو، وه‌کوو شێوه‌ی به ڕێگا ڕۆێشتن و وه‌سفی ژووره‌کان و کارێکتێره‌کان و جل و به‌رگه‌کان... وته‌نانه‌ت ژماره‌ی ژنانێک که پیاوگه‌ڵی قاره‌مانی چیرۆک ده‌گه‌ڵیان خه‌وتوه! ده‌تگووت که ئه‌م چیرۆکه هه‌ر ئیدامه‌ی چیرۆکی پێشوویه، ناتوانم بڵێم له شوێن و کاتێکتردا چون شوێن هه‌مانه و کات دیار نییه!
بزانم دوای ده- پانزه ساڵی‌تر چیم له‌م چیرۆکه له بیر ده‌مێنێ!
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر