9 ساڵ زۆرتره من له کانادا ده‌ژیم و له‌م ماوه‌یه‌دا وه‌ک زۆربه‌ی ئه‌م که‌سانه‌ی ئه‌م وڵاته‌یان وه‌ک وڵاتی دووهه‌میان بۆ ژیان هه‌لبژاردووه، جا یان له به‌ر ناچاری یان له به‌ر هه‌ڵبژارده‌ی خۆیان، نه‌م توانیوه ئۆگری فه‌رهه‌نگ و شێوه‌ی ژیانی ئێره بم. وه‌ک هه‌موو ئه‌وانی ده‌گه‌نه کانادایه زۆرتر حه‌وڵم داوه له کۆمه‌لی هاوڵاتانی پێشوو که پێشتر له من هاتوونه ئێره نزیک بمه‌وه و هه‌ڵس و که‌وت و کۆبوونه‌وه‌م له‌گه‌ڵ هاوزمانان زۆرتر بێ تا خه‌ڵکی ئێره. وه‌ک لێره ده‌ڵێن، هاتوومه ناو گێتۆی هاوڵاتیان!
یه‌کێک له‌م کۆبوونه‌وانه ئاهه‌نگی هه‌ڵپه‌رکیی کوردیه، حیزب و پارتێکانی 3 پارچه‌ی کوردستان (ئاگام له پارتی پارچه‌ی چوارمی کوردستان نییه!) بۆ کۆبوونه‌وه‌کانی خۆیان ئه‌م به‌زمانه دروست ده‌که‌ن و له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سه‌رنجی هه‌موو گێتۆی کوردی ڕاکێشن گۆرانیبێژ و ده‌سته‌ی مۆسیقا بانگ هێشتن ده‌که‌ن و "بلیت" ده‌فرۆشن و هه‌لپه‌ڕکێ داده‌مزرێنن. خۆتان ده‌زانن کانادا له‌م سه‌ری دونیایه و نرخی داوه‌ت کردنی گۆڕانیبێژ له سه‌ر برایانی حیزبی گران ده‌که‌وێ و به پێی مه‌قبووڵ بوونی گۆڕانیبێژ ئه‌م نرخه‌ش سه‌ر و خوار ده‌کا! یه‌کی وه‌کوو منی موسیقا نه‌بیستووش دڵی به‌مه خۆشه پاره‌ی تیکێتی ده‌دا و "گۆڕانی زیندو"ی گوێ لێده‌بێ و تاقه‌تی هه‌ڵپه‌رکێشی بوو ئه‌وه دوو سێ خولان ده‌ستی گه‌ڕی هه‌ڵپه‌رکێ ده‌گرێ و چش با دوو سێ سوخه‌نرانی و به‌یانییه و به‌ڵێننامه‌ی حیزبیشی گوێ لێبێ، یان بڵێین ئه‌گه‌ر گوتییان به‌رنامه کاتژمێری 7 ئێواره ده‌ست پێده‌کا حه‌وڵ ده‌دات بۆ 9 له ئه‌وێ بێت، چوون ئه‌م دوو کاتژمێره ده‌روا بۆ قسه هه‌زار جار دووپات کراوه‌کان!
ئه‌م 9 ساڵه پڕ بۆ له کۆبوونه‌وه‌ی ئاوا و ئاخر به‌رنامه‌ی که لێی بووم ده‌توانم بڵێم هیچ جیاوازییه‌کی ده‌گه‌ڵ هه‌وه‌ڵ به‌رنامه نه‌بووه و پێم وا نییه 9 ساڵیتریش جیاوازی هه‌بێ. به‌س فه‌رقی هیوایه‌که که من 9 ساڵ پێش هه‌مبوو و ئێستا نه‌مماوه! هیوای ئه‌وه‌ی "گێتۆ"ی ئێمه به پێی کات شت فێر بێ و که‌م و کوڕیه‌کانی ببێته په‌ند بۆ داهاتووی، ئه‌م هیوایه مرد و نامه ناو گۆڕ! ئێستا ئه‌گه‌ر بچم بۆ هه‌ڵپه‌رکیی کوردی به‌س ده‌چم بۆ دیتنی دۆست و ئاشنایان که کاتیتر کاتم نییه بیانبینم! بۆ ئه‌وه‌ی زۆر به ڕه‌شبینم نه‌زانن باسی هه‌ڵپه‌رکیی دووی ڕێبه‌ندانتان بۆ ده‌که‌م که ئه‌م شه‌ممه‌ی ڕابردوو بوو. قه‌وڵ وا بوو "شوان په‌روه‌ر" گۆڕانیبێژی ئه‌م جاره بێت و ئه‌مه بوو به هۆی ئه‌وه‌ی بچم بۆ ئه‌م هه‌ڵپه‌رکییه، پێم وابوو ئه‌م جاره جیاواز ده‌بێ، که بوو!
که گه‌ێشتمه به‌ر ده‌رگای ساڵۆنه‌که و داوای بلیتم کرد(هه‌ڵبه‌ت ساعه‌ت 9!) گوتییان چون جێگه‌ی دانیشتن نه‌ماوه بلیته‌که هه‌رزانتر ده‌فرۆشن(نه‌ک ئه‌وه‌ی جێگا نه‌ماوه ناێفرۆشین!)
ده‌ی بلیتم وه‌رگرت و ئاشنایه‌ک هات و له جێی سڵاو و چاک و خۆشی گووتی: ئه‌وه ئه‌تۆش لێره‌ی؟ له که‌یه‌وه بووی به کورد؟!!! گوتم ببوره ئه‌م جاره له پیتم ده‌رچوو!
چوومه ژور و له سه‌ده‌قه‌ی سه‌ری برایانی کورد که هه‌موو له ده‌ره‌وه خه‌ریکی خواردنه‌وه بوون جێگای دانیشتنمان وه‌گیر که‌وت!
کابرایه‌ک خه‌ریکی گۆڕانی به‌زم بوو و ئاره‌زو و ده‌رزی و ده‌زوو و زوبه‌زووی تێک ده‌کرده‌وه و خه‌ڵک خۆیان له ئه‌رز ده‌کوتا، شه‌رت بێ ئه‌وه‌ی ده‌ێگووت خۆشی نه‌یده‌توانی بیڵێته‌وه!
نزیک کاتژمێر 10 گوتییان ئه‌وه شوان هات، خه‌ڵک هرۆژمییان برد بۆ لای سێنی موسیقاژه‌نه‌کان هه‌ر وه‌ک ئه‌وه‌ی به‌ره‌و پێشوازی بووک و زاوا ده‌چن. دوای چه‌ند خولێک هه‌را و چه‌پڵه‌لێدان و فڵاشی کامێرا ، شوان داوای لێکردن که له سه‌ر جێی خۆیان دانیشن! خه‌ڵکیش کامێرا به ده‌ست له سه‌ر جێی خۆیان دانیشتن، هه‌ر وه‌ک ئه‌و ده‌می له مزگه‌وت بۆ وه‌عزی شیخ عیزه‌دین داده‌نیشتن! گووتم وه‌ڵا عاقل بوون! دوای کورته‌یه‌ک سپاس شوان تێیهه‌ڵکرد و یه‌کێک له گۆرانی- سرووده‌کانی خه‌مباری خوێند و میله‌تیش خه‌نی خه‌ریکی فڵاش لێدان و هه‌ڵگرتنه‌وه‌ی چرکه به چرکه‌ی ئه‌م ده‌مه بوون( خوا خه‌زه‌ب له دیجیتاڵ گرێ که هه‌تا منیشی کردۆته فۆتۆگرافێری پرۆفێشناڵ!!) سه‌رتان نه‌هێشێنم که دوای ئه‌م گۆرانییه هه‌ستی هێند که‌سێک بزووت و ده‌ستیان کرد به گوتنی "بژی ئاپۆ"! جا قه‌دیمی گووته‌نی: تڕ به ته‌وه‌رداسی چی؟ نازانم! ئه‌وه بوو به هۆی ئه‌وه‌ی شوان وه‌بیری ئه‌رکی روناکبیری هونه‌رمه‌ند بکه‌وێت و له جیی به‌رده‌وام بوون به خوێندن ده‌ست بکا به سوخه‌نرانی باسی کورد و کوردستان، به‌ڵام له به‌ر ئه‌وه‌ی ئێکۆی میکرۆفۆن نه‌کوژابۆوه من ته‌نانه‌ت له وشه‌یه‌کیشی نه‌گه‌یشتم که باسی چ ده‌کات، هه‌ر پێم وا بوو ئه‌وه یه‌کێک له سروده بێ موسیقاکانێتی!
ماوه‌ی نیو ساعه‌تێک ئاوا گوزه‌را و شوان تێیهه‌ڵکرد له گۆڕانیه‌کیتر، خه‌ڵکیش "له‌منایه"* نییه ده‌مێکه فیری سه‌ر کورسی بوون، قونیان ته‌زیبوو یه‌ک یه‌ک هه‌ستان و بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ست به‌تاڵ نه‌رۆن وێنه‌یه‌کی یادگاریان ده‌گه‌ڵ شوان هه‌لده‌گرت! شوانیش هه‌رکه‌س ده‌چوو وێنه‌ی ده‌گه‌ڵ هه‌ڵگرێ بۆ ئه‌وه‌ی وێنه‌که‌ی خوار و خێچ ده‌رنه‌چێ ده‌ستی له گۆرانی گووتن هه‌ڵده‌گرت تا وێنه ته‌واو ده‌بوو و یه‌کیتر ده‌هات!
سه‌رتان نه‌هێشێنم کاری میله‌ت ئه‌وه بوو سه‌ره‌یان به‌ستبوو بۆ وێنه هه‌ڵگرتن له‌گه‌ڵ شوان و کاری شوانیش ئه‌وه بوو زوو زوو گۆرانییه‌که‌ی هه‌ڵپچرێ و ئه‌وه‌ی بیره‌وه‌ری خۆشی له گۆڕانییه‌کانیم هه‌بوو خه‌وش کاته‌وه! له کاتی گۆرانی "جانێ جانێ جانێ وه‌ره مه‌ێدانێ"(نازانم دروسته یا نا) دوو سێ وێنه‌ی ڕێبه‌رانی شه‌هیدی حیزبی دێموکرات به ده‌ست سێ که‌سه‌وه بوو که به ریتمی ئه‌م ئاهه‌نگه وه سه‌ما که‌وتن، یه‌کێک له‌م لاوه گووتی: وه‌ڵا قازی فه‌قیریشیان وه سه‌ما خست!
نزیک کاتژمێر 12، شوان ئێستا 4 گۆڕانی نه‌گووتبوو یه‌کجێ بێسه‌ر و شوێن چوو و هه‌ڵپه‌رکێ کۆتایی هات! هاتمه‌وه ماڵی و بریارم دا ئیتر که‌متر ئاوا کوردایه‌تی بکه‌م، لێم نایه با خۆ خوێنتاڵ نه‌که‌م!
بژی موسیقای مردوو، خێرمان له هی زیندوو نه‌دی!
-----------------------------------------------------------------------------------
* له‌منایه= له من وایه( ئه‌وه به یادی پوورم ئاوام نووسی)
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر