"دیا" زۆر زمانه‌وانه، هیچ وه‌کوو پووری، که منم، ناچێ. دوێنێ شه‌وێ پێم ده‌لێ: #$@& م بۆ بکره.( ئه‌و ناوی ئینگلیسییه‌که‌ی گووت که من له بیرم نه‌ماوه!)
ده‌ڵێم: ئه‌وه چییه؟ ده‌ڵێ: هه‌ر ئه‌وه‌ی ئێستا تی‌وی باسی کرد! ده‌ڵێم: نه‌مدیت، چ بوو؟ ده‌ڵێ: ئه‌وه شتێکی "خوارده‌منییه"، بۆ منداڵ باشه بیخوا!
بیر ده‌که‌مه‌وه شه‌رت بێ زۆربه‌ی خه‌ڵکی سابلاخێ وشه‌ی "خوارده‌مه‌نی" به کار ناهێنن و هه‌ر نه‌شیان بیستووه، ئه‌م جوجه‌ڵه‌یه که هێشتا نه‌بۆته 4 ساڵانه چۆنی ده‌زانێ؟ دیاره بیستویه‌تی، به‌ڵام ئه‌وه‌نده دروست وشه کوردیه‌کان به کار دێنێ هه‌ر ده‌ڵێی هێله‌گێکی له ناو مێشکی دایه بۆ هه‌ڵێنجاندنی ئه‌وه‌ی ده‌بێ بگوترێ.
که‌مێک دواتر کتێبێکی بۆ هێنام گووتی ئه‌وه‌م بۆ بخوێنه‌وه، کتێبی "دایه مه‌مده به گورگی!" ... دوو سێ به‌یتم بۆ خوێنده‌وه خۆم ترسام له وشه‌کانی له‌م کتێبه به‌کاریان هێنابوو و وازم هێنا، "دیا" ش که هیچ هیوای به خوێندنه‌وه‌ی من نه‌ما خۆی ده‌ستی کرد به گووتنه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی تا ئێستا له منی بیستبوو و هه‌روا له زه‌ێنی خۆیه‌وه و له رووی وێنه‌کان چیرۆکه‌که‌ی ئیدامه‌دا، بروا بکه‌ن ئه‌وه‌ی دیا سازی کردبوو زۆر له هی نووسه‌ری کتێبه‌که‌ی خۆشتر بوو. لانی که‌م زۆر ناسک‌تر و شیرین‌تر!
لێره تا بڵێی کتێب و چیرۆکی تاێبه‌ت بۆ مناڵان هه‌یه، به ئه‌رخه‌یانی بچی ناو هه‌ر کتێبخانه‌یه‌ک له به‌شی مناڵان به ده‌ستی پڕ دێیه‌وه ده‌رێ بێ ئه‌وه‌ی بترسێی که ئه‌م کتێبه‌ی بۆ مناڵه‌که‌ت وه‌ریده‌گری بابه‌تی خوێندنه‌وه بۆی نه‌بێ. به‌ڵام دیا زۆرتر حه‌زی له بیستنی کوردیه( ڕه‌نگه بچێته مه‌دره‌سه‌ی وا نه‌مێنێت، به‌ڵام ئێستا زۆرتر حه‌زی له کوردییه.) کتێب و چیرۆکی تاێبه‌ت به مناڵان که به کوردیش هه‌یه زۆر جێی متمانه نین ئه‌وه نمونه‌که‌ی: دایه مه‌مده به گورگی! به‌خوا ئه‌وه‌ی من له بیرمه ئه‌وه‌نده ترسناک نه‌بوو! له خۆرا نییه ئه‌و براده‌ره ئاوا داخ به دڵه!
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر