گوڵدانه‌كانی من ماوه‌یه‌كه به‌شێك له ژیانی منن... زۆر نین، گه‌وره‌ش نین... به‌ڵام دێن و گه‌وره‌و گه‌وره‌تر ده‌بن...
هه‌میشه ده‌ستپێكێك هه‌یه بۆ هه‌ر شته‌ی دوای ماوه‌یه‌ك ده‌بێته به‌شێك له ژیان، ده‌سپێكی گوڵدانه‌كانی من رۆژێك بوو كه لقی گه‌ڵایه‌ك شكا.. گه‌ڵایه‌كی جوان نه‌بوو، به‌شێكی كوون ببو وه‌ك ئه‌وه‌ی ده‌عبایه‌كی گیانله‌به‌ر خواردبێی... حه‌زم كرد ئه‌و گه‌ڵایه شین كه‌مه‌وه و زیندووی راگرم... گه‌ڵایه‌كی چیڕ بوو و زۆری خایاند تا دیسان ریشه‌ی ده‌رهێنا... نزیك به 6 مانگ چاوه ڕێی مامه‌وه... گه‌ڵا رزیوه‌كه بوو به گوڵدانێكی بچووك و دایكی گه‌ڵاكانی تڕ و دوای ئه‌وه‌ی 2-3 مناڵی بوو خۆی مرد...
هه‌ر كه‌سێك هاته ماڵمان چیرۆكی گوڵدانه‌كه‌م بۆ باس كرد...وه‌ك شاهكارێكی ژیانی خۆم! دیاره زۆر جاران ئه‌و چیرۆكه دووپات ده‌بۆوه....
به‌رهه‌مه‌كه‌ی: گوڵدان به دووی گوڵدان هاته ناو ماڵه‌كه‌مان... ئیستا گوڵدانم زۆره به‌شێك گوڵیان هه‌یه و به‌شێك گیا و گه‌ڵایه و به‌س!... خۆشه‌ویسترینیان هه‌وه‌ڵ گوڵدانمه...
*******************************
هه‌رگیانله‌به‌رێك شێوه‌یه‌كی تاێبه‌تی هه‌یه بۆ ژیانه‌وه و به‌رده‌وام بوون.... گیا پێویستی به خۆڵێكه تێیدا بگیرسێته‌وه و ریشه داكوتێ... ده‌نكه‌كان نابن به گیا تا خۆڵ وه‌خۆیان نه‌گرێ...
باڵنده‌كان پێویستیان به گه‌رمێن و كوێستانه بۆ ژیانه‌وه... باڵی فرینیان نه‌بێ هاوینی تڕ نابینن...
مرۆڤ ده‌توانێ بۆ ژیانه‌وه گیا بێ یان باڵنده... له خاکێك بگه‌ڕێ بۆ گیرسانه‌وه یان له شوێنێك بۆ گۆڕین... بێ هه‌ڵبژاردن مابه‌ینی ئه‌وان وه‌ك بڵقی سه‌ر ئاوه، زوو دێ و زوو تێده‌په‌ڕێ... بێ ئه‌وه‌ی كه‌س هه‌ستی پێ بكا...
گیا به، باڵنده به یان بڵقی سه‌ر ئاو... هه‌ر بۆخۆت گرینگه كامه‌یان بی...
*****************************
بوش خه‌ریكه خۆی بۆ ئه‌وه‌ی دیسان هه‌لبژێردرێ ئاماده ده‌كا... ئێران خه‌ریكه ده‌شڵه‌قێ... خه‌لك چاوه‌رێن به‌یانی یا دوو به‌یانی شتێك بقه‌ومێ... له كوردستان هه‌ر رۆژه‌ی خه‌به‌رێكی تازه ده‌قه‌ومێ و زۆرێك له شاردراوه‌كانی بۆیان هه‌یه ده‌ركه‌ون ده‌رده‌كه‌ون... دوانه‌ی به یه‌كه‌وه نووساوی لاله و لاده‌ن له یه‌ك جیا ده‌بنه‌وه.... زۆر كه‌س له برسان ده‌مرن... زۆر كه‌س له ژێر شه‌ر و ته‌قه دا ده‌مرن... زۆر كه‌س هه‌ر ئه‌مشه‌و ده‌زێن ....
به‌ڵام من به‌م نیوه شه‌وه پێم خۆشه چاو له گوڵدانه‌كانم كه‌م و گه‌ڵاكانیان ببژێرم و باسی فه‌لسه‌فه بكه‌م.....
ئاخ كه خۆشه بڵقی سه‌ر ئاو بوون!!
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر