ده‌ڵێم Edit داگره ده‌ستی ده‌له‌رزێ و ده‌كه‌وێته سه‌ر File , دوو سێ جار ئه‌م هه‌ڵه‌یه دووپات ده‌بێته‌وه. ده‌ڵێی خه‌تای ئه‌وه ده‌ستی له‌رزۆكه، به شه‌رمه‌وه چاوم لێ ده‌كات... دڵخۆشی ده‌ده‌مه‌وه و ده‌ڵێم دیسان تاقی كه‌وه... ئه‌و جاره‌ی Edit داگیراوه و په‌نجه‌ره‌كه‌ی بۆ كراوه‌ته‌وه...
ئه‌وه‌ی دی لووتی به مۆنیتۆره‌وه نووساندوه بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ وشه‌كان بخوێنێته‌وه، ده‌ڵێم ڕاوه‌سته با فێرت كه‌م چۆن دڕشتی كه‌یه‌وه! فێری ده‌كه‌م و له خۆشی پیتی گه‌وره خه‌ریكه باڵ بگرێ... ده‌ڵێ چاوه‌كانم تای كه‌وتۆته سه‌ر، دوو جارم عه‌مه‌ڵیات كردووه به‌ڵام هه‌ر باش نابینم!
ئه‌و‌یتریان پێم ده‌ڵێ من ئینگلیزی باش نازانم ، ژنێكی ئیتالیاییه، به‌ڵام له هه‌مووان زۆڕبڵه‌تره! زۆر زیره‌كه و زوو شته‌كان فێر ده‌بێ، به‌س ده‌گه‌ڵ double click موشكیله‌ی هه‌یه... ناتوانێت به خێرایی دوو كرته‌ی بێ وچان بكا... بۆیه زوو تووڕه ده‌بێ... ده‌پرسێ ئاخر بۆ نابێ؟
فێریان ده‌كه‌م بچنه ناو paint و له ئامێره‌كانی كه‌ڵك وه‌رگرن... بۆ به كار هێنانی ماوس باشه... هه‌موویان خه‌نی ده‌بن، یه‌كییان ده‌ڵێ، ئه‌وچه‌ل كارتی ده‌ست سازی خۆم بۆ نه‌وه‌كانم ده‌نێرم!
لێیان ده‌پرسم solitaire ده‌زانن، ژنه ئیتالیایه‌كه ده‌ڵێ نا، ئه‌وانی تر ده‌ێزانن.. ده‌پرسم قه‌ت به كارت یاریت كردووه؟ ده‌ڵێ كه‌م، ئاخر گوناهه!
فێری ده‌كه‌م چۆن فاڵ بگرێته‌وه ... ده‌ڵێ تۆ له كوێ بووی تا ئیستا ئه‌و شتانه‌م فێر كه‌ێ؟ تۆ زۆر له سه‌ره‌خۆ و به‌تاقه‌تی، بریا زووتر هاتبای...
بۆخۆشم سه‌رم سوورماوه له‌و هه‌موو تاقه‌ته‌ی هه‌مه!!!
هه‌موویان ته‌مه‌نیان له 60 و 70 تێپه‌ریووه، هه‌ر وه‌ك مناڵان وان، ناتوانی یه‌كیان زۆرتر بدوێنێ ئه‌وه‌ی تر به غه‌ریبییه‌وه چاوت لێ ده‌كا... مناڵ زوو شت فێر ده‌بن، به‌ڵام ئه‌وانه زوو له بیریان ده‌چێته‌وه، هه‌ر شته‌ی ده‌بێ ده‌یان جار دووپات كه‌مه‌وه، گوێیان گرانه، ده‌بێ ده‌نگ هه‌ڵێنم، چاوییان كزه ده‌بێ مانیتۆره‌كه بخه‌مه سه‌ر بچووكترین چوارچێوه‌ی... قامكه‌كانییان بێ هێزه و ڕه‌ق...
فێر بوون له‌و ته‌مه‌نه دا زۆر دژواره به‌ڵام ئه‌وانه هاتوون فێر بن، فێر بن چۆن كامپیوتێره‌كه‌یان به كار بێنن، فێر بن چۆن ئینتێرنێت به كار بێنن... خۆشم له ویسته‌كانیان دێت، به‌م ته‌مه‌نه‌وه ئێستاش نه‌به‌زیون، ئێستاش ژیان له ده‌ماره‌كانیان دا ده‌گه‌ڕێ ... ئێستاش له خۆشییه‌كانی ژیان ده‌گه‌ڕێن... ویستی ئه‌وان ژیانیش پڕ ماناتر ده‌كات بۆ من...
ڕۆژی هه‌وه‌ڵ لێیان ده‌پرسم بۆ هاتوون فێر بن و به ته‌مان چ فێر بن؟
ده‌ڵێن ئاخر ئه‌وه جێی هه‌موو شتێكی گڕتۆته‌وه... یه‌كییان ده‌ڵێ : نه‌وه‌كه‌م پێم ده‌ڵێ فێر بم تا بتوانم زوو زوو به ئیمه‌ێڵ بیدوێنم!
بیر له به‌ته‌مه‌نه‌كانی خۆمان ده‌كه‌مه‌وه، زۆربه‌یان چاوه‌ڕێی مه‌رگن، چاوه‌ڕێن بزانن كه‌ی مه‌ڕگ دێ به شوێنیان دا... هه‌موو كه‌سیش هه‌ر ئه‌و داوایه‌ی لێیان هه‌یه ، ده‌ست هه‌ڵگرن و چاوه‌ڕێ بن! بڵێی ڕۆژێك بێ ئه‌و هه‌له بۆ ئه‌وانیش هه‌ڵكه‌وێ؟
بیر له دایكم ده‌كه‌مه‌وه... تا ئاخر ڕۆژه‌كانی ژیانیشی هه‌ر به ته‌ما بوو خوێندن و نووسین فێر بێ...
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر