دراوسێكه‌مان كه تراسی ماڵه‌كه‌ی پاڵ به پاڵی ماڵی ئێمه‌یه، تراسه‌كه‌ی به هه‌ر گوڵێكی له‌م وڵاته شین بێ ڕازاندۆته‌وه... هاوینان تراسی ماڵی ئه‌و دیمه‌نێكی جوان ده‌دا به هه‌موو ئه‌و ئاپارتمانه سارد و سڕه... لاولاوه‌كانی شینی كردووه به دیواری ئه‌و دا شۆڕ بۆته‌وه سه‌ر تراسی ئێمه و هه‌موو به‌یان كه تاو هه‌ڵدێ گوڵه شینه‌كانی كه به ڕه‌نگی ئاسمانی بێ هه‌ورن ده‌كرێنه‌وه و تا تاو هه‌بێ گوڵه‌كان خه‌ریكی چاوه چاون... هه‌ر تاویش بزر بوو و چوو پشت هه‌وران گوڵه‌كان ده‌مییان وێك دێنن و ناوچاوانییان تێك ده‌نێن... من و ئه‌و لاولاوه‌یه له‌م بابه‌ته‌وه زۆر وه یه‌ك ده‌چین! هه‌رتكمان به دیداری تاو شادین و كه هه‌ور هات ناوچاوانمان تێك ده‌نێین، به‌س من به دیتنی گوڵه‌كانیش شاد ده‌بم، پێم وانییه ئه‌وان دیتنی من به لایانه‌وه گرینگ بێ!
دراوسییه‌كه‌مان له به‌ر ده‌رگا منی دیت و گووتی: لاولاوه‌كان زۆریان كردووه و شۆڕ بوونه‌وه بۆ لای ئێوه، ئه‌گه‌ر ئه‌زیه‌تتان ده‌كا با بێمه ئه‌وبه‌ر بیانبرمه‌وه؟
ده‌ڵێم نا ئه‌وه هاوڕێ به‌یانانی منه، تكایه مه‌یانبڕه‌وه!
ده‌ڵێ: زۆریان عومر نه‌ماوه، ورده ورده هه‌ڵده‌وه‌رێن گووتم نه‌كا پێوه‌ی جارز بن...
... گوڵدانه‌كانی من هه‌ر خه‌ریكن زۆر ده‌بن ، وای لێ هاتووه هه‌ركه‌س پێیان هه‌ڵده‌ڵێ گوڵدانێكی ده‌ده‌مه ده‌ست و به‌یانی دیسان وڵات پڕه له گوڵ و گوڵدان... له بیرمه داییكم ده‌ێگووت گوڵ و گوڵدان كه جوان و زۆر ده‌بێ پێمانه‌وه نایه، بارێ ده‌كه‌ێن! هه‌ر بۆیه قه‌ت حه‌وشه و ماڵمان گوڵ و گوڵدانی جوانی تێدا نه‌بوو، هه‌ر خۆڵ بوو كه گه‌سكی تێدا شین ده‌بوو!
بزانم كه‌ی بارێ ده‌كه‌م وا دیاره كاتی هاتووه چون گوڵدانه‌كانم ڕۆژ به ڕۆژ جوانتر و گه‌شتر ده‌بن!...
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر