
كیسه‌له‌كانیش ده‌فرن...
ئه‌مه ناوی فیلمی نوێ به‌همه‌نی قوبادیه كه بۆ هه‌وه‌ڵ جار له فێستیڤاڵی فیلمی تۆرۆنتۆ ڕۆژانی 10 و 12 ی ئه‌م مانگه پێشان درا. وه‌كو فیلمه‌كانی پێشووی ئه‌مه‌یانیش به زمانی كوردی و باسی كوردان بوو و هه‌وه‌ڵ فیلمی ساز كراوی عیراق دوای رووخانی سه‌دام! ( بریا ناوی نابا هه‌وه‌ڵ فیلمی ساز كراوی كوردستان دوای رووخانی سه‌دام... ئاره‌زوویه ده‌ڵێی چی!!؟)
قوبادی ئه‌م جاره سنووری تێپه‌راندووه و چیرۆكی منالانی باشووریمان بۆ باس ده‌كا كه یاری و گه‌مه‌یان ژیانه! كۆمه‌لێك مناڵ كه زوو، زۆر زوو گه‌وره بوون و ده‌بێ به هێزی بچووكی خۆیان باری قوڕسی ژیان هه‌ڵگرن!
چیرۆك گێرانه‌وه‌م باش نییه به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی بزانن چ باسه وه‌ك ئه‌م رۆژنامه‌نووسانه‌ی باسی فیلمه‌كان به كورتی ده‌نووسن و دوای دیتنی فیلمه‌كه ده‌بینی كوا ئه‌وه ئه‌م فیلمه بوو كه نووسیبووی، منیش شتێكتان بۆ ده‌گێرمه‌وه:
هه‌بوو نه‌بوو له گوندێكی ئاواره‌كاندا كاك سه‌تێلایتێك هه‌بوو كه ناوی خۆی سۆران بوو، ئه‌م كاك سه‌تێلاێته وه‌كوو سه‌رۆكی منالانی بێكه‌سی ئه‌م گونده بچووكانه وا بوو و ئیش و پاره‌ی بۆ ئه‌م مناڵانه پێك دێنا، هه‌رچه‌ند خۆی هه‌ر 13 ساڵی بوو، هه‌موو هیوا و ئومێدی كاك سه‌تێلایت هاتنی ئامریكایه‌كانه كه پێی وایه به هاتنی ئه‌وان ژیانیان باشتر ده‌بێ هه‌ر بۆیه كوێخای دێ ده‌هاژێنێ كه بۆ بیستنی خه‌به‌ری هاتنی ئامریكایه‌كان ساتێلاێتێك بۆ گونده‌كه بكرن... له‌م ناوه‌دا كاك ساتێلایت دڵی بۆ كچۆڵه‌یه‌ك ده‌چی كه ده‌گه‌ڵ برا بێده‌سته‌كه‌ی و مناڵێكی كوێر هاتوونه گونده‌كه...
ئه‌گه‌ر ئاوا به‌رده‌وام بم بۆ گێرانه‌وه، كه‌مێك شته‌كانی له‌م فیلمه‌دا قه‌وماوه له چوارچێوه‌ی خۆیان دێنه ده‌رێ و ده‌بنه شتێكی ئاسایی، به‌ڵام خۆ ده‌رهێنه‌ر مه‌به‌ستی گووتنه‌وه‌ی شتێكی ئاسایی نییه، هه‌یه؟ بۆیه با هه‌ر لێكدانه‌وه‌ی خۆم و هه‌ستی خۆم له دیتنی ئه‌م فیلمه بگێرمه‌وه باشتره...
فیلمه‌كه له هه‌وه‌ڵ چركه‌وه به‌ڵێنی فیڵمێكی تاڵت ده‌داتێ، زۆر تاڵ... ده‌ڵێ ئه‌گه‌ر تاقه‌تی دیتنی ئه‌و هه‌موو ڕه‌شایه‌ت نییه، هه‌سته بچوو ده‌رێ...بڕیارێكه له سه‌ر مان و نه‌مان، پڕ له ناهومێدی،" ئاگرین" له سه‌ر لێواری به‌رزایی ڕاوه‌ستاوه و به ته‌مای فڕینه، فڕین بۆ سه‌ربه‌ستی له داخ و مه‌ێنه‌تێكی كه به دووی خۆێ دا ده‌كێشێ... له هه‌وه‌ڵه‌وه خۆ نازانی برینه‌كه‌ی چییه كه به ته‌مای فڕینه، بۆیه له دڵه‌وه هاوار ده‌كه‌ی كچۆڵه وشیار به نه‌كه‌وی! به‌ڵام ئه‌و و ده‌رهێنه‌ر بڕیاریان داوه كه ئه‌و بفرێ و ده‌فرێ!
دواتر ده‌گه‌رێنه‌وه بۆ پێشتر و كچۆڵه داوای كه‌مێك ته‌ناف له كاك سه‌تێلایت ده‌كات، و بیرم بۆ ئه‌وه‌ی ده‌چێ ئه‌م ته‌نافه‌ش هه‌ر بۆ مه‌به‌ستێكی ئاوایه، به ده‌سته خۆم نییه ئاوا بیر ده‌كه‌مه‌وه، خه‌می چاوانی كچه وا ده‌ڵێ... له هه‌وه‌ڵی فیڵمه‌كه‌وه چاوم به دوای ئه‌م كچۆڵه‌یه وێڵه... قسه شیرنه‌كانی كاك سه‌تێلایت،.. مناڵه ده‌ست په‌ڕێو و قاچ په‌ڕێوه‌كانی بژاری خۆیان له مه‌ێدانی مینی ده‌ورانده‌وری گونده‌كه ده‌كه‌ن و بۆ هه‌ر مینه ئامریكاییه‌ك كه ده‌ری دێنن چه‌ند دینارێكیان وه‌به‌ر ده‌كه‌وێ،.. خه‌ونه‌كانی كوره بێقۆڵه‌كه‌ی برای ئاگرین، هه‌ر خه‌ونه‌ی مه‌ێنه‌تێكی بۆ به دیاری دێنێ و... گه‌وره‌كانی گونده‌كه كه هه‌ر وه‌ك ڕه‌شاییه‌ك له ناو ژیانی مناڵان ده‌رده‌كه‌ون، هه‌موویان لایه‌ك و نیگای تاسه‌باری ئاگرین لایه‌ك! هه‌وه‌ڵ چركه‌كانی فیلم ناهێڵێ چاوت به دووی ئاگرینه‌وه نه‌بێ، له دووی هیوایه‌ك ده‌گه‌ڕێی بۆ گۆڕانی داهاتوو... به‌ڵام بڕیار دراوه و هه‌موو فیلم به‌لگه هێنانه‌وه بۆ ئه‌م بڕیاره‌یه...
ژنێك له ده‌رهێنه‌ر ده‌پرسێ: باشه یانی ئاگرین ڕێی تری نه‌بوو ئیلا ئه‌وه‌ی "ڕێگا" و خۆێ له ناو به‌رێ؟
ده‌ڵێ: من زۆڕم بیر لێ كرده‌وه، زۆرم خۆ له جێی ئاگرین دانا، دیتم كه من ده‌ستدرێژیم پێ كرابێ له لایه‌ن به‌عسیه‌كانه‌وه و دایك و باب و خێزانم به ده‌ستییانه‌وه كوژرابێ ، ده‌بێ به‌رهه‌می ئه‌م ده‌ستدرێژییه له ناو به‌رم و ده‌بێ هه‌ڵێم له ده‌ست ئه‌م ڕابردوویه، به‌ڵام هه‌ڵاتن له ڕابردوو كاتێك داهاتوویه‌كی ڕه‌ش له به‌ر چاوته هاسان نییه و بۆیه ئاگرینیش تێدا ده‌چێ...
ده‌رهێنه‌ر وه‌كوو خۆێ گووته‌نی له داوی ئیستعاره‌وه وێڵه، ناێهه‌وێ توخمی به‌عس و به‌عسییان له‌م ناوچه‌وه بمێنێ هه‌تا ئه‌گه‌ر به نرخی مردنی دایكیش( وڵات) ته‌واو بێ!!
من بیر ده‌كه‌مه‌وه به‌ڵام ئه‌وه تۆ نی بڕیار بده‌ێ كه ڕێگه‌ی تر ئیلا نه‌مان نییه، هه‌رچه‌ند رابردوو و داهاتوو به‌قه‌د یه‌ك ڕه‌ش بن، هیوایه‌ك هه‌میشه هه‌یه!
یاری مناڵه‌كان ژیانه، ئه‌وه‌ی ڕۆژێك زۆرتر بژی له‌م یاریه له پێشه، مناڵه‌كان له‌گه‌ڵ ڕه‌شایه‌كانی ژیان ڕاهاتوون و به له‌ت و په‌تیش به‌رده‌وامن له‌م یاریه، ئێستا نۆره‌ی كاك سه‌تێلایته ده‌ست له هیوا به‌رزه‌كانی هه‌ڵگرێ و له‌گه‌ڵ ژیان ڕابێ كاتێك كه پشت له سه‌ربازه ئامریكاییه‌كان ده‌كا كه ئه‌وه‌نده چاوه‌ڕێی هاتنیان بوو و چاو له داهاتوویه‌كی نادیار!
........................
هه‌بوونی فیلمێكی‌تر به زمانی كوردی و به پێناسه‌ی كوردی دیسان جێی شانازییه، هه‌رچه‌ند تاڵترین و بێ ئومێدترین فیڵمی كاك به‌همه‌نیش بێ!
به كورتی فیلمێكی ڕێك و پێكه كه له باری گێرانه‌وه و شكانه‌وه‌ی زه‌مان زۆر به ڕێك و پێكی بێ ئه‌وه‌ی هه‌ست به بۆشایی بكه‌ی به دوی خۆتدا ده‌كێشێ و مناڵه‌كانیش به ڕاست جوان یاری ده‌كه‌ن... ڕه‌نگه ئه‌وه ژیانی خۆیانه بۆیه وا به جوانی ده‌ریانهێناوه! ئه‌م فیلمه‌ش هه‌ر وه‌ك ئه‌وانی تر دووپات بوونه‌وه‌ی زۆر تێدایه( هه‌ڵبه‌ت كه‌متر له ئه‌وانیتر!) بۆ وێنه قسه‌كانی شێركۆ!
سالۆنی سینما پڕه له‌و كه‌سانه‌ی خۆره‌ی فیلمن ، زۆربه‌یان یه‌كتر ده‌ناسن و باس و خواسیان له باره‌ی ئه‌م فیلمانه‌یه تا ئیستا دیتویانه یان ده‌ێبینن... سالۆنه‌كه به سه‌ر یه‌كه‌وه 6 كوردی تێدا نییه، ڕه‌نگه له‌م جه‌ماعه‌ته‌ی‌تر 20% نازانن كوردیش میله‌تێكن له دونیادا، به‌ڵام به تێكرایی دوای ته‌واو بوونی فیلم به ڕێزه‌وه له به‌ر پێی ده‌رهێنه‌ر هه‌ڵده‌ستن و به چه‌پڵه‌وه ده‌ستخۆشی لێده‌كه‌ن... دوای ئه‌م فیلمه به‌شێكییان له ده‌وری ده‌رهێنه‌ر كۆ ده‌بنه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی زۆرتر بزانن، یه‌كییان به سه‌برا له من ده‌پرسێ: كورد هه‌ر له عیراق ده‌ژین؟ ئه‌م ده‌رهێنه‌ره‌ش كورده؟و زۆر پرسیاری تر و من وه‌ڵامی ده‌ده‌مه‌وه و وه‌ڵام دانه‌وه‌ی من چه‌ند كه‌سی تر كۆ ده‌كاته‌وه و ئه‌وانیش چه‌ند پرسیاری تر و ئاوا هه‌ست ده‌كه‌م چوومه سه‌ر مه‌نبه‌ر!!
ده‌رهێنه‌ر زۆری شایی به مناڵانی فیڵمه‌كه‌ی بوو و به سه‌ربه‌رزییه‌وه باسی ده‌كردن، به‌رهه‌مه‌كانی ئه‌م فیلمه بۆ ئه‌وان ئاوا بوو:
په‌شێو و هه‌نگاو ده‌چنه ژێر چاوه‌دێری حكومه‌تی هه‌رێم(هه‌ولێر) و تا ئاخری ژیانیان سه‌رپه‌ره‌ستی ده‌كرێن... سۆران حه‌وڵی بۆ ده‌درێ بۆ ئاكتێر بوون بخوێنێ و به‌رده‌وام بێ له كاری فیلم‌دا( به پشتیوانی كاك به‌همه‌ن و شه‌ریكه‌كه‌ی) شێركۆ قه‌لبی نه‌خۆشه و عه‌مه‌لیاتی ئه‌و له عیراق ناكرێ و جارێ هیچییان بۆ ئه‌و له ده‌ست نایه، ڕێگا كه چاوی سۆمای نه‌بوو، به عه‌مه‌لیاتێك سۆمای چاوێكی وه‌ده‌ست هێناوه و ئه‌وه‌ی تریشیان قه‌وڵ وایه باشتر بێته‌وه... بۆ ئاگرین، خۆ ده‌زانین بۆ كچان له لای كورده‌واری هیچ ناكرێ و ده‌ستمان به‌ستراوه، ناكرێ بینێری بۆ خوێندن له وڵاتێكی تر یا هانی بده‌ی بۆ به‌رده‌وام بوون له فیلمیتردا! هه‌ر بۆیه حه‌وڵ ده‌ده‌ن بۆ دایك و بابی ماڵێك بكرن و له ژێر چادر نه‌جاتییان بێ!!
.................
ئه‌گه‌ر بۆ لای نه‌ورۆز بیستتان ئه‌م فیلمه له ئاكادێمی ئوسكار ده‌چێت بۆ كێبه‌ركێ پێتان سه‌ێر نه‌بێ، لام وایه هه‌ر به‌م نییه‌ته ساز كراوه ..
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر