من به ده‌گمه‌ن چاو له ته‌له‌ڤیزیون ده‌که‌م، به‌ڵام جار و بار هه‌ڵده‌که‌وێ که پڕۆگرامێک سه‌رنجم ڕاده‌کێشێ و تا ئاخر چاوی لێده‌که‌م، ئه‌م پڕۆگرامه ده‌توانێ تاک شۆ بێ یا چیشت لێنان یا پڕۆگرامی مناڵان... ئاوا هه‌فته‌ی 3-4 ساعه‌ت خه‌ریکی دیتنی ئه‌م پڕۆگرامانه‌م!
ئاخری شه‌وانه ڕیزێک پڕۆگرام هه‌یه که ده‌ست ده‌خاته سه‌ر ده‌ردی بێیاری خه‌ڵک و به هه‌موو شێوه‌یه‌ک خه‌ریکن دوو که‌س به یه‌ک بگه‌یه‌نن! له پڕۆگرامی به‌ناوبانگ و حیزی به‌چلر و به‌چلێرێت ڕا بگره هه‌تا cooking for love (ئه‌م یه‌که‌یان به دڵی منه!) شه‌و نییه چه‌ند کاناڵی تی‌ڤی به‌رنامه‌یه‌کی ئاوای نه‌بێ! یه‌کێک له‌م به‌رنامانه blind date ه که دوو که‌س که قه‌ت یه‌کتریان نه‌دیتووه به یه‌ک ده‌ناسێنێ و له ماوه‌ی ڕۆژێک یا ئێواره‌یه‌ک کامێرا به دووی ئه‌وانه‌یه تا بزانێ دیسان به ته‌مای پێوه‌ندی به یه‌که‌وه ده‌بن یا نا... خۆیان و به‌ختی خۆیان!
پڕۆگرامێکی‌تریش هه‌یه به ناوی e-love که که‌مێک نوێتره له ڕێ و ڕه‌سمی کۆنی blind date! له‌م پڕۆگرامه‌دا دوو که‌س که له ڕێی ئینتێرنێت به یه‌که‌وه ئاشنا بوون و حه‌زیان له یه‌که و دۆستایه‌تێکی گه‌ڕم و گوڕیان پێک هێناوه( ئاشقی یه‌کتر بوون!) به‌ڵام قه‌ت یه‌کتریان نه‌دیتوه، به یارمه‌تی ئه‌م پڕۆگرامه یه‌کتر ده‌بینن و ئاخری به بینه‌ر ده‌ڵێن که به ته‌مان به‌رده‌وام بن له پێوه‌ندی ده‌گه‌ڵ یه‌کدا یا نا!
تا ئیستا به هه‌ڵکه‌وت چه‌ند به‌شی ئه‌م پڕۆگرامانه‌م دیتوه ، زۆربه‌ی ئه‌وانی به شێوه‌ی blind date به یه‌که‌وه ئاشنا ده‌بن حه‌زیان له‌وه‌یه که یه‌کتر ببیننه‌وه به‌ڵام له‌م چه‌ند پڕۆگرامه‌ی لهe-love دیتوومه به گشتی ئیشق و خۆشه‌ویستی ڕێی دوور نامێنێ و ئیتر ئه‌م دوو که‌سه حه‌ز له یه‌ک ناکه‌ن ، ئه‌گه‌ر زۆر بیانهه‌وێ خۆیان گه‌وره بنوێنن ده‌لێن پێمان خۆشه پێوه‌ندی دۆستانه‌مان هه‌بێ نه‌ک وه‌ک دوو خۆشه‌ویست!
لام وایه هۆی ئه‌م لێکبڕانه دوای دیتن ئه‌مه بێ که: له‌م شێوه پێوه‌ندانه دا هه‌ر که‌سه‌ی ڕووی بێ عه‌ێبی خۆێ به ئه‌وی تر نیشانده‌دا، جوانترین وێنه‌ی خۆیان بۆ یه‌ک ده‌نێرن، به هێمنی و له‌سه‌ره‌خۆ ده‌گه‌ڵ یه‌ک ده‌دوێن و له کاتی بیر و ڕا ده‌ربڕین بیرێكی ئاوه‌له‌یان هه‌یه و هه‌موو بیرێكی جیاواز له‌گه‌ڵ هی خۆیان هه‌ڵده‌گرن!(هه‌ڵبه‌ت ئه‌گه‌ر بڵێێن درۆ و ده‌له‌سه له کاریاندا نه‌بێ!)
وێنه‌یه‌ک که به پێی ئه‌م زانیاری ئانلاینانه له بیری ئه‌وه‌یتر دا ساز ده‌بێ شتێکی ته‌واو و بێ نوقسانه، به‌ڵام کوا له ژیانی ڕاستیدا ئاوا بێ‌عه‌ێبن که به ئانلاین خۆ ده‌نوێنن؟ بۆیه هه‌ر به دیتنی یه‌ک ئه‌م قه‌ڵایه‌ی به قسان پێک هاتووه زوو ده‌ست ده‌کا به ڕوخان... چه‌نده ئه‌م وێنه سازکراوه دوور بێ له ڕاستی ئه‌م قه‌ڵایه زووتر ده‌ڕوخێ! دیاره که‌س پێی خۆش نییه دوای ڕوخانی ئه‌م وێنه‌یه‌ی ئاشقی بوو ، ته‌ڕح و دیداری وێرانه‌کان ببینێ، بۆیه سه‌ێر نییه e-love بێ سه‌ره‌نجامه!
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر