که‌متر له دوو هه‌فته ماوه، وازم له کار هێناوه و له ماڵێ دانیشتووم. تا ساڵێکی‌تر کار بێ کار! ریزی ئه‌م کارانه‌ی ده‌بێ بیکه‌م له پێشمه، به‌ڵام وزه‌ی هیچ کارێکم نییه. ڕۆژی ئاخری کارێ هه‌موو نه‌سیحه‌تیان کردم که تا ده‌توانم بخه‌وم، به‌ڵام کوا خه‌و؟ له جێی هه‌موو کارێک داده‌نیشمه سه‌ر سۆفاکه و ئه‌م 6-7 کاناڵی تی‌وی که هه‌مانه به سه‌ر ده‌که‌مه‌وه... لای نیوه‌رویان خۆشه و دوو سێ بابه‌تی چێشت لێنان نیشان ده‌دا، بۆ کابانی وه‌ک من باشن...! یه‌کیان چێشت لێنانی پاسکواڵه‌یه، که زۆرتر له چێشته‌کانی، قسه‌کانی خۆشن! یه‌کیان چێشت لێنان بۆ بنه‌ماڵه‌ی سه‌ر قاڵه، چوون زۆر گرفتارن کاتی چێشت لێنانیان نییه و خاتوونێک دێت فێریان ده‌کا چۆن له کورترین کاتدا چێشتی خۆش ساز که‌ن. له‌وانه‌یه بۆ داهاتوو به که‌ڵکم بێت! ئاخرینیان ناوی خۆشترین ده‌ستاوه و خاتوونێکی گه‌نج هه‌ر جاره‌ی شتێک( تۆ بلێ په‌ستا) ده‌کاته ده‌ستکردی چه‌ند چێشتان... نێوانم ده‌گه‌ڵ ده‌ستاوی ئه‌وه‌یان نییه، بێ سیر نازانی هێچ چێشتێک ساز کات! به‌ڵام چاوی لێده‌که‌م به‌ڵکوو بتوانم شتێکی لێ فێر بم. له‌وه‌تی ئه‌وانه چاو لێده‌که‌م چێشتم بۆ لێناندرێ، جاران چه‌ند چێشتێکم ده‌زانی و به سه‌ره لێم ده‌نان... دیتنی ئه‌م پرۆگرامانه ئه‌م چه‌ند چێشته‌شی له به‌ر چاو خستووم! دوای بابه‌ته‌کانی چێشت لێنان، بابه‌تی سڵامه‌تی و پرۆگرامی دوکتوران سه‌ره‌یه‌تی.... که گوێیان بۆ هه‌ڵده‌خه‌م هه‌رچی نه‌خۆشیه له خۆمیدا وه شک ده‌به‌م! ئه‌ی بۆ پێم وا بوو من مرۆڤێکی ساغم؟ ئه‌م بابه‌تانه‌ی سڵامه‌تی تووشی فۆبیام ده‌که‌ن!
ئاوا به دیتنی تی وی به‌شێکی زۆر له رۆژه‌که‌م پڕ ده‌که‌مه‌وه بێ ئه‌وه‌ی چاو له ریزی کاره‌کانی ناته‌واو بکه‌م... کات هه‌ر دێت و خێرا تێپه‌ر ده‌بێ.
ئێستا گه‌نمیله‌م نه‌دیتوه، به‌لام هه‌موو شه‌وێ خه‌ونی پێوه ده‌بینم... هه‌موو خه‌ونه‌کانم په‌رۆشن، له هه‌مووان دا به‌ڵایه‌ک به سه‌ر گه‌نمیله دێت... ئه‌م هه‌موو نیگه‌رانیه له کوێ‌را دێت؟ بابه‌تی سڵامه‌تی و دوکتوران بۆ باسی ئه‌وه ناکات بزانم خه‌ونه‌کانم سروشتین یان مۆشکیله له منه؟ کات که‌مه و به‌م هه‌موو دڵه ڕاوکه‌یه به سه‌د ساڵ تێپه‌ر ده‌بێ و ئه‌وه منم و کات و دوو پێوانه‌ی تێپه‌ر بوون.
::link::