خه‌ریکی رێک و پێک کردنی شته‌کانی گه‌نمیله‌م. ته‌خت و جێ و بانیمان دامه‌زراندوه و به سه‌ر ریزی ئه‌م شتانه‌ی پێویستێتی دادێمه‌وه نه‌کا هیچم له بیر چێت. ساكی بیمارستان ده‌مێکه ئاماده‌یه و جل و به‌رگه‌کانی تاقه‌ت کراون. بیر له بوخچه و سندووقی دایکم ده‌که‌مه‌وه ، بۆ دیتنه‌وه‌ی کوته لیباسێک بۆ هه‌ر کاممان، هه‌موو بوخچه‌کان ده‌کرانه‌وه و دڵ و گورچیله‌ی سندووقی ئاسنی دایکم ده‌هاته ده‌رێ. ئه‌وه جێژنه‌ی منی مناڵ بوو که له ناو بوخچه‌کانی دایکم دا، هه‌ر جاره‌ی شتێک هه‌بوو ببێته هۆی خۆ خافلاندنی من و سه‌رئێشه‌ی داێکم که هه‌رچی ده‌گه‌ڕا هیچی نه‌ده‌دوزییه‌وه! سه‌رده‌مێک بوو داێکێک بوو و سندووقێکی ئاسن و یانزه مناڵ! ئێستا ئه‌وه منم داێکێکی چاوه‌رێ و کۆڵێک شڕه و بڕه بۆ مناڵێک که ئێستا نه‌هاتۆت. تازه هه‌موو جارێ وه‌بیر خۆم دێنمه‌وه که مناڵی من نابی زۆرتر له پێداویستی خۆی شتی هه‌بێ... به‌ڵام پێداویست به کام پێوانه؟ هی ئێستای من؟ هی منی مناڵ؟ هی داییکم؟ یان "خه‌ڵکی پیراها"؟
پێم وا بوو هاتنی مناڵی خۆم ئه‌وه‌نده تاێبه‌ت نابێ، چوون هه‌میشه له ماڵێکی قه‌ره‌باڵخ دا ژیاوم که مناڵ به دوای مناڵ دا هاتوون و گه‌وره بوون و مناڵی نوێ جییان گرتوونه‌وه. به‌ڵام دوێنێ شه‌و که بۆ هه‌وه‌ڵ جار له لای ته‌خت و جێ و بانی گه‌نمیله خه‌وتم، هه‌ستێکی سه‌ێرم هه‌بوو، هه‌ستێکی تاێبه‌ت که من ئه‌وه ده‌بمه دوو! که‌سێک دێت که بۆ هه‌میشه به‌شێکه له من! هه‌ستێک پڕ له ترس و خۆشی.... بڵێی من داێکێکی باش بم؟
هاوکاره‌که‌م مه‌دوو ده‌ڵێ تۆ پاشه به‌ره‌ی، ده‌بێ خووشک و براکانت چه‌نده زه‌وقیان هه‌بێ بۆ منالی تۆ! ده‌ڵێم به پێچه‌وانه ، هه‌موو من به شێت ده‌زانن که ئه‌وه خۆم تووشی ده‌رده‌سه‌ر کردووه... مناڵه‌کانی ئه‌وان هه‌موو گه‌وره بوون و به‌شێکیان بوونه نه‌نک و باپیر... پێیان وایه ژیانی بێده‌رده‌سه‌ری خۆم له خۆم تێکداوه.... به‌ڵام تا بڵێی خوشکه‌زا و برازاکانم زه‌وقیان هه‌یه بۆ دیتنی گه‌نمیله! ئه‌وه‌ش ده‌وری زه‌مانه‌یه، خۆشێک که من بۆ هاتنی ئه‌وانم ده‌کرد، ئێستا ئه‌وان بۆ گه‌نمیله ده‌ێکه‌ن ! گله‌یه‌ک ئاوا نامێنێ!
کاتی چاوه‌رێ بوون هه‌ر دێت و که‌متر ده‌بێته‌وه، به‌ڵام خاوتر تێپه‌ر ده‌بێ...
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر