گووتی: نه‌نه خه‌یاڵیش بۆخۆت سڵامه‌ت...
نه‌نه خه‌یاڵیش مرد!.. هه‌رچه‌ند زۆر له مێژ ساڵه هه‌موو چاوه‌رێی رۆیشتنی ده‌كه‌ن به‌ڵام دیسان بیستنی خۆش نه‌بوو...
هه‌ر جاره‌ی لێمان ده‌پرسی نه‌نه ته‌مه‌نت چه‌نده؟ ده‌یگووت: رۆڵه چووزانم خۆ نازانم كه‌ی له داییك بووم، خۆ قه‌ت داییك و باب و خزمی خۆم نه‌دیتووه بزانم كه‌ی بووم؟
ده‌ڵێن 100 ساڵی له مێژ بوو تێپه‌ر كردبوو به حیسابی ئه‌م شناسنامه‌ی كه خۆی به پێی خۆی وه‌ریگرتبوو... نه‌نه خه‌یاڵ كتێبێكی مێژووی زیندوو بوو ...
بۆخۆی ده‌ێگێراوه كه ئه‌و كاته‌ی ده‌چێ بۆ شناسنامه وه‌رگرتن ژنێكی ته‌واو بۆ و كابرای میرزا نێوی ده‌پرسێ، ده‌ڵێ ناوم خه‌یاڵه، كه داوای ناوبانگ و بنه‌ماڵه‌ی ده‌كا، ده‌ڵێ كه‌سم نییه نازانم هی كام بنه‌ماڵه‌م... كابرا چاوی لێده‌كا و له به‌ر جوانی ئه‌و ناوی ده‌نێ " خه‌یاڵی قه‌شه‌نگی" ...
ده‌ێگووت به زه‌حمه‌ت وه‌بیرم دێت مناڵێكی 4 ساڵانه ده‌بووم ئه‌وكات كه جیرانه‌كانمان دوای مردنی داییك و بابم، شه‌وێ منییان به كۆڵی براكه‌م به‌سته‌وه و به‌ڕه‌یان كردین بۆ لای شار، نه‌كا مامه‌كانمان له سه‌ر ئیرس و میراس بمانكووژن... له شار براكه‌م منی له به‌ر ده‌رگای مزگه‌وت به جێ هێشت و خۆی رۆێشت و قه‌ت نه‌مدیته‌وه...
بنه‌ماڵه‌یه‌ك هه‌ڵی ده‌گڕنه‌وه و تا ئه‌و كاته‌ی به مێردی ده‌ده‌ن رایده‌گرن و وه‌كوو كچی خۆیان به‌خێوی ده‌كه‌ن...
میرد كردن به‌دبه‌ختی و ته‌نیایی ئه‌و زۆرتر ده‌كا و چوون مناڵی نابێ زوو ته‌ڵاق ده‌درێ...
لێمان ده‌پرسی : نه‌نه چه‌ند مێردت كردووه...
ده‌یگووت: نۆ مێردی مفید و مووخته‌سه‌ر!!!
7 مێردان ده‌كا و هه‌ر مێرده له سه‌ر نه‌زۆكی و بێ كه‌سی دوای مه‌ودایه‌ك جێی دێڵێ یان خۆی ئامانی پێ هه‌ڵده‌گیرێ و جێیان دێڵێ...مه‌ودای نێوان ئه‌م مێردانه‌ش دێته‌وه ماڵی مه‌لای و یارمه‌تی مه‌ڵاژن ده‌دا كه مناڵی زۆر بۆ و هه‌میشه نه‌خۆش... وه‌ك ده‌ڵێین هیچ پیاوێك كاتی دروێنه و خوری ده‌ره‌قه‌تی نه‌نه خه‌یاڵ نه‌هاتووه و به ئازایی خۆی هه‌مووانی به‌زاندووه...
مه‌لا ژنی هه‌میشه نه‌خۆش و مینداڵدار بیر ده‌كاته‌وه ئه‌وه خه‌یاڵ زۆر ئۆگری مناڵه‌كانێتی و زۆریش یارمه‌تیده‌رێتی و نه‌زۆكیشه با نه‌هێڵێ چی دی شوی بكاته‌وه و جورێك راێگرێ له لای خۆی!! بۆیه ئه‌و كاته‌ی خه‌یاڵ به ته‌مای مێرد كردنه‌وه‌یه، داوای ده‌كا بۆ مه‌لا و ده‌ێكاته هه‌وێی خۆێ!... ئاوا ده‌بێ كه نه‌نه خه‌یاڵ ده‌بێته نه‌نكی من!
نه‌نه خه‌یاڵ سه‌هله باب و مامه‌كانم، خوشك و برا گه‌وڕه‌كانی منیش به‌خێو ده‌كا و له دایكه‌كانیان باشتریان پێ راده‌گا... بۆیه هه‌موو نه‌نه‌یان خۆش ده‌ویست... دوای مردنی مه‌لا، نه‌نه خه‌یاڵ داواكاری ده‌بێ و نه‌نه دیسان له ته‌مه‌نی 70 ساڵه به بووك ده‌چێ ، به‌ڵام ئه‌و جاره زڕ مناڵه‌كانی جه‌یازی بۆ ده‌كڕن و كه‌سێكی ده‌بێ به سه‌ردان بێته‌وه لایان...
نه‌نه قه‌ت به بێ شیرینی نه‌ده‌هاته ماڵی ئێمه... مام حه‌وڵای ده‌نارد كه تازه‌ترین شیرینییه‌كانی خۆمایزی بۆ بكرێ و له بوخچه‌یه‌ك دا قودو شیرینی ده‌پێچاوه و به كۆمه كۆم ده‌هاته ماڵی ئێمه... تا ئه‌و جێگه‌یه‌ی بزانم تاقه پیرێژنی مه‌شره‌ف خۆش بوو كه دانی زۆرتر له‌گه‌ڵ مناڵ و گه‌نجان ده‌كوڵا تا پیرێژنه‌كانی تر....
ئه‌وه‌نده‌ی نه‌نه به‌دبه‌ختی و بێ كه‌سی دیتووه و ئه‌وه‌نده‌ی ئه‌و له ژیانیدا چه‌وساوه‌ته‌وه و كاری كردووه، هه‌ر كه‌س له جێی با ده‌فه‌وتا، به‌ڵام نه‌نه هه‌میشه دڵی به ژیانه‌وه خۆش بوو... چه‌ند ساڵ پێش كه زۆر نه‌خۆش بوو، بۆ دا‌و و ده‌رمان بردمانه لای خۆمان ... له به‌ر ژان و ئازاری خۆی خه‌وی لێ نه‌ده‌كه‌وت، گووتم نه‌نه فیڵمت بۆ دانێم چاوی لێ ده‌كه‌ی؟ گووتی فیڵمم ناوێ گۆرانیم بۆ دانێ... گووتم ده‌نگی كێت پێ خۆشه؟ گووتی هی ئه‌و كچه‌تیوه فرتۆله "گوگوش"... دڵم پێی روون ده‌بێته‌وه، ئه‌وه‌نده ناسك و نازداره، ئه‌گه‌ر مردیشم هه‌ر گۆرانی ئه‌وم بۆ دانێن له گۆڕ دا ده‌حه‌سێمه‌وه...
نه‌نه رۆحت شاد.. ئه‌گه‌ر له لات بام گوگوشم بۆ داده‌نای بحه‌سێیه‌وه...
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر