كوردۆ خه‌ریكه ڕێكخراوه‌یه‌ك بۆ بڵاگچیانی كوردی ئینگلیسی‌نووس پێك بێنێ، هه‌ر كه‌س ئینگلیسی بۆ دێت خۆی و وێبڵاگی خۆی بناسێنێ به كوردۆ... به‌س شتێكی من تێیناگه‌م ئه‌وه‌یه: ئه‌م بڵاگنووسانه ده‌بێ هه‌ر باسی سیاسه‌ت بكه‌ن یان هه‌رچی بنووسن هه‌ر حه‌ڵه؟
پار و پێرار منیش ده‌ستم پێكرد به ئینگلیسی بنووسم به‌ڵام زوو وازم هێنا، له لانێكه‌وه به ئینگلیسی نووسین بۆ خۆم باش بوو، هه‌ر ئه‌و جوره‌ی به كوردی نووسین زۆر شتی له بابه‌ت زمانی كوردیه‌وه فێر كردم، ڕه‌نگ بوو نووسین به ئینگلیسیش یارمه‌تیده‌ری زمانی ئینگلیسیم بێ، به‌ڵام وازم هێنا... ته‌مه‌ڵی و 1000 ده‌ردی بێده‌رمانیتر... ئێستاش نه‌چۆ بچێ ئه‌وه كوردۆ و ئه‌وانیتر ئیمه ده‌ناسێنن به دونیای وێبڵاگ! هیوادارم هه‌ر وا به‌رده‌وام بن.
دونیا ئێستا به هۆێ مێدیای به‌ربڵاو وه‌ك ئینتێرنێت زۆر بچووكتر بۆته‌وه، سه‌ربه‌ستی به كار هێنانی ئه‌م مێدیایه ئه‌وه‌نده زۆڕه كه زۆڕێك له سیاسه‌ته‌كانی دونیای تووشی ئاڵ و گۆڕ كردووه، بۆ وێنه هه‌ر له شه‌ڕی ئا‌مریكا و ئێراق، سه‌ربه‌ستی ئینتێرنێت زۆر شتی داپۆشراو وه‌ك ئه‌و كاره‌ساته‌ی له زیندانی ئه‌بوو غه‌ریب قه‌وما، به دونیای ناساند... ئه‌وه لانی باشی به كار هێنانی ئه‌م مێدیایه‌یه.
ڕه‌نگه نووسینی كورده‌كان به ئینگلیسی كه زمانی ئینتێرنێته، ئه‌و هه‌له‌ی پێكبێنێ بۆ كردنه‌وه باس و خواسێكی چه‌ند لایه‌نه له سه‌ر ئه‌وبابه‌تانه‌ی ئێمه به لامانه‌وه گرینگه!
به‌ڵام گرفتێكی من ده‌گه‌ڵ به زمانیتر نووسین له جێی(نه‌ك ده‌گه‌ڵ) به كوردی نووسینم هه‌یه ئه‌وه‌یه كه: كورد ئه‌وه‌نده‌ی بۆ ئه‌وانیتر قسان ده‌كا بۆخۆی قسان ناكا؛ ئه‌وه‌نده‌ی به ته‌مایه خۆی به ئه‌وانیتر بناسێنێ، خۆی بریارێ نادا خۆی بناسێ؛ ئه‌وه‌نده‌ی چاوه‌رێی ده‌ستگرتن و یارمه‌تی ئه‌وانیتره خۆێ حه‌وڵ نادا خۆێ ڕزگار بكات... ڕه‌نگه ئه‌وانه هۆی ئه‌و بازنه داخراوه بێ كه كورد تێیدا دێ و ده‌چێ بێ ئه‌وه‌ی ڕزگار بێ.
۱۳۸۳/۰۳/۱۴
اشتراک در:
نظرات پیام (Atom)
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر