به مناڵی زۆرترین لێدانێ وێم که‌وتووه له سه‌ر حه‌مام چوون بووه... نه له به‌ر ئه‌وه‌ی دایکم گوته‌نی "سافه چڵکن" * بم، به‌ڵکو له به‌ر ئه‌وه‌ی ڕقم له حه‌مامی ده‌رێ بوو!
کات کاتی شه‌ڕێ بوو و نه‌وت و سووته‌مه‌نی به گولله‌ش وه‌گیر نه‌ده‌که‌وت، هه‌ر بۆیه تا ڕۆژێک ته‌ق و تۆق که‌م ده‌بووه بوخچه و ساک ده‌پێچرایه‌وه و یاڵا بۆ حه‌مام! له به‌یانی ڕا تا شه‌وێ ده‌بوو ڕاوه‌ستی تا نۆره‌ی حه‌مامت بێ ئه‌ویش ئه‌گه‌ر هاتبا یان ئاشنایه‌کت هاتبا به‌ر چاو و 7-8 که‌س به یه‌که‌وه چووبانه ناو ژوورێکی تاکه‌که‌سی و 2-3 ساعه‌ت دوایه هه‌موو وه‌ک چه‌وه‌نده‌ری سوور هاتبانه ده‌رێ... ئه‌گه‌ر ده‌گه‌ڵ دایکم که‌وتبام بۆ حه‌مام( یانی گوێ ڕاکێشابام به دوی خۆیدا) ئه‌وه مه‌حته‌لی نه‌بوو و یه‌کڕاست بۆ ژووری عومومی(گشتی) ژنان ده‌چووین!
له مناڵییه‌وه کاتێک باسی جه‌هه‌نه‌م و ئاخر زه‌مان ده‌که‌ن، من جه‌هه‌نه‌مم هه‌ر وه‌ک حه‌مامی عومومی ژنان دێته به‌ر چاو(ده‌زانم زۆرتان پێتان وایه ئه‌وه به‌هه‌شته!)! 3 دۆش له سێ سووچی ژورێکی 30 میتری، 30-40 ژن و منداڵ له پاڵ یه‌کدا، ده‌نگی هه‌را و قیژه، بۆنی خه‌نه و سابوونی مه‌راغه، شه‌ر له سه‌ر نۆبه‌ی دۆش و نوقورچه‌ی دایک کاتی شوشتن و هه‌ڕه‌شه‌کانی که خۆت پیس نه‌که‌یه‌وه! و مناڵێک که له ناو ئه‌م جه‌هه‌نه‌مه‌دا خه‌ریکه وه‌زگ بدا و له خوایه‌تی زوو وه دیوی ده‌رێی نێن و به‌شه کولێره‌ی خۆی له ژنی حه‌مامچی وه‌رگرێ که تاقه به‌شی خۆشی حه‌مام چوون بوو!
هه‌رچی له به‌ر دایکیشم پاڕابامه‌وه که بچین بۆ ژووره‌کانی تر و له نۆبه‌دا ڕاوه‌ستین سوودی نه‌بوو! ده‌ێگوت ئه‌وی که‌چه‌ڵ و گووله ده‌چێته ژووری ئاوا و ژووره‌کان پیسه! ناچار منیش خۆمم مات ده‌کرد تا خوشکه‌کانم ساز ده‌بوون بۆ حه‌مام و له پێش ئه‌وان بۆ حه‌مام چوون ساز بووم، ده‌گه‌ڵ ئه‌وان به پێی خۆم ده‌چوومه ژوور و له سه‌ر ده‌ستان به بێهۆشی ده‌هاتمه ده‌رێ... ژووری که‌چه‌ڵ و گوولان ئه‌وه‌نده گه‌رم ده‌بوو که تاقه‌تم نه‌ده‌ما و بێهۆش ده‌بووم... ده‌ی دیاره خوشکه‌کانم یا ده‌بوو هه‌ر ئاوی سارد به‌رده‌ن یا به دزی من بچنه حه‌مام که ڕێی دووهه‌م باشتر بوو و من ده‌مامه‌وه و دایکم و حه‌مامی ژنان!
به هه‌ر شێوه‌یه‌ک بوو دایکم نه‌یهێشت "ڕشک و ئه‌سپێ هه‌ڵێنم" و له "چڵک دا بڕزێم" به‌ڵام چه‌ند ساڵ دوایه که گه‌وڕه‌تر بووم و هه‌موو ڕۆژێ خۆم خۆمم ده‌شووشت دایکم هه‌ر پێی وابوو که خۆم "پشیله شۆر" ده‌که‌م بۆیه "سپی" نابمه‌وه!
ئێستا که ده‌چمه شوێنی خۆگۆڕین و دۆشی وه‌رزش هه‌ر وه‌بیر حه‌مامی ژنان ده‌که‌ومه‌وه، ئه‌و هه‌را و قیژه‌یه نییه، له جێی 3 دۆش 10 دۆشی لێیه، خه‌نه و سابوونی مه‌راغه‌ش نییه به‌ڵام پڕه له ژنی ڕووت! هه‌ر وه‌ک ئاخر زه‌مان!
..................
سافه چڵکن: گۆیا ناوی کابرایه‌کی چڵکن بووه، نازانم وایه یا نا، به‌ڵام یانی چڵکن!
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر