یاریه‌ك هه‌یه مابه‌ینی من و مانگ... هه‌وه‌ڵ جار كه زانیم مانگیش حه‌زی له یاریه، مناڵ بووم... ئه‌ونده مناڵ كه گۆشه‌ی چارشێوی دایكم به‌ردابا، ون ده‌بووم..
دایكم گوتی: كاری خوڵای چه‌ند جوانه، ئه‌و مانگه وڵاتی ئاوا رووناك كردووه... دیاره له به‌ر خۆی قسه‌ی ده‌كرد و ده‌گه‌ڵ منی نه‌بوو...ئاوڕم داوه كاری جوانی خوڵای ببینم... مانگم دی به هه‌موو هێز و توانای خۆی ده‌دره‌وشاوه و زه‌ق زه‌ق چاوی لێده‌كردم...دیتم بۆ هه‌ر كوێه‌ك ده‌چم به دوام دا دێت... هه‌ر به‌م جۆڕه‌ی من داوێنی چارشێوی دایكم به‌رنه‌ده‌دا ئه‌ویش منی به‌رنه‌ده‌دا ... له نیسێیه‌كه‌م را ده‌مزانی به دوامه‌وه‌یه... هه‌نگاوه‌كانم تووندتر كرد به‌ڵكو به‌جێ بمێنێ... نه‌خێر! ئه‌ویش تووندتر به‌دوام دا هه‌ڵده‌هات... چومه ژێر چارشێوی دایكم و پشتاو پشت ده‌رۆێشتم بزانم كه‌ی جێ ده‌مێنێ... دیتم ئه‌ویش پشتاو پشت به‌دووم دا دێت! ویستم له ژێر چارشێوه‌وه بچمه پێش دایكم كه چی دایكم ده‌نگی دام: جوان برۆ، مه‌یه به‌رلاقم!
تریفه‌ی مانگه شه‌و له ڕه‌شایی چارشێوه‌كه‌وه هاتبوو ژووره‌وه، ویستم ده‌ری كه‌م ، پاڵم به چارشێوه‌كه‌وه نا تا تریفه‌ی كز و كزتر بێ... دایكم گووتی: چارشێوه‌كه‌م مه‌كێشه...
گه‌ڕامه‌وه پشته‌وه... تا ئێستا من هه‌ڵده‌هاتم و مانگه‌شه‌و به دوام دا هه‌ڵده‌هات، ئه‌ی ئه‌گه‌ر من هه‌ڵێم به دووی دا چ ده‌بێ؟ خۆم مات كرد و یه‌كجێ له‌په‌ڕ را بێ ئه‌وه‌ی مانگ بزانێ ڕام كرد به دووی دا... من هه‌ڵاتم، مانگیش هه‌ڵات و چارشێوی دایكیشم هه‌ڵات و له سه‌ری كراوه! هاواری دایكم به‌رز بوو: كچێ ناڵێم دامه‌زرێ!
چارشێوه‌كه‌ی به سه‌ر داداوه و چه‌پۆكێكی سه‌بر به سه‌ری من دا!
مۆڕه‌یه‌كم له مانگ كرد، هه‌موو خه‌تای ئه‌و بوو... ئه‌و به‌دفه‌ڕی ده‌كرد و كه‌س به خه‌تاباری نه‌ده‌زانی و ده‌بوو به كاری جوانی خوڵا!... من هاتم وه‌ك ئه‌و بكه‌م چه‌پۆكێكم وه‌به‌ر كه‌وت! له دڵی خۆم دا گوتم :راوه‌سته ئه‌مشه‌و نه‌بوو به‌ڵام شه‌وێكی تر ده‌تبه‌زێنم تا تۆش چه‌پوكێكت به‌ر كه‌وێ!.........
له‌م كاته‌وه ئه‌وه یاریه‌كه مابه‌ینی من و مانگ...به‌ڵام قه‌ت نه‌متوانی مانگ ببه‌زێنم!
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر